هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

“فەرەنجی پوشم بو هەموو ئارامەکانی کوردستان نوسیوە” /روناک فەرەج رحیم

بیرمە ساڵانی 80 كان زاینی شیعری فەرەنجی پۆش كەبەدەنگی هونەرمەند نەجمەی غولامی دەوترا یەكیك لەگۆرانیە خۆشەكان بوو زۆربەمان لەباشوری كورددستان وامان دەزانی بۆ شەهید ئارامی خۆمان وتراوە ؟ پاش راپەرین كەوتە بەرگوێم كە ئەمە خوشكی شەهیدێكی كۆمەڵە ی ئیران نوسیویەتی, لەدڵەوە تامەزرۆی ناسینی ئەو خانمە بوم هەربۆیە داوام لە هاورێم ناهید بەهمەنی كرد هاوكاریم بكات و ناو و ژمارە تەلەفۆنەكەی بۆپەیدا كردم پەیوەندیم لەگەڵی دروست كرد.ئەو ژنە ناوی” حوری غەمیان”ە كە لەگەرەكی ئاغا زەمانی سنە لەدایك بوەو ئێستا دانیشتوی بریتانیایە.

قسەكردن لەبارەی شیعری فەرەنجی پۆش بۆ “حوری”گەرانەوەیە بۆ رۆژانی نوسینی ئەم شیعرە, هەڵگەرانەوەیە بەویادەوەریانەی ساڵانێكی دورودرێژە نەیویستوە دەرگاری كلۆم كراوی روحی لەسەر بكاتەوە,هەر وەك تارماییەكی بێدەنگ حوری داگیركردوە وئەمرۆ دوای تێپەرینی ئەو هەموو ساڵە ئاورێك لەو روداوانە دەداتەوە كە سەرلەبەری ژیانی خۆی و خانەوادەكەی گۆری.ئەووەك خۆی دەڵێت هیچ كات بەخەیاڵیدا ئەو بیرە گوزەری نەكردبوو روژێك بێت خێزانە گەرم و گوروقەرەبالغەكەی لەیەك بترازیت, ترازانێكی ئازار بەخش كە برینێكی ئەوەندە قوڵی لەدەرونیدا بەجێهێشتوە كە بەدرێژای 32 ساڵی رابردو سارێژ نەبوە.

حوری غەمیان سالی 1358بە سەرەتای رەشەكوژی وخوێناویكردنی شاری سنە و لەكەمەرەوە برینی خانەوادەكەی ناودەبات , ئەو دەڵێت كە لەو هەژان و راپەرینەی شاری سنەدا ئەسعەدی برام كە بە نازناوی ئارام لەناوپێشمەگەدا ناسرابوو چوەتەریزی پێشمەرگەكانی كۆمەوڵەوە, براگەوەرەكەشی حاجی مسعود بوەتە یەكێك لە باوەرپێكراوەكانی حكومەتی ئیسلامی ئێران وچاوساغی پاسداران بۆ كوشتن ودەستگیركردنی شۆرشگێرانی سنە, هەروەك چۆن ئارام شەهیدێكی لەبیر نەچووە لەیادەوەری خەڵكی شاری سنەدا ئەو برایەشی بۆ ئەو وزوڵم و ستەمانەی ئەنجامی داوە لەیادەوەری خەڵكی ئەم شارە دەرناچێت. حوری ئێستاش ئەو ئازارە دەیكروژێت كە لەوچەند جار سەردانەی بۆلای ئارامی برای تەنها خەم وتورەییەكانی شەهید ئارام لەبرا جاشەكەی بوە.

حوری زۆر ئازایانە روبەروی حاجی مەسعودی برای دەوەستیتەوە و ئەم روبەروو بونەوەیە لەرۆژانی رابونی رۆژهەڵاتدا باوەرو ئیرادەی دەویست هەر بۆیە حوری لەپای ئەم هەڵوێستەی سەختی زۆری دیوە بەڵام خۆراگر بوو لەسەر باوەرەكەی تائەوشوێنەی كەتیرۆركردنی براكەی بە سزایەكی رەوا دادەنێت …..
حوری كە چرۆی باوەرەكانی بۆ وەستانەوە لەدژی زولم لەگەڵ نوسینی شیعری فەرەنجی پۆش چەكەرەی كرد كاتێك دێتە سەرباسكردن لە نوسینی شیعری فەرەنجی پۆش بە غەمگینیەوە دەڵێت ” من شاعیر نەبوم تەنها حەزم بە خوێندنەوەی شیعر بو”. نوسینی ئەم شیعرە دەگەرینێتەوە بۆئەو پەیوەستیە رۆحیەی بەئارامی برایەوە هەیبوە كە برایەكی هێمن ودلسۆزبوە بۆ خانەوادەكەیان هەستی كردوە كەبەشێكە لەرۆحی. ئەو باس لەوە دەكات كاتێك پێشمەرگەی كۆمەڵە لەشار دەردەچێت رودەكەنە گوندەكان چەندین جار بەتەنها سەردانی دەكات دواجار ئەوهەفتەیەی خۆی ئامادە دەكات سەردانی بكات هەر لەو هەفتەیەدا هەواڵی شەهید بونی رادەگەیەنرێت, ئەودەڵیت ” من و دایكم زۆر دل خۆش بوین دایكم پوزەوانەی بۆچنی و منیش رانكوچۆغەو فەرەنجی وئەوشیرینیەی حەزی لیدەكرد بۆم ئامادەكرد,خە ریكی خۆئامادە كردن بوم بۆ لای بەڵام هەر لەو كاتەدا رادیۆی كۆمەڵە هەوالی شەهید بونی ئارامی خوێندەوە. ئەوباس لەوە دەكات كە لەگەڵ ئەوەی پاسدارەكان ترس و وەحشەتیان بەسەر ناوچەكەدا بڵاو كردبۆوەو كوچەو كۆڵانەكان چۆل و بۆنی خوێنیان لێدەهات ئەم بەتەنها ملی رێ دەگرێت بۆلای ئارام ودەڵێت “پاسدار هەموو لایەكی تەنی بوو زیندانەكان پربون لەكوروكچ , ناوچەكان ترسناك بەشەو دێ بەدێ رۆشتم گەشتمە گوردانێكی كۆمەڵە وبردمیان بۆسەرگورەكەی ئارام لە لەگوندی “سیسارك”كە گوندێكی بچوك بوو چەند مالێكی لیبو”.

ئەو ئێستاش كاتێك باس لەو كاتەدەكات كەچووەتە سەر گۆرەكەی ئارام ساتێك بێ دەنگ دەبێت و دەڵێت ” كەچومە سەرگۆرەكەی هەموو قسەكانیم بیركەوتەوە, چاوەرەش وبرژانگە درێژەكانی لەپێش چاوم بوو بەجۆرێك دەرونم جۆشی دەدا لەگەرانەوەم هەربەرێگەوە شیعری “فەرەنجی پۆشم” بۆهات هەر ئەو شەوە گەشتمە ماڵەوە هەرچی لەمێشكمدا بوو نوسیم هاورێیەكم بە ناوی شاروخ پیاچوونەوی بۆ رێنوسە كوردیەكەی كرد”,حوری پاش بڵاوبونەوەی ئەم شیعرە دەخرێتە ژێر چاودێری ئیتلاعات بەڵام بەڵگەیان نابێت بۆدەستگیركردنی تائەوكاتەی كە پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە بەناوی خەسرەو رەشیدیان شەهید دەبێت بنەماڵەكەی ناتوانن پرسەی بۆدانێن ئەمە بۆحوریە زۆر سەخت دە بێت و دەڵێت” ئەقرەم لیبرابوو چۆن شەهید بونی پێشمەرگەیەك بەبێدەنگی تێپەرێت بۆیە كۆبونەوەیەكم لەماڵی خۆمان رێكخست بەڵام پێم وانەبوولەو كاتەدا كە هەموو شتێك لەژێر چاودێری ئیتلاعاتدا بوو ئەو هەموو ژنە بێن كە زیاد لە250 ژن هاتن بۆماڵمان و من وشیعر م بۆشەهید خەسرەو خوێندەوە پاش ئەوە دەستگیریان كردم”.

وەك خۆی باس دەكات لەو زیندانە تاریكە دا هاواری زیندانیەكان رۆحیان هەڵتەكاندبوو لەزیندان ئەشكەنجەیەكی زۆری دەرونی هەبوە. 41 رۆژ لە ژوری ئینفرادی دایدەنێنن,ئەۆ دەڵت ” شەوێك پاسدارێك كە بەرپرسی كەیسی من بو پێی وتم “گەر نەنوسیت ئەندامان وبەرپرسی تەشكیلاتت كێیە بەگیانی خومەینی بێناموست دەكەم واتە دەست درێژی دەكەمە سەرت”,ئەو شەوە بۆئەو زۆر سەخت دە بێت و دەڵێت” ئەزمونی باوەرەكانم بوو نە ملم بۆبراكەم كەچ كرد و نە روم كردە غەیبانیەت و داوای شەفاعەت بكەم بۆیە بیرم لە خۆكوشتن كردەوە دەمارێكی دەستم بری هەرچەند ئەو كاتە گەنج بوم گەر ئێستا بوایە بیرم لەخۆكوشتن نەدەكردەوە چونكە دەست درێژیش بەشێكە لەئەشكەنجە.

پاسدارو ئەشكەنجەگەرەكان كەبێ هیوا دەبن لێ ی دایگوازنەوە بۆ بەشێكی تر لەزیندان كە 9 ژنی لێبوە كە بەجۆرەها ئەشكەنجەی قورس درابون هەر لە دەست دریژی وتابە ئەشكەنجە بەحوكمی ئیسلام كە ئەویش لێدانی 71 كێبڵ لەبنی پای چەند مانگ پاش ئەمە لەزیندان ئازادی دەكەن بەدوو مەرج یەكەم لەسنە بروات, دوەم شوبكات چون بەپێ قسەی پاسداران ” لەبێ شوی وادەكات”!!!! حوری دەڵێت ” رۆشتن لەسنە زۆر سەخت بوو بۆم بەڵام ناچاربوم ماڵەكەمانم هەراج كردو تەواوی ئەو شتانەی منی دەبەستەوە بە عەزیزەكان و شارەكەم كردە دووجانتاو رۆشتم بۆتاران”.

حوری وەستان لەپای باوەرەكانی جارێكیتر روبەروی گرتنی دەكاتەوە, ئەو كاتەی ژنێكی فارس لەتاران داوای هاوكاری لێدەكات بۆدۆزینەوەی گۆری كورەكەی كە پێشمەرگەی كۆمەڵە بوە وشەهید كراوە . ئەو لەگەڵ ئەوەی كە باش دەزانێت جاریكتر دەستگیركردنی سزاكەی قورستر دەكات هاوكاری ئەم دایكە دەكات ودەڵێت” لەگەل ئەم دایكە چومو گۆرەكەمان دۆزیەوە شوێنی گۆرەكەش خراپ بوو گورێكی ترمان بۆهەڵكەند و خستمانە ناوی”. لەگەرانەوەدا لەسەقزدەستگیریان دەكەن دەیخەنە زیندانەوە ئەمجارە 97 رۆژ لە ژوری ئینفرادی وئەشگەنجەی دەرونی زۆری دەدەن و 4مانگ ونیو لەزیندان دەبیت هیچ شتێك نادركێنێت ئەم جارە بە كەفالەتی خانوی خوشكەزایەكی ئازادی دەكەن. ئەو دەلێت ” بەخۆمیان وت بۆزیندانی ئەوینت دەبەین بەڵام كە لەزیندانە كە هاتمە دەرەوە دەبینم خەڵكێكی زۆر لە ژن وپیاوی سنە بەگوڵەوە هاتونەتە پێشوازیم”.

پاش ئازادبونی بەلەچكێكی رەش ومانتۆیەكی دریًژ لەتەنیاییەكی تەواودا لە گەرەكی تەپەی كەرباسی ژیان دەگوزەرێنێت.جاریكتر رژیم هەولی دەستگیركردنی دەدات بۆیە بەرەوتوركیا هەڵدێت و پاش چەند مانگیك دەگاتە لندن لەوێ خوێندن دەستپێدەكاتو و لەزانكو فۆتۆگراف تەواو دەكات .
حوری غەمیان نمونەیەكە لە خۆراگری و فیداكاری , ئەو نوێنەری راستەقینەی ژنانو كچانی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە شان بە شانی پیاوان دەرسی كۆلنەدانوخوراگریان بە نەوەی نۆی شۆرشدا . حوری غمیان هەڵگری دوو خەمو هاوكات مقاۆمەتێكی بێوینە دەكات هەم بەرانبەر بە دوژمن و لەوە قۆرستر بەرانبەر بە برایەك كە بەرانبەر گەلوو نیشتمان وەستاوە و هاوكاری بكوژانی خەڵكو شۆرشگێرەكانە.

لەوانەیە رەمزی جوانی و گیرایی شیعری ” فەرەنجی پۆش” لەوەدا بێت كە لە دڵێكی سوتاو و هەستێكی ئاسمانی خوشكانە و ئیرادەیەكی پۆڵایین بێت كە یەك جار بۆ شەهید ئارامی كۆمەڵەی رۆژهەڵات وتراوە بەڵام لە سەرانسەر كوردستان ببێتە سرودێك بۆ هەموو ” ئارامەكانی ” كوردستان.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …