پاش ئەوەی لەسەر هەوڵی ئەنجومەنی كەمپینی (بەخشش) بنەماڵەی ئەبولقاسمی لەشاری سنە لە بكوژی كوڕەكەیان خۆش بوون، دوێنێ لەگۆڕستان گۆڕی قوربانییەكە گوڵباران كرا.
بە هەوڵی ژمارەیەك كەسایەتی خۆشناوی شاری سنە لە ژێر ناوی ئەنجومەنی كەمپینی (بەخشش) كە لەهەریەك لە: سیمین چایچی، سوهراب جەلالی، فەروخ لەقا موعتەمەد وزیری، فایەق تاشان، موزەفەر ساڵح نیا، موختار زارعیو دلێر ئەسكەندەری پێكدێن، بنەماڵەیەكی سنەیی بەناوی ئەبولقاسمی لێبوردن بۆ بكوژی رۆڵەكەیان دەردەكەن.
تاقە كوڕەكەی خانەوادەی ئەبولقاسمی لە لایەن لاوێكی تەمەن 17 ساڵ بەناوی هێمن هەورامی نژاد كوژرابوو، بڕیار بوو لەسێدارە بدرێت، بەڵام لە رێوڕەسمێكدا بە لێبوردنێك لە خوێنی كوڕەكەیان خۆش بوون.
هەر بۆ ئەم مەبەستە دوێنێ دووشەممە لە گۆڕستانی بەهشت محەمەدی بە بەشداری ژمارەیەك هاوڵاتی ئەو شارە گۆڕی قوربانییەكە گوڵباران كرا.