دوو شه‌ممه‌ 25 تشرینی دووه‌م 2024

پردەکانی جوانی ! / ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی

بۆ یادی نووسەری ڕئالیست ، بیرمەندی هزرڤان  ”  حەسەن قزڵجی ! ”   ئوکتوبری ٢٠١٦  سوید

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی، نووسەرێکی ڕئالیست، ژیر بێژ، و بیرمەندێکی هزرڤان و چیرۆک نووس و کوردی زانێکی شارەزا و ، خاوەن بیری چەپ ، سیکۆلار  و ئەندیشەی ئەنترناسیونالیستی بوو . کورتە چیرۆک  و بەرهەمە جوان و ناسکەکانی ڕەنگین و لە بواری ئەدبی کلاسیکدا داهێنەرانە بوو . حەسەن قزڵجییە  داهێنەری لیهاتووی  “پردەکانی جوانی”  بوو .  لە  نیوان بەرهەمەکانی ” گی دی موپاسان” و حەسەن قزڵچی وێک چونێک هەیە. حەسەنی قزڵجی  کارناس ، لێزان و شارەزای  وشەی کوردی، ئیستێتیک، خاڵبەندی، ڕێنووس  ( ئوڕتۆگرافی ) و دیاردەکانیی ڕێزمانی  وەک: مۆرفیم ، سینتاکس و فۆنیم بووە . ئەگەر چی بیر و بوچونی بەلای حیزبی توودەدا شکابوەوە ، ئەمما لە پلورالیزم ، فرە چەشنی و بیر جیاوازەکان ڕێزی گرتوە.  ئەندامی  کۆمەڵەی ژێ – کاف بووە و، لە  زمانی کوردی ، فارسی ، تورکی ، بولغاری و عەرەبی  فرە شارەزا وبە توانا بووە .  لە گەڵ بەڕێزان : هەژار، هێمن  و زەبیحی خزمەتی گەورەیان بە ئەدەبی کلاسیک و زمانی کوردی کرد و،لە گۆڤارەکانی جمهوری کوردستان  ڕەچەیەکی بەرزیان لە بەستێنی  هۆنراوەشیعر، چیرۆک و پەخشانی زمانی کوردی شکاندوە  .

 

جاڕ بدەن  وە  ناو  کوچەی  شاران دا ،

وە  عیبرەتم  کەن  جە  بازاڕان دا ،

شەرت بۆ  هەر ساعەت  مەیلت  زیاد کەم  ،

خاتر  هەر وە  عەشق  باڵاکەت  شاد کەم !

( خانای قوبادی )

ساڵی ١٩١٣ زاینی لە گوندی قزڵجەی هەرێمی بۆکان لە دایک بووە.  ساڵی ١٩٤٢ ی زاینی ئەندامی کۆمەڵەی  ژێ – کاف  بووە . ساڵی ١٩٨٤ی زاینی  لە زیندانی کۆنەپارێزان و حکومەتی توتالیتری جمهوری سێدارەی ئیسلامی  گیانی بەخت کرد .  ئەمما کار بەدەستان ، رێبەران و حکومەتی سوڤیەت ، نە بۆ مەرگی جەناب حەسەنی قزڵجی و نە بۆ بیرمەندان و ئازادیخوازانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەورانێکی دوور و درێژ لە سیاسەت و ڕێبازی سوڤیەت پشتیوانیان کردوە ، هەڵویستێکی مرۆڤدۆستانە، ڕادیکاڵ، عەدالەتخوازانە و  ئیعترازی یان نە گرتوە و، وەک جاری جاران سکوتیان کردووە .

                        *  *  *  *  *

          زمانی کوردی خۆم فێر بووم و لە ڕاستیدا گوڵاڵە سوورە بووم و لە سەر بەردی ڕەق ڕوام . هیوادارم خوێنەرانی خۆشەویست و زۆر بە ڕێز بە چاوی لیبوردون و لوتفەوە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانم چاو لێ بکە ن و ،لە کانگای دڵمەوە سپاستان دەکەم  . هەنگ ئاسا ئارەزووی مژینی شیلەی  وتارەکانی حەسەن قزڵجیم و، لە کاتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی  جۆرە هەستێکی نادیاری حورمەت و ڕێز گرتن دامدەگرێت. لە یادی سەدویەکەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی نووسەر، تەنیا دەتوانم لە گەڵ ئەم وتارە ، دەستەچینەیەک  پڕ لە گوڵە بۆنخۆشەکانی داوێنی کویستانەکانی هەورامان و پێدەشتەکانی مەریوان پێشکەش کەم .

پۆلبەندی شاکارەکان :

١- بواری ساتیر، ئێرۆنی و ئیستعارە

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی لە پێش ڕۆژگار و قۆناغی خۆێ هەنگاوی  نا و، یاسا شکین ، سوننەت شکین و داب و نەریت شکین بوو . لە نوسراوەکانیدا ، زۆر بە جورئەتەوە ، لە ئامێری ساتیر بە شێوەیەکی شارەزایانە  کەڵکی وەر گرتوە . نووسراوەکانی خیاری گوڵ بەدەم و ناسک و جوانن و تێکهەڵشێلانی کارەساتەکانی دڵگیرانە کردووە . چیرۆکرکان یەک لە یەکتر ناسکتر و جوانترن . نووسراەکانی قزڵجی بەرەوژوور،  تا ئاستێکی بەر دڵگر بەرەو چڵە پۆپەی جوانی  هەڵکشاون و ئامانجیان پێکاوە . نمونە: بازار هەمووی بۆسە، کەمین و حەشارە بە تەنیشت یەکەوە ، لە هەر حەشارێکدا ڕاوکەرێک دەستی داوەتە چەکی نیوگەز، یا تەڵەی تەرازووی ناوەتەوە و یا خۆی مات داوە .  نێچیر وەک لافاو لەم سەرەوە بە ساغی دێن و، لەو سەرەوە کە دەر دەچن هی وایان هەیە نیو گەز گیرفانی دڕیوە و، هی واشیان هەیە کیسەکەی بە تەڵەوە بووە ! هەڵبژاردنی سەر وتارەکان ، لە قاڵبی ئیستعارە و ساتیردا ئاوینەی بالا نوێنی هێژایی و هوشیاری  ئەو نیشان دەدەن .  لە شیوازی دیالۆگ و قسە و باسی ئاژەڵان  زۆر مەبەست و گرفتی کۆمەڵایەتی باس دەکات .  نووسەر تەنها لە دوو دانە لە چیرۆکەکانی یانی عادەتی بازار و سەر فیترە باسی ناکۆکی و ئانتاگۆنیزمی شار دەکات . ئەمە بۆ نووسەرێکی ڕئالیست ، کە ناکۆکیەکانی شارۆمەندانی شاری کەمتر لە بەرچاو بووە خاڵی پۆزیتیڤ نیە  . دەبوا بەستێنی شار ، کەرەسەیەکی چاک بۆ نووسینی چیرۆکی گرانبەها بوایە. دیاردەی کۆچی ڕەنجبەران بەرەو دڕەندەکانی بازاڕی شارەکان، لە چیرۆکەکانی پێکەنینی گەدا و شەهیدی زۆڵمە ، لە چلەپۆپەی دەسەڵاتی زمانەوانیدا   باس کراوە . تەنز و ساتیر وەسیلە و ڕێبازێکی تیژ و چەقۆی لە هەساندراوی نووسەرە ، کە جار ناجار حیکایەتەکانی پێ دەڕازێنێتەوە .  بۆ نمونە لە داستانی خەمڵی پەموو کاراکتیری شەخسیەتەکانی  ئاوا دەناسێنێت : سۆفی قادر بەرپرسی بانگی مزگەوتە،سۆفی نامیق جووتیارە، خانقا بۆ تەهلیلە و خەتم تەرخان کراوە، شێخ بێکار و خەریکی تەزبیح گێڕانە ، مەلال جەلال کرێکاری دینیە و میرزاعەلی ڕەشایی لەشکرە . ئەگەر کورد خاونی حکومەتی خۆی دەبوو و ،  حەسەن قزلچی لە ژێر چەتری ئاڵای وڵاتی سەربەخۆی کوردستان و ستاتوسی حکومەتەکەی بژیبا  ،  لەئاستی نووسەرانی تری جیهان وەک : سالتیکۆف شچدرین ، عەزیز نسین ، مەلا نەسرەدین*، یولماز گونای ، عوبید زاکانی، سەمەد بیهڕەنگی و کی دی موپاسان لە ئاستی نێونەتەوییدا دەناسرا و نوسراوەکانی بە چەندین زمانی زیندووی جیهان تەرجومە دەکرایەوە .  شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە هۆنراوە و شیعرەکانیدا ، پەنای بۆ  ئامێری ساتیر بردووە .  لازمە بۆ شێخ سبەینان گورگە خەو –                                                         تابڵێن شێخ عابیدە و نانوێ بە شەو !

٢- بواری پەخشان :

ڕیزداران : حەسەنی قزڵجی ، ئیبراهیم ئەحمەد * ، شوکور مستەفا ، پشکۆ نەجمەدین، فەرهاد شاکەلی ، ڕێواس ئەحمەد ، عەبدوللا ی حەسەن زادە ، ناسری حیسامی، عەلائەدین سەججادی  و عەبدولڕەحمان زەبیحی  لە مەیدانی پەخشاندا،  ڕەچەیەکی بەرزیان شکاندووە .  ئاسۆی بیر کردنەوەیان سنورەکانی تێپەڕاندووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی چۆڕاوەی مێشکیان هەرگیز  وەڕز وماندوو نابێت . نووسراوەکانی قزڵجی  بە زمانێکی ڕێک و پێک ، ڕەوان، سادە وهەموار نوسراوە و، هەموویان شەقڵی ساتیر و تەوسیان پێوە دیارە  .  حەسەن قزڵجی زمانەوان و شارەزای هەموو  شێوە  دیالکتەکانی کوردستان بووە و، وەک گەنجینەیەکی زمان، کەڵکی لێ  وەر گرتون . سەرجەم  نووسراوەکانی بە  دیالکتی  موکریانی نوسیوە و ، دیالکتەکانی هەورامی ، سنە یی و شارەزوریش لە نوسراوکانیدا بەرچاو دەکەون . ئەم زمانە وەک جۆگە و ڕووبار بەرەو دەریا ملی ناوە و بە هێز و بلاوینە . شێوە و قاڵبی نووسینی هەندی جار بەرەو ستیل و داڕشتنی ئیستعارە و ئیشارە هەنگاو دەنێت .  قاڵبەکان نووسینەکانی حەسەن قزڵجیان دیاری نە کردووە ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ،دڵسۆزی و کاری نووسەر قاڵبەکانی دیاری کردووە . قارەمانی داستانی شەهیدی زوڵمە ، کفن و شۆردنی ناوێ  ،جووتیارێکە ناوی هەباس ە . نووسەر ئەم قارەمانە، لە هەموو کارەساتە تاڵەکان بەشدار دەکات و برسێتی ئەوەندە زۆری بۆ دێنێت کە  ، خۆی لە مزگەوتێکدا دەبینێتەوە .  خادمی مزگەوت ، پرسیاری لێدەکا و هانی دەدات مزگەوت بەجێ بێڵێت . ورزێر، لە ناچاری مزگەوت جێ دێڵێت و لە تاو برسێتی لە قەراخ شار گیانی لە دەس دەدات . نووسەر بەشێوەیەکی لێزانانە و  پسپۆڕانە، قارەمانەکەی تا ئاسوی ئەوسەر نادیاری ئومێد و هیوا پەروەردە دەکات ، بەشکم لە برسا نەمرێت ، بەڵام نووسەر  بە پەیامێکی مێژوویی، دور لە ئارەزوو و مەیل و خواستی خۆی ناچارە قارەمانەکەی بکوژێت . ئەو مرۆڤانە کە ویجدانێکی ئاگایان هەیە  ، بۆ تراژیدی مەرگی وەرزێر( هەباس )  فرمێسک لە چاوانیان دێتە خوار و هەست بە پەژارەیەکی بەر فراوان و قووڵ دەکەن  . لە پێکەنێنی گەدا قارەمانی داستانەکە  “حەمە ڕەش ” کەرامەتی لە لایەن سیستەمی  تالان کەری جیهانی، داگیرکاران و دەرەبەگایەتیەوە برێندارو شکێندراوە .  حەسەن قزڵجی لە شکڵی  مێتولۆژی بۆ  هەندی لە چیرۆکەکانی  کەڵکی وەر گرتوە و خزمەتی گەوەرەی بە فولکلوری کوردیش کردووە .

 

٣ – بواری  چیرۆک  :

سەر لە بەری چیرۆکەکان ، تژی لە هیوا و ئومێدە و نووسەر  تەسکبین نیە .  بوار و مەیدانی وتە بە نرخ و گرانبەهاکانی ، لە شێوازی داستان ( ئێپۆس ) ، بۆ سەردەمی دەورانی فیئودالیزم دەگەڕێتەوە . ئەگەر ژێرخانی ئابوری خولقینەری سەرخانی ئابوریە، حەسەن قزلجی ، ئازایانە ، لیهاتوانە لەو بوارەدا، چیرۆکی جوان و ناسک و دڵگێری  بە زمانی “دڵ” نوسیوە . چیرۆکەکان خۆیان لە کاناڵی ئیدئولۆژی چینی هەژار دەبینەوە .  لە هەڵسەنگاندنی  نووسەر ” حیزب و ڕیکخراو”  ئامێری خەباتە  و لە پێناو دەستە بەر کردنی بەرژەوەند و مافی  چینی ڕەنجبەر تەفسیر و تەرجومە دەکرێنەوە .  کورتە چیرۆک ئامێری دەستی نووسەر بۆ خەباتی چینایەتی بووە .  لە چیرۆکی بێهێنەو ناوی مەبە ،پێڤاژە و پڕوسەی تێپەڕ بوونی کۆمەڵگای کوردستان لە فیئودالیزمەوە بەرەو سەرمایەداری  بانگە واز دەکات .  ڕاسپاردەکەی بە ساتیرێکی پڕ مانا ،خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە وهەرس هێنانی قۆناغی دەرەبەگایەتی جاڕ دەدات .  دوو نووسەری پایەبەرزی کورد ، بەڕێزان : ئیبراهیم ئەحمەد بە نووسین و بڵاو کردنەوەی دوو ڕۆمان بە ناوی  کوێرەوەری وژانی گەل   و حەسەن قزڵجی  بە نووسین و بڵاوی کردنەوە  پێکەنینی گەدا  و پشکۆ نەجمەدین بە نووسینی ” ئەزمون و یاد ” ڕەچەیەکی  فرە بەرزیان لە قۆناغی ئەدەبیاتی کوردیدا شکاندووە و خزمەتێکی گەورەیان بە زمانی ستانداردی کوردی کردووە .  لەم چیرۆکانەدا قزڵجی باسی کۆنە پارێزان ، مێمڵەکان و پاڕازیتەکان و چەوسێنەرانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری دەکات و ،  هەڵویستی ڕەوا و مێژوویی دەگرێت و لە بەرهەم هێنەران و خولقێنەران یانی جووتیاران و ڕەنجدەران  پشتیوانی دەکا و بە خوێنەرانی دەناسێنێت .   قزڵجی لەم ئاخرانەدا دوو چیرۆکی بە ناوەکانی چەکمە ڕەق و بێچوە قەل نوسیوە . بێچوە قەل بۆ  جل و بەرگیکۆنەپارێزان و دماگرژەکان تەرخان کراوە .  هاوکات لە گەڵ زیندانی کردنی ‌ نووسەر ئەو دوو چیرۆکەیش بزر و گوم بوون .  پەیمانی دوولایی ناوی هۆنراوەیەکی  قزلجیە: واسیلیوچ  گوگول  روسیا ( ١٨٥٢-١٨٠٩  ) ئانتوان چیخۆف روسیا ( ١٩٠٤-١٨٦٠)  گی دومو پاسان فەرانسا ( ١٨٩٣-١٨٥٠) کاترین منسفیلد ئینگلیزی ، ویلیام فاڵکنەر ئامریکائی ، ئیوان توڕگیئۆف روسی، تولستوی روسی، ماکسیم گورکی روسی، گابریل گارسیا مارکز کولومبیایی، ئیڕنست هەمینگۆی ئامریکایی ، خۆرخە لوئیز بورخس ، عەزیز نسین تورکیا، سەمەد بیهرەنگی ئازربایجان، ئەحمەد خودا  داد کرماشان، لە بواری کورتە چیرۆک ناو بانگیان هەیە و لە مێژوودا ناسراون . مێژووی ڕۆمان و داستان لە ئوروپا  ٣٠ سێ سەد ساڵ  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێش ترە .

 

٤- دەوری شانۆ :

هەندی لە نوسراوەکانی حەسەنی قزڵجی ،  بەرەو سنووری شانۆگەری ملیان ناوە .  چەندکەس قسە دەکەن و بیر و باوڕی خۆیان لە لابەلای وشەکاندا دەر دەبڕن .  تاج و تەختی کوێخا هومەر و خەمڵی پەموو . نمونەی چاکی مەیدانی شانۆگەرین .  چیرۆکی بێهێنە و ناوی مەیە ، شیوازی کومیدی هەیە وشانۆیەکی سەرکەوتوانەیە.  لەم وتارانەدا چارە ڕەشی وەرزێر و،  پێگەی کۆمەڵایەتی و ستاتوسی ڕەنجبەران بە شێوەیەکی سیحرئاوی ، و بە چاکی شی دەکاتەوە و سەرنجی بێنەر رادەکێشێت .

 

٥- کێشەی ژنان و هەڵویستی نووسەر :

لە چیرۆکەکانی “نەدیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت ” و  ” نووشتەکەی ئامینە خان ” هەلویستی ڕیزدار حەسەنی قزڵجی لە جڵەپۆپەدا نیە و لە جێگای خۆیدا نین .  کاتێک بۆ بایز قارەمانی داستان ، بە فێڵ و زمان لووسی حاجی، ژنی دووهەم  ( زیبا خانم ) لە سابڵاغ مارە دەکەن .  ژنە شاریەکە لە ڕادە بەدەر فەخر و لووت بەرزی بە نیسبەت ژنە گوندیەکە ( خەزاڵ ) نیشان دەدات و بە چاوی سووک و تەحقیرەوە  پێ دەڵێت ژنە کرمانج  .  لە وڵامی بایزدا ، دەڵێت :  خۆ من کارکەر و قەرەواش نیم  بە ژنە کرمانجەکەت بڵێ!   ئەگەرچی فەزای داستانەکە  وا دەخوازێت ، ئەمما جێگای خۆی و شیاو بوو ، کە لە دەست ڕەنگینی وڕەنج و ئازاری خەزاڵ باسێک کرابا . خەزاڵ وەک ژن ، ڕۆڵەی ڕەنج و کارە و لە داوێنی مەینەت و ژیانی دژواری گوند پەروەردە بووە  و ، فەرامۆش کراوە .  لە چیرۆکی نووشتەکەی ئامینە خان ، نووسەر  هێچ ئیشارە و زانیارییەک سەبارەت بە ئامینە خان بە خوێنەر نادات و دوورە پەرێزە . لە حاڵێکدا ئامینە خان کچێکی گەورەساڵە ، ژیان و گوزەرانی  بە  مانای واقیعی تراژیدێکی لە تاڵ تاڵتر وڕاستەوخۆ  بوتە قوربانی نیزام و سیستەمی فیئودالی . لە بەرهەمەکانی قزڵجی تەنیا یەک جار ”  ژن ” قارەمانی داستانەکانە  . لەم داستانەدا نووسەر تا رادەیەکی بەر چاو خۆی لە خەم ، پەژارە،ناهومێدی، باری نالە باری ژیانی ئامینەخان بواردووە و لە ڕاستیدا هەر بەجارێک  ئامینە خان کە خۆی قارەمانی داستانەکەیە لە بیر کراوە . دەبوا نووسەر دەرد ، مەینەت ، هەژاری و هەرس هێنانی باری سایکۆلۆژی ئامینە خان و برینی ساڕێژ نە بوو و ساڕێژ نەکراوی  باس کردبا و زانیاری کامیلی بە خوێنەران پێشکەش کردبا . خۆزگە نووسەرانی کورد سەبارەت بە تراژیدیای ” ئاسکە ون بوەکانی” دەشتی گەرمیان ، کە نزیکەی هەژدە کەنیشکی ناسکۆڵە بوون و ، بەعس ئەسیری کردن و لە وڵاتانی عەربی وەک کۆیلە فرۆشران و ئیستا ژیانیان تاڵ تر لە کەکرەیە، چیرۆکیان نوسیبا.

 

٦-  داگیرکاران و ژیانی نووسەر:

بەرژەوەندی و پێلانی زلهێزەکان لە سەر  قەڵاچوی میللەتی کورد و نەمانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد،جێ بە جێ کرا  . حکومەتی پاشایەتی ، فیکری نوێ و تازە و قەڵەمی سانسور کردبوو و ، هاو بیرەکان ئیجازەی نوسینیان هەبوو و، بەرهەم و نووسینی  دژ بیرکان بە توندی سانسور دەکرا. ئامێری گیوتین* بۆ سەر پەڕاندنی ئازادیخوازان و دژبیرەکان ئامادە کرا و کەوتە کار . بە قەولی هێژا و نووسەر کاک فەرهاد شاکەلی ، کۆماری مەهاباد جوانەمەرگ کرا و ، لەو هەموو  تەقەمەنی و چەکە، هیچمان بۆ نە ماوەتەوە ، ئەمما بەرهەمەکانی هێمن ، هەژار، زەبیحی و قزلجیمان  هەر  بۆ ماونەتەوە .  ئازادیخوازان و عەدالەتخوازان ناچار دەبن، ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بێڵن و بەرەو باشوری کوردستان کۆچ کەن . دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان  ژیانی نووسەرانی دەورانی کۆمار، تراژیدیای  پڕ و تژی لە مەرگەسات و کارەسات بوو . حەسەنی قزڵجی یەکێک لەو ئازادیخوازانەیە ، کە  ژیانی ئاوارەگی بەرەو پیری دێت . ناچار دەبێت بۆ بەڕێوە بردنی ژیانی رۆژانە ، تووتنەوانی، کرێکاری، چایچی گەری، وێنەگری،،جووتیاری و میرزایی ناو دوکانی تاجرەکان بکات .  قزڵچی وەک کوردێکی ” دیاسپورا ” لە بولغارستان بەرهەمی جوانی پێشکەش بە گەلی کورد کردووە .

 

٧-   نووسەر و گۆڤارەکان:

هەوراز و نشێوی ژیان ، زیندان ،ژیانی ئاسایی ، ئاوارەگی و هەڵات هەڵات ، ژیانی نووسەری دیاری کردووە و سەنگەر و حەشارگەی زۆری گۆڕاوە  . و هەر کات دەرفەتێک و موڵەتێکی گونجاوی دەست کەوتوە، بیر و ئەندیشەی  لە وتارە کاندا کۆ کردوەتەوە و لەم گۆڤارانەدا بڵاو بونەتەوە . کۆڕی زانیاری کورد ، هەڵاڵە ، نووسەری کورد، بەیان ، ڕۆشنبیری نوێ، ڕێگا، کوردستان، ئاوات، نیشتمان، هیوا، ڕۆژی نوێ. کاتێک گەڕاوە بۆ کوردستان  لە ڕۆژنامەی خەڵک (  مردم-  ئوڕگانی ناوەندی حیزبی توودەی ئێران  ) وتاری نوسیوە  و کاری تەرجومەی کردووە.

 

٨- ژیانی رەنجبەران و ستەمی تۆخی نەتەوایەتی  :

لە سیا ساڵەکان  ناسیونالیزمی پاوان خواز و ڕەگەز پەرستی داگیرکاران  دەیان لوراند و ئەمنیە و پولیس ، گیرفان بڕی هەژارانی کوردستان بوون . دەزگای داپلۆسێنەری کەم هاوتا ، ڕەنجی شانی ڕەنجبەرانی هەڵدەلوشی. سیستەمی سەرکوتگەری  داگیرکاران ،تۆزقاڵێکێش لە نامەردی و دڵ بەردی خۆیان نە دەبوارد . بێ گومان ستەمی نەتەوایەتی ئازاری میللەتی کورد دەدات ولێی بێزارە. میلان کوندێرا* ١٩٢٩  زاینی  سەبارەت بە زمان  دەڵێت :  هەوەڵین هەنگاو بۆ  فەوتاندن و لە ناو بردنی نەتەوەیەک ، سانسور وسڕینەوەی  فەرهەنگ ،  زمان وکولتوریەتی .   لە ئاسۆی بیرو باوڕی نووسەر گزیر، ئاغا، شێخ ، سەید، بەگ ، کوێخا  لە پڕۆسەی  بەرهەم هێناندا نین . ئەگەریش هەبن   فرە کز و لاوازن  و، وەک مێمڵ لە سەر بەرهەمی ڕەنجی شانی کرێکاران ، ڕەنجدەران و وەرزێران دەژین . حسین قولی کە ژاندرمەیە دەڵێت: من پیاوی حکومەتم و، دەبێ دەستور و فەرمانی دەوڵەت بەجێ بگەیەنم . لە مەلای ئاوایی کە جل و بەرگی ” کوردی”  لە بەر کردووە، پەڵپ و بەهانە دەگرێت، بۆ جل و بەرگی” فەرەنگی”  لە بەر نە کردووە ؟  پێنج تمەن پارە داوا دەکات . سێ تمەن کۆدەکرێتەوە و لە باتی دووتەمەنەکەی تر ، لە مەلا داوا دەکات  ،  قورئان بۆ دایکی مردووی  بخوێنێت .  لەم دوو ڕەستەدا ، ئاماژە بە دڵڕەقی کاربەدەستانی حکومەت و  تێنەگەیشتوویی ژاندارەکە کراوە و، پەردەر لە سەر ئاستی  بەرزی ستەمی نەتەوایەتی لا دەبا . لە  داستانی چایی دیواخان، خاوەن مال شڵەژاوە و دڵەراوکی گرتویەتی ، کە ڕەنگە ژاندارەکان لە تەویلە و ئاخۆڕی ئەسپەکان ، لە ناو کادێن ولە کونەدیوارێک فیشەک قایم کەن و بشارنەوە . و گێچەڵ و پەڵپی پێ بفرۆشن  و فیشەکەکان بدۆزنەوەو ناچاریان کەن  تاوانی قورس و جەریمە بدەن .

 

٩- لایەنگری راستەوخۆ لە عەدل و داد :

کاتێک حکومەتی نیڕویژ دیاری و خەڵاتی نوبیل بە هینری  کی سینجر وەزیری دەوەوی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دەبەخشێت ، هاواری نووسە بەرز دەبێتەوە .  ئەمە لە بارودۆخێکدایە کە چاوی راست لە چاوی چەپ، دەستی ڕاست لە دەستی چەپ و هەنگاو لە ڕێگا و قەلەم لە کاغەز دەترسێت وئەم هەڵویستە  شەهامەت و خۆبەخشیی دەوێت . پاش شکستی بزووتنەوەی کورد لە ١٩٧٥ی هەتاوی کی سینجر لە دیدار لە گەڵ ڕۆژنامەوانەکانی جیهانیدا وتی: ئێمە پشتی کوردەکانمان  بەر دا . سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە کوردەکان بێ ڕەوشتانە بوو . وازمان لە  کوردەکان هێنا ، تا عێراق دەستی بۆ لێدانی سووریا  ئازاد بێت . کەواسا نووسەر هینڕی کیسێنجر بە شیاوی ئەو خەڵاتە نازانێت . نیکسون سەرۆک کۆماری ئامریکا داوا لە عێراق و ئێران دەکات کە بزووتنەوەی کورد سەرکوت  و ناکۆکییەکانی خۆیان چارەسەر کەن و شۆڕشی کوردیش  بە ” سەرەتان ” ناو دەبا . قزڵجی بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی فەرانسا و ئامریکا دەگرێت . ڕەخنەکان لە دیالۆگیکدا کە کاراکترکان  بەراز، گورگ، ورچ، چەقەڵ وکەروێشکە ، باس دەکات.

 

١٠-  تەرجومەی شاکارەکان :

ڕێزدار حەسەنی قزلچی ، هەندی لە شاکارە جوان و ناسکەکانی نووسەرانی جیهانی بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە . تەرجومەکان بەرەو لووتکە بەرزەکانی خەیاڵ هەنگاو دەنێن . دوای ئاوا بوونی کۆماری کوردستان ١٩٤٧-١٩٤٦ ی زاینی  دەنگی ئازادیخوازانی نرخناس، ڕووناکبیرانی مرۆڤدۆست کپ کرایەوە . و لەو بار و دۆخ و سە ردەم و خولە تەم و مژاوی و تاریکەدا و، لە تاراوگە و هەندەران دیسان مەشخەڵی ڕووناکبیری و نوێخوازی و بیرمەندی هەڵگرتوە . قزڵجی بۆ پلورالیزم و فرە چەشنی ڕێزی هەیە . ئەم ساڵانە هەندی کتێب لە باشوری کوردستان،  لە لایەن تاقمێک ” زڕە نووسەر” کاڵ فامانە تەرجومە کراوەنەتەوە ،هەر گیز ئەمانەتداریان نە کردووە و تەرجومەکان  لە  دارێکی زڕ و بێ بەر  و ، لە تاڵاو و خومێکی حەوت ڕەنگ دەچن .  لە واقیعدا تەم و مژ تەرجومەکانی داگرتوە و ، ئەوپەڕی سوکایەتی بە فەرهەنگی کورد، خوێنەری کورد و زمانی کوردی کراوە .

 

تەرجومەکانی قزلجی:

* مەرگی فەرمانبەر هئ ئانتوان چیخۆف بووە.

* چارە ڕەشەکان (چیرۆک ) هی ویکتور هۆگۆ  بووە .

* پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا هی عەزیز نسین بووە .

*  بەرهەمەکانی شولۆخۆف ،  ماکسیم گورگی و ئی- هانری ئامریکایی

* ئەڤین – عیشق-  هی نووسەری بولغاری بە ناوی دیمیتر  نیڤانۆڤ بووە .

دیمیتر نیڤانۆڤ زۆر تر بە ناوی ئێلین پێلین ناسراوە .

* خۆکوشتن  هی ئانتوان چیخۆف بووە .

 

١١-   کاراکتری قزڵجی لە  ماسمێدیا  :

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی ماوەیەک بەر پرسی بەرنامەی فارسی و کوردی ڕادیو پەیکی ئێران بووە . ئاسۆی بیر کردنەوەی جیهانگەرایی* و سێکۆلار* بووە .  لەم ماسمێدیاوە چەندین بەرنامەی عیلمی  سەبارەت بە ماکسیزم و لنینیزم  ئامادە کردووە  و بلاوی کردوەتەوە . سوسیالیزم ، ماتریالیزمی مێژوویی، خەباتی  حیزبایەتی،ئیستراتژیک ، دیالکتیک ،شۆڕشی کۆمەڵایەتی،ماتریالیزمی فەلسەفی، سەرمایەداری ، پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان  ، چینەکانی کۆمەلگا ، دەوڵەت ،  تیئوری و پراکتیک   و شێوە کاری نهێنی گرینگترین وتارەکانی بووە .

 

١٢- ئاسۆی بەرهەمەکانی نووسەر:

نووسەرێکی ڕئالیست و پێشکەوتوو بۆ زۆربەی هەرە زۆری شارۆمەندان دەنوسێت و، نووسراوەکانی لە خزمەت بەرژەوند و ئامانجەکانی  ڕەنجبەراندایە  .  لە ڕوانگەی نووسەری ڕئالیست دیواری حیزبی و ئامانجە بەرتەسکەکانی تاکە کەس و ڕێکخراوە هەرگیز نابێت پیرۆز، تاپۆ و موقەدەس بێت . لێرەدا لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندم ، هەرگیز  کەم ڕێزی بە نووسەر نیە .

یەک ١: بەرهەمەکانی نووسەر بە گشتی  سەبارەت بە ڕەنجدەران و “خۆش نە ژین ” ە کانی دێهاتی کوردەواری نوسراون . دەردەکان، برسێتی، نەخۆشی و نەخوێندەواری، ئازار و کوێرەوەری ڕەنجدەرانی  گوندەکانی کوردستانی زەق کردوەتەوە و بۆ زۆربەیان ڕاسپاردەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانەی پێشنیار کردووە . ئایا  ژیان و گوزەرانی هەژاران و قەراخ نشینەکانی شار ، لە گەڵ مەینەت و کوێرەوەری تێکەڵ نە بووە ؟ ئایا چینی تازە پێگەیشتوی بوژوازی بە نیسبەت نەداران و قەراخ نشینەکانی شارەوە، دلۆڤان و میهرەبان بووە؟ ئەگەرچی سەنعەت و پیشەسازی گەورە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بورژوائاسا هێشتا لە بەستێنی شار کز و لاوازە، ئەمما ناکۆکیەکانی  ژیانی شاری و مەدەنی لە نووسراوەکانی قزڵجیدا لە ئاستێکی بەرزدا نیە و کەمتر باس کراوە  و ڕەنگی داوەتەوە .  لە واقیعدا بەشی ڕەنجدەرانی شار لە لایەن نووسەرەوە  زۆر کەمە . پارادوکسی ناو شار و کێشە کەڵەکەبوەکانی کەمتر باس کردووە . قزڵجی لە شار ژیاوە و شار ناسە . خودی نووسەر شار بە دەری دەستی سیستەمی بورژوازی ئێرانە کە  وەک کادرێکی  پەڕیوە و ئاوارە، لە هەرێمی کامیاران  گیرساوەتەوە . ئایا  دەتوانین ئەم دیاردەیە لە خانەی ڕەخنەدا پۆلبەندی کەین؟

دوو٢ :  لە چیرۆکی ” کەشکۆڵی جادوویی ” ئەگەرچی زۆر بیر و ئەندیشەی پێسکەوتووی تێدایە ، ئەمما  خۆزگە  نووسەر  لە سەر شیواز و قاڵبی سیمبۆل و هێما داستانەکە ی نوسیبا. هەموو بەستین و زەمینەکان واقیعی و ڕئالیستین ، پاشان بەرەو ئەفسانە ی خورافی هەنگاو دەنێت .  ئایا نووسەر  لە ئاستێکی بەرز و شارەزایی زماندا نە بووە ، کە داستانەکە لە بەستێنی هێما و سیمبۆلدا مەترح دەکات ؟   قارەمانی داستانەکە کوڕێکی ئازا و ماندوویی نە ناسە کە ناوی وەیس ە .  وەیس لە تاڵی ژیان  و زەحمەتی نان بەدەس هێنان وەڕز، ئاوارە و سەرگەردان دەبێت . پێرەمێردێک  چارەی دەردی دەکات . کەشکۆڵی جادوویی بە وەیس دەدات . وەیس پێ وایە و بەو قەناعەتە گەیشتوە کە لە هەموو ڕەنج و مەینەت و برسێتی ڕزگاری دەکات .   ئایا کەشکۆڵی جادوویی دەتوانی چارەی دەردی دەیان میلیون هەژار وەک وەیس بکات ؟  ئایا هەڵویستی نووسەر لەم چیرۆکەدا، عیلمی و لۆژیکە ؟ ئایا نووسەر پەنای بۆ دیاردەی میتولۆژی نە بردووە؟  ئایا بیری پێشکەوتوانە ومودێڕن و عیلمی لێرەدا بزر و گوم  نیە ؟

سێ٣   : لە داستانی خەمڵی پەموو ، نووسەر بە ڕاشکاوی دەور و نەقشی سەید، شێخ ، مەلا،کوێخا وگزیر کە ئامێری دەستی بەگ و فیئودالەکانن نیشان دەدات و دژی  تاقمی مێمڵ و بێکارە کەبازرگانیان بە ئاین و ئاین زاکانەوە کردووە قسە دەکات.  نووسەر بە ڕاشکاوی دژی هەڵسوکەوتی شێخ، بەگ، مەلا و کوێخا بووە  و، هەمیشە بە چاوی گاڵتە، تەوس پەردەی لە سەر بیر و باوڕیان لا بردووە . لە یەک کەلامدا نووسەر  دژی داب و نەریتی کۆن و داڕزیو و خورافی ناو کۆمەڵگا یە .  بە ڕاشکاوی لە جووتیاران ، پاڵە و ڕەنجبەران دیفاعی کردووە . سۆفی نامیق ‌ قارەمانی چیرۆکەکە،  هەڵویستێکی ئازایانە دەگرێ و لە گفت و قسەدا قەولی  بەرخودان دژی چەوسێنەران دەدات .  ئایا سۆفی نامیق لە حاست خاوەن زەوی و دەست و پێوەندەکانی بەرخودان و ئیعترازی کرد؟  لەم پیڤاژەدا هێچ شتێک ڕوون و دیار نیە و قارەمانی داستان،کە لە داخان دەهری بووە پەیمان شکینە  و لە گفتی پاشگەز بوەتەوە وسکوتی کردووە.  بۆ قارەمانی داستانەکە تۆلەی خۆی نەکردەوە ؟ پەیام و ڕاسپاردەی ئەم چیرۆکە لێڵ و مژاویە .

چوار٤ : لە داستانی عادەتی بازاڕ ، چەوسێنەر و خاون کار پێش ئەوەی نهێنی و ڕازەکانی ئاشکرا بێت ، مێرزا و کاتب دەر دەکات . خۆزگە نووسەر وای گونجاندبا کە کاتب خۆی دەستی لە کار کێشابا و وازی لە کارەکە هێنابا  .  ڕاسپاردە و پەیامەکە لە جێگای شیاوی خویاندا نین !

پێنج ٥ : لە چیرۆکی چایی دیواخان ، قارەمانی داستانەکە یەک کاراکترە . میرزا ڕەحمان  بازرگانە و لە شاردا دەژێت . پلە و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و چینایەتی  خۆی نزم دەکاتەوە و دەبێ بە ئاغا میرزا ڕەحمان و بەرەو ژیانی گوندنشینی ، شار بە جی دێڵت  ولەم پڕوسەیەدا جێگای چینایەتی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە فیئودال  . یانی جێگای چینایەتی خۆی  لە  بورژوازی ناو شارەوە بۆ  فیئودالی ناو  دێهات  دەگۆڕێت . بە پێ ئوسول ، مەنتیق، قازانج و ئامانجی ئابوری   باشتر وا بوو جێگۆڕکی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا مەنتیقی و لۆژیک بن .  مەسەلەن ڕەحمان ئاغا ی فیئودال بەرەو  شار ڕویشتبا و ببوایە بە میرزا ڕەحمانی بازرگان . لیرەدا بوچونێکی نا ئاسایی و ئاوەژوو  لە ستاتوسی بورژوازی بۆ دەرەبەگایەتی هاتوتە ئاراوە . ئەم خەسڵەت و عادەتانە لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئاوارتە و دەگمەنن . لە پێوانە ئابوری و ڕەوتی  گۆڕانی کۆمەڵگا ،کۆچی فیئودالی دەوڵەمەند بەرەو شار و هەڵبژاردنی شوغڵی بازرگانی ئاساییتر، عادی تر و گونجاو ترە . چونکوو لافاوی گۆڕان ، هەمیشە دیاردە کۆن و بەسەر چوەکان ڕادەماڵێ . ئایا دەکرێ ئەم دیاردەیە لە یانەی ڕخنەدا پۆلبەندی بکرێت؟  مەنتیقی بیرەحمی ئابوری بە پێچەوانەی ئەم جێگۆڕکی  قسە دەکات و هەڵویست دەگرێت . دەبوا فیئودالەکە ، بەرەو ژیانی شاری ڕۆیشتبا و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و ئابوری  خۆی گۆڕیبا.  لە نمونەی چیرۆکی نەدیداری حاجی و نە خەوی مزگەوت . نووسەر سەرکەوتوانە ڕەوتی جێگۆڕکی چین و توێژەکان نیشان دەدات . بایز قارەمانی داستانەکە لە پێگە و ستاتوسی جووتیاریەوە بەرەو دووکانداری ( وردە بورژوازی ) ناو شار ملی ناوە و نووسەر  ئەم جێ گۆڕکی و کۆچە ی شارەزایانە و سەرکەوتوانە باس کردووە .

        *  *  *   *  *

 کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک نیشتمانە ! ئێمە لە ناو ساتە تاریکەکانی مێژوودا تێپەڕ دەبین . ئایا متمانە بە خۆ لە مێشکی ڕووناکبیرانی کورددا ، سەقامگیر  بووە ؟ داگیرکاران تەنیا بە چەک و کیمیا باران ، کۆچی زۆرەملی، قەڵاچۆ، زیندان وگازی شیمیایی و لە سێدارەدان، شەڕ لە گەڵ گەلی کوردا ناکەن ، بەڵکوو بە ئامێری ماسمێدیا لە گەڵ فەرهەنگ ، کولتور و زمانی کوردیش شەڕ دەکەن  .  کوردستان داگیر کراوە ، کە وایە سەرخان و ژێر خانی ئابوری و هەل و مەرجی مێژوویی ئیستای کوردستان بۆ خەباتی چینایەتی گونجاو نیە . گەلی کورد ئیستا لە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی چینە جیاوازەکانیدا نیە ، بەڵکوو لە قۆناغی شەڕی ڕزگاری نیشتمانیدایە . وەرچەخانی مێژوویی و شنەی گۆڕان ، پڕۆسەیەکی کتوپڕ نیە . هەندی فاکتور و بنەمای کۆمەڵایەتی  لەئاکتیڤ و پاسیو بوونی ڕوداوەکان دەوریان هەیە . بە خاتری سکوتی ئازادیخوازان و مرۆڤە ڕادیکاڵەکان و نە بە خاتری سیستمە خراپەکان ، جیهان پڕە لە جەنایەت و بێ عەدالەتی .  تەرجومەی شاکارەکانی ئەدەبیاتی جیهان* بۆ سەر زمانی کوردی، دەتوانی، پردی پەیوندی بێت و زمانی کوردی لە گەڵ ئەدەبیاتی جیهانیدا گرێ بدات . مرۆڤ سەری سورماوە بۆ  حەجمی بەرهەمی  شاعیرانی کوردستان  لە حەجمی پەخشانی نووسەرەکان  زۆر ترە ؟  نووسەرانی تر بەرهەمی چاکیان نوسیوە و ،کاتێک بە بیرخانەی مێشکم دا چوومەوە  ناوەکانیانم وە بیر نەهاتەوە . بە  باوشێکی تژی لە خۆشەویستی بۆ ئەو نووسەرانە  هیوادارم دڵمەند نەبن و  دڵنیام  لە بیر چوونی ناوکانیان لە گەورەییان کەم ناکاتەوە .

———————————- ———-  تەواو

زانیاری پێویست :

١- ئەحمەد خودا داد(١٩٥٥-١٨٨٢ ) یەکەم چیرۆک نووسی کوردە ، لە گوندی دینەوەری ناوچەی کرماشان لە دایک بووە ، کتێبی- روزگار سیاە کارگر- ی نوسیوە کە جەناب عەبدواللەی مەردۆخ بە ناوی  چارە ڕەشی وەرزێر کردوویە بە  کوردی . ساڵی ١٩٢٧ ی زاینی  بۆ یەکەم جار بە زمانی فارسی لە کرماشان چاپ و بڵاو کرایەوە .  ساڵی ١٩٣٠ زاینی لە لایەن ئەلف – شەهری یەوە بە زمانی روسی تەرجومە و لە مۆسکۆ بڵاو  کرایەوە . وساڵی ١٩٣٥ ی زاینی دیسان  لە تاشکەندیش چاپ کرایەوە .

٢- ئێبراهیم ئەحمەد : سەر نووسەری گۆڤاری گەڵاوێژ  چەندین چیرۆکی ئینگلیزی بە زمانی کوردی تەرجومە کردوە و،لە گەڵ کورتە چیرۆکەکانی خۆی لەم گۆڤارەدا بلاوی کردونەتەوە . ئیبراهیم ئەحمەد شیعری ” یاران ”  کە هی خۆی بووە بە بۆنەی لە سێدارەدانی قازی موحەمەد و شیعری ” ئەی نائومێدی” پیرە مێردی بە بۆنەی ڕوخانی کۆماری کوردستان  لە گەلاوێژدا بڵاو کردوەتەوە .

٣- ساتیر : هەمان  ئێرۆنی ، گاڵتە،تەنز و توانجە . کە نووسەر بۆ دەربڕینی ڕاسپاردە، پەیام و مەبەستەکانی، پەنا بۆ ئەم  گەنجینە هونەریە دەبا.

٤- ژێ – کاف : ڕێکخراوەیەکی نهێنی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان  بوو . کە  ڕێزدار و هێژا جەناب عەبدولرەحمان  زەبیحی ،  .  لە ئاستێکی بەرزدا، ڕێبەری ئەم ڕێکخراویەی دەکرد  . لە ئەساسدا ناوی ڕێکخراوەکە، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بووە .

   ٥  – دیاسپورا   : وشەیەکی یونانیە و، لە جڤاک ناسی هاوچەرخدا  بە پرژ و بڵاو بونەوەی  جولەکە لە جیهاندا،  دیاسپورا دەڵێن . پێم وایە ئەم تەعبیرە بۆ کوردی هەندەرانش لۆژیک و گونجاوە.                    ٦- مەلا نەسرەدین : گەورەترین هونەرمەندی سوڕیالیست بوو . ئیستاش چەند ولات و لە وانە:  تورکیا، ئێران ، کوردستان ، سوریا ، عیراق مەلانەسرەدین بە نووسەری خۆیان دەزانن . ئایا زمانی دایکی  مەلا چ بووە و بە چ زمانێک قسەی کردووە ، هیشتا مەعلوم نیە .

٧- بەڕێزان: ئیبراهیم یونسی  و موحەمەدی قازی  دوو وەرگێڕی  پایەبەرزی گەلی کورد، شاکارە جوانەکانی ئەدەبیاتی جیهانیان بۆ سەر زمانی ” فارسی ” تەرجومە کردوەتەوە و ، پردی پەیوەندی نێوان کولتور، فەرهەنگ و زمانە جیاکانی جیهان  بوون .  هاو کات خزمەتی گرانبەهایان لە بواری تەرجومەدا تۆمار کردووە.

٨-   ئەحمەدی خانی( ١٧٠٧-١٦٥١ زاینی) مەم و زین ی نوسیوە کە  لە واقیعدا ڕمئو و ژولیت ی گەلی کوردە .

٩- دوکتور گیوتین : خەڵکی فەرانسا بوو  و، ئامێری سەر بڕینی دروست کرد و تەنانەت خودی دوکتوریش لەم ئامێرە ترسناکە ڕزگاری نە بوو و، سەری خۆیشی پەڕاند و داپاچی

.                                                                                                        (  Satir  , Ironi               )   , Orthography,Globalization,Secularism,Milan Kundera,Diaspora

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …