پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەهۆی تەقەكردن لە ئۆتۆمبیلێكی ئیتلاعات لەناوچەی كۆیە لەلایەن پاراستنی پارتییەوە ماوەی سێ هەفتەیە بێسەرو شوێن كراوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی “رۆژی كورد” خەلیل جەنگی ئەو پێشمەرگەی دیموكراتە لەكاتی پاسەوانیكردنی بنكەو بارەگاكانی دیموكرات لەناوچەی “جێژنەكان” لەناوچەی كۆیە، تەقە لەئۆتۆمبیلێكی گوماناوی دەكات كە چەندین جار بە دەوروبەری بارەگاكەدا هاتوچۆی كردوەو سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگەكەی دیموكرات داوای لێكردوە رایبگرێت، بەڵام گوێ نەداوەو پێشمەرگەكەش ناچار بووە تەقەی لێبكات.
پاش ئەم رووداوە دەزگای هەواڵگری پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن) چوونەتە ناو بنكەی حیزبی دیموكراتو رایانگەیاندوە ئەوئۆتۆمبیلە سەر بە كۆنسوڵی بەریتانیا بووەو پێشمەرگەكەیان بۆ ماوەی رۆژێك لەگەڵ خۆیان بردوە.
بەپێی هەواڵەكە پاش نزیكەی سێ هەفتە تا ئێستا ئەو پێشمەرگەیە ئازاد نەكراوەو بێسەرو شوێنە.