لە دوارۆژدا، ناڵێن، رۆژگارێکی ڕەشمان هەبوو، بەڵکوو دەپرسن: جەماوەر و جیهان بۆ بێدەنگ بون.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 4-11-2016 پۆلیسی تورکیا هەردوو هاوسەرۆکانی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و هەروەها زەیا بیر، سەلما ئیرماک، نورسەل ئەیدۆغان، لەیلا بیرلیک فەرهاد ئەنجوو، سیری سوورەیا ئۆندەر و عەلی ئەسڵان، دەستگیر کران، دەستگیرکردنی ئەم پەرلەمانتارانە و بەرپرسانی حیزبی “هەدەپە” لە کاتێکدایە کە ناوچەکە توشی قەیران و ئالوزی زۆرە و ئەم ئالوزییە رۆژلەگەڵرۆژ بە هۆی سیاسەتی دیکتاتور و کەسایەتییە ئایینیە توندئژاوەکان زیاتر دەبێت و قەیران لە دوای قەیران ناوچەکە دەتەنێت.
دەسەڵات لە تورکیە دێمۆکراسی قەبوڵ ناکات و ئەردۆغان وەکوو موتەکە خۆیی داوە بەسەر دەسەڵاتی تورکیە و کودتا پشتی کودتا بە دژی نەیارانی خۆیی ئەنجام دەدات و بۆ شاردنەوەی شکەستەکانی لە دنیای دەرەوەی خۆیدا کودتا بە دژی کوردەکان دەکات و بۆ ئەوەی رێگە نەدات کورد لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوونی هەبێت، دەستی داوەتە دەستگیرکردنی نەیارانی خۆیی و بەرپرسانی “هەدەپە”.
لە دنیای دەرەوەدا ئەردۆغان، لەلاێکەوە سیاسەتی سەبارەت بە کێشەی پارێزگای “موسل” و لەلاێکی دیکەوە بۆ بەشداریکردنی ئەرتەشەکەی لە شڕی شاری”رەقە” شکەستی خواردوە و ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە ئەردۆغان بڵێت بۆ بەشداریکردنی لەو شەڕە، ئیجازەی ئەمریکای دەوێت و هەروەها ئەردۆغان بۆ پەردەپۆشکردن و داپۆشینی شەکستە یەکلەدوای یەکەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوێن هێرشی کردە سەر “هەدەپە” و پەرلەمانتارانی کورد لەو وڵاتە.
بەداخەوە چیرۆکی توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوین کۆتایی نایەت تا دێت و رۆژ لەگەڵ رۆژ ناوچەکە ئاگری توندوتیژی زیاتر دەیتەنێ و ئەمەش بوەتە هۆی ئاوارە بوونی میلیونەها کەس و کێ لە ئاوارە بوونی ئەم میلیونەها کەسە بەرپرسیارە؟
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستانی باکوور روودەدات، بریتییە لە شکاندنی تاپۆی دێمۆکراسی و موتەکەێک بە ناوی ئەردۆغان، ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکە روو دەدات، بریتییە لە سەرکوتی بزاوتی مەدەنیانەی خەڵکی کورد، ئەوەی کە رژیمی ئیسلامی ئێران ساڵی 1357ی هەتاوی لە شارەکانی کوردستان ئەنجامیدا، تازە خەرێکە بۆ جارێکی دیکە لە وڵاتی تورکیە، روو دەدات و مێژوو دووپات دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوین دەبینین، دەبێ بڵێم کە لەم ناوچەدا جێگەی دەمیرتاشەکان تەنها و تەنها زیندانە، چونکا ناوچەکە جێگەی دێمۆکراسی تێدا نییە و لە دیدی دەسەڵاتدارانەوە دێمۆکراستی بوونی نییە و ئەمڕۆکە رۆژهەڵاتی ناوین بوەتە قەبرستانی دێمۆکراسی و ئەم ناوچە بە ئێستاکەشیەوە لە سەردەمی پێش لەرێنساندایە و هێشتا نەیتوانیوە ئایین لە سیاسەت جیا بکاتەوە و دێمۆکراسی بچەسپێنێت.
هەر بویە ئێمە دەبینین کە رۆژانە هێزە توندئاژوەکان لە خەڵکی ناوچەکە هێز وەردەگرن و بیری کون، بە ئێستاشیەوە لەم ناوچەیە قسەی یەکەم دەکات. لەمناوەدا کورد، کەوتوەتە ناوەندی هێزە توندئاژوەکانەوە، لەلاێکەوە خامنەیی، ئەردۆغان، بەشارد ئەسەد و حەشدی شەعبی، حیزبوڵڵا و مالکی و عەبادی و … هتد.
بەرای من جیهان بەرانبەر بە کێشەی کورد هەمیشە زۆر دڵرەق بوە و هەیە، تا ئێستاش، هیچ وڵاتێک ئامادە نییە سەبارەت بە کێشەی کورد لە وڵاتی تورکیە بێتە سەر خەت و باسێک لەوەی لە کوردستانی باکوور روو دەدات بکات.