هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

گێنێسی كوردی / گۆران محەمەد

هێشتا بە كوردی نەزانیوە تۆماری گێنێس، دەنا نەك سەردان، بارەگایەكی لە كوردستاندا دەكردەوە. لاپەڕەیەكیش نا، پاشكۆیەكی بۆ كورد تەرخان دەكرد.

 

تۆمارەكانی نێو گێنێس تا ئێستا گەورەترین، درێژترین، پانترین و چەند ترینێكی دیكەن. فەقە هی كورد قۆڕترین و بێتامترین و بێماناترین دەبن.

 

مونشەقترین حیزبی كوردی، سەرقاڵی ئەوەیە ئەو حیزبەی ئینشیقاقی لێكردووە، یەكڕیز و یەكپارچە بمێنێتەوە. هەقی خۆیەتی گۆڕان وەك هەزەلیترین مونشەق، ناوی بچێتە تۆماری گێنێسەوە.

 

لەوەتەی “یەكێتی نیشتمانی” هەیە، یەك رۆژیش نە لە نێو خۆیدا یەك بووە، نە لەگەڵ هیچ حیزبێكی دیكەدا. خەڵك كۆدەبنەوە تا لەیەك نزیك ببنەوە، یەكێتی كۆببێتەوە لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە، بەوەدا نزیكەی چل ساڵە یەكێتی بە پێچەوانەی ناوی خۆیەوە كار دەكات، بە لێهاتووییەوە شایستەی ئەوەیە وەك لینگەوقووچترین پارتی سیاسی ناوی بچێتە تۆماری گێنێسەوە.

 

بەریتانیا دەستووری نییە، بە پەرلەمانەكەی بووەتە نموونەی دیموكراسیی دونیا. پارتە دیموكراتەكەی ئێمە، بۆ ئەوەی دیموكراسی بچەسپێنێ، پەرلەمانی لەكار خست. سووكە فەرمانبەرێكی ئەو گێنێسە بام، وەك نادیموكراتترین دیموكراتی دونیا، پێ دال كافم تێدا تۆمار دەكرد.

 

نزیكەی نیوەی داعشی كوردی، رۆژێ لە رۆژان نانێكیان لەسەر سفرەی كۆمەڵ خواردووە، كەچی كۆمەڵ گلەیی لە نادادپەروەریی دەسەڵاتی خۆجێیی هەیە، لەوانەیە تا ئێستا ئەو بابەی تێدا نەبێ تۆماری گێنێس، دەنا جێی خۆی بوو وەك ئازادترین ئیكستریمست، كۆمەڵی تێدا تۆمار كرابا.

 

كورد بە لینگەوقووچی لە دونیا گەیشتووە، لە بری ئەوەی وەزیرێكی باشتر بۆ وەزارەتێك پەیدا بكات، وەزیر دەردەكات تا وەزارەت باشتر كار بكات. سەرۆكی پەرلەمان دەردەكات، تا شكۆی پەرلەمان نەڕووشێ. چارەكە مووچە دەكاتە هەواڵی بەپەلە. ئەمانە بۆ گێنێس سەرچاوەیەكی لەبن نەهاتووی تۆماری بێوێنەن. ئاخر ئەوان بەدوای تۆماركردنی (بێوێنە)(ترین)ـەوەن، نازانن ئێمە لە (تڕین)دا (بێوێنە)ین.

 

فەرەنساییەك خۆی دەدڕێنێ تا درێژترین سەموون دروست بكات، گەوجە سەموون چییە؟ وەرە درێژترین مێژووی خۆخۆرییت نیشان بدەم. ئیتاڵیاییەك خەون بەوەوە دەبینێ پانترین پیزا دروست بكات، ڕۆڵە وەرە تەماشای پانترین پینە و پەڕۆی بەدەوڵەتبوون بكە. یەكێ دێت لە قوتووی بەتاڵ پەیكەرێ دروست دەكات، نازانێ ئێمە وا یەك میللەتی تەواو دەكەین بە قوتووی بەتاڵ. خەڵكی نەوتیان هەیە و دەیفرۆشن، ئێمە هەمانە و دەیكڕین. لە دونیادا خەڵك تێرن و حكوومەت برسی، لای ئێمە حكوومەتی تێر جڕت بۆ میللەتی برسی لێدەدا. پاپای خەڵكی دەستی ئەم و ئەو ماچ دەكا، كۆلكە مەلا لای ئێمە زمانی زانا بە بڕین دەدا.

 

گێنێس هێشتا بە كوردی نەزانیوە، پەشیمان بوومەوە، بارەگای چی،  هەقە هێدكوارتەر بێنێتە كوردستان.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …