كۆبونەوە چوار قۆڵیەكانی(ئەنقەڕە، تاران، دیمەشق، بەغدا) مان لە یادە كە لە نەوەدەكان و سەرەتای سەدەی بیست و یەك دژ بە ئەزمونی كوردستانی عێڕاق و هەر چوار پارچەكەی كوردستان ئەكرا، با بە ویستی ئەوان هەڵی نەكرد و سەدام بەو دەردەچوو، سوریا بووە گۆمی خوێن، توركیاش كەوتە بارودۆخێكەوە كەس ئێرەیی پێنابات، ئێران كەوتە ژێر فشاری ئابلوقەی ئابوری.
بەداخەوە ئێمەی كورد لە هەرچوارپارچە نەمانتوانی ئەو هەلانە وەك پێویست بقۆزینەوە و سودیان لێوەرگرین، بە فیتی دوژمنان و حەزی دراو و دەسەڵات كێشە كەوتە نێوان:
– پارتی و پەیەدە
– پارتی و پەكەكە
– پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان
– دابەشبونی لایەنە كوردیەكانی رۆژهەڵات
پاش پەككەوتنی پڕۆسەی ئاشتی بە یەك ساڵ لە جەنگی شار و شاخ، حكومەتی توركیا نەیتوانێ بە ئاگر و ئاسن مەرامەكانی خۆی لە باكوری كوردستان بەدی بێنێ و شۆڕشی كورد سەركوت بكات بە زیانێكی زۆرەوە، لە پاشەكشە و شكستدایە، بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی پەنای بۆ وەرگرتنەوەی دەرگای سنورەكانی توركیا و سوریای بۆ داعش كردەوە، بریندارەكانی تیمار كردن، ویستی داعش بگاتە كۆبانی و هەولێر و سلێمانی قەندیل بكاتە تۆرابۆرای كوردستان و بیخاتە ژێر ركێفی داعشەكان، بەڵام كۆبانی نەكەوت و بووە سیمبولی سەركەوتن لە رۆژئاوای كوردستان، هەولێر و قەندیل بە هێزو بازوی پێشمەرگەو گەریلا پارێزراو دەرچون، هاكاری بەرەی نوسڕەی كرد دژی كورد، هەڵبژاردنەكانی توركیای دوبارەكردەوە و دواتر پارێزوانی پارلەمانتارانی هەدەپە برد و دادی نەدا، دژی روسیا وەستایەوە و فڕۆكەیەكی روسی خستە خوارەوە و فڕۆكەوانێكی كوشتـ پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل تێكچو، داود ئۆغلۆی كەنارگیركرد و بیناڵی یەڵدرەمی شاگردی لە شوێن دانا. سات لە دوای سات هەنگاو بەرەو تاكڕەوی و سوڵتانیزم دەنێ.
دوای ئەوەی لەڕوی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسیەوە هەستی بە پاشەكشە كرد، ئەردۆغان داوای لێبوردنی لە پۆتین كرد، دانی بە هەڵەی خۆیدا نا، لەگەڵ ئیسرائیل ئەیەوێ پەیوەندیەكانی ئاسایی بكاتەوە، بۆ گێلكردن و لەبیربردنەوەی ئەم هەموو شكستە، لە یادوەری توركەكاندا پەنای بۆ هەژان بە تۆقاندن برد و هەموو توركیای بە تەقینەوەكانی ئەستەنبوڵەوە سەرگەرم كرد، ئەگەری زۆر نزیك لە راستیەوە ئەوەیە كە خۆی و دەزگای میتەكەی رێخۆشكەریان كردبێت بۆ داعش كە ئەو كردەوە تیرۆرستیە ئەنجام بدەن، مێشكی توركیایەكان بەو بابەتەوە سەرقاڵ بكەن و ئەو كڕنوشەی بۆ ئیسرائیل روسیای برد باس نەكرێت، ئەگەرە لاوازەكەش ئەوەیە كە داعش خود بە خود ئەم كارەی كردبێت، دیارە ئەگەر وابێت ئەوە وەك مارەكەی مام هۆمەر بەگەردنی ئەردۆگانیەوە داوە.
ئەردۆگان هەرچی دژی كوردو دروستبونی قەوارەیەكی كوردی بێت لە هەركوێیەكی ئەم گۆی زەویەدا بێت ئەیكات، دژی رۆئاوای كوردستانە، تەنانەت نیازی هەیە بەلای ئەو ئەسەدەدا بای بداتەوە كە فاتیحەی بۆ خوێند، بەو مەرجەی قەوارەیەكی كوردی لە رۆژئاوا دروستنەبێت، ئێستا هیچ دور نیە كۆبونەوەكانی ئەنقەرە، تاران دیمەشق، بەغدا دوبارە ببنەوە، بەتایبەت لەم سەروبەندەی جاڕی فیدراڵی لە رۆژئاوا و ریفراندۆم لە باشوور، جموجوڵەكانی حیزبی دیموكراتی ئێران لە رۆژهەڵات و سەركەوتنەكانی پەكەكە لە قوڵایی سنورەكانی توركیا، ئەردۆگان دەمارەكانی گرژ دەبێتەوە و توشی هیستریا ئەبێت، كاتێك ئەمریكا و ئەوروپا و روسیا دان بە بونی پێشمەرگە و شەرڤاناندا ئەنێن و راستەوخۆ هاوكاریان دەكەن، روسیا و میسر هاوكاری پەكەكە دەكەن، ئەوەی جێگای داخە بێئاگا یان بەئاگا، پەیوەندی هێزە كوردستانیەكان لە هەر چوار پارچە لەوپەڕی خراپیدایە، دیموكراتەكانی ئێران دوو لەتن، كۆمەڵەكان سێ، ئەوەش بارودۆخی گۆڕان و پارتی ، كۆمەڵ و پارتی، یەكیەتی و پارتیە لە باشور، نێوانی ئەنەكەسە و پەیەدە لە رۆژئاوا تا دێت خراپتر دەبێت، پەكەكەش رێگە بە جوڵەی هیچ لایەنێكی تری كوردی لە باكور نادات، سەربای دژواری پەیوەندی پەكەكە و پارتی، پەیەدە و پارتی.
لەولاشەوە سوپای پاسداران هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێم دەكات، حەشدی شەعبی باس لە پاكتاوی حسابی دوای كۆتایی جەنگی داعشمان لەگەڵ دەكات، توركیا هێزەكانی لە كوردستا مۆڵداوە و مرخی لە بەشێك لە كوردستان خۆشكردوە سوریا بەو لاوازیە و ئۆپۆزسیۆنەكەشی دان بە شوناسی كوردا نانێن، ئەوەش حاڵی ناوخۆمانە. كە كەس ئێرەییمان پێنابات.
بە درێژایی مێژوو دەسڕۆیشتوانی كورد لایان ئاسایی بووە سەر بۆ دوژمنان نەوی بكەن و كوڕنوشیان بۆ ببەن، بەڵام پێیان شەرم بووە دەستی برایەتی بۆ یەك درێژ بكەن، بارودۆخەكە دوسەرەیە و هاوكێشەكان ئاڵۆزن تەنها بە یەكگرتن و یەكڕیزی و لێبوردەیی، لەوانەیە بەرگە بگرین و لەم هاوكێشە پێچیدەیە سەربەرزانە بێینە دەرەوە، بە پێچەوانەوە سایكس بیكۆیەكی نوێ چاوەڕێمانە
ئەندازیار عمری حاجی عناییت
2-7-2016