شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

موهتەدی پرۆژەیەك بۆ كاری هاوبەش ئاراستەی رێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران دەكات

عەبدوڵا موهتەدی لە ژێر ناوی “لەژێر چەتری پلاتفۆرمێكی هاوبەشدا” پرۆژەیەك بۆ كاری هاوبەش ئاراستەی رێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران- كۆمەڵە دەكات.

لە نوسینەكەی سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دا هاتووە “درێژەكێشانی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی لە ئێران و كزبوونی بڵێسەی شۆڕش لە كوردستانی رۆژهەڵات، بەڵای زۆر پێوە بووە و ئاكامی زیانباری زۆری لێكەوتۆتەوە. جیابوونەوە و دابڕان و دانیشتن و دڵساردی و دووركەوتنەوەش بەشێك لە ئاكامەكانی ئەو بارودۆخەن. دیارە هۆكاری دیكەش بۆ جیابوونەوەكان هەن كە پێویستیان بە لێكدانەوەی وردی هەر كامیان هەیە، بەڵام دەكرێ‌ بەگشتی و لەناویاندا قەتیس مانەوەی ناچاری حیزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی تەسك و تەنگەبەر و پڕ لە مەحدوودیەتی هەرێمی كوردستان، كەوتنە بەر دەستێوەردانی ئەم و ئەو و هەروەها نەزانی و نابەرپرسایەتی كەسەكانیش ئاماژەیان پێ‌بكرێت.”.

موهتەدی لەبەشێكی دیكەدا باس لە جیاییەكانی كۆمەڵە دەكات‌و تەنیا جیایی حیزبەكەی خۆی لە حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بە “خاوەنی بنەما‌و مەنتقی سیاسی” دەزانێت‌و دەنوسێت ” لەنێو هەموو جیایی و لێكهەڵبڕانەكانی ساڵانی رابوردوودا، كە لەنێو حیزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا كەمیش نەبوون، رەنگە تەنیا جیابوونەوەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە حیزبی كۆمۆنیستی ئێران جیابوونەوەیەكی بەڕاستی خاوەنی بنەما و تەوزیحی تێۆریك و خاوەنی مەنتیقی سیاسی بووبێت. بەبێ‌ ئەوەی لێرەدا پێداگری لەسەر روانینی خۆم بۆ ئەو جیابوونەوەیە بكەم، بەبێ‌ ئەوەش كە خوێندنەوەی لایەنی بەرامبەر قبووڵ بكەم، بەڵام هەموو لایەك لە سەر خاڵێك كۆكن ئەویش هەبوونی پرەنسیپ و مەنتیقی فكری و سیاسی بۆ جیاییەكەیە.”.

لەبەشێكی دیكەی پرۆژە پێشكەش كراوەكەدا عەبدوڵا موهتەدی ناڕاستەوخۆ رەخنە لە هەوڵی یەكگرتنەوەی لایەنەكانی كۆمەڵ، جیا لەحیزبەكەی خۆی دەگرێت‌و دەنوسێت ” بۆ من هیچ شتێك لە جیابوونەوە و لەت كردنی كۆمەڵە (یان هەر حیزبێكی خەباتكار و شۆڕشگێڕ) بەبێ‌ هەبوونی خەت و بەرنامە و سیاسەتی روون و جیاواز، بێ‌ماناتر و بێ‌پاساوتر و نابەرپرسانەتر نییە، هەروەكوو بینیویشمانە بێجگە لە دیاردەی مەنفی هیچ ئاكامێكی لێنەكەوتۆتەوە. بەهەمان شێوە، یەكگرتنی بێ‌بنەمای سیاسی رۆشنیش كە جاربەجار دەنگۆكەی بڵاو دەكرێتەوە بە هەوڵێكی ناسەركەوتوو و بێ‌داهاتوو دەبینم.”.
سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە هێنانەوەی چەندین نمونە لە پرۆژەی كاری هاوبەشی حیزب‌و لایەنە سیاسیەكان بە بۆچونی جیاواز لە جیهان‌و جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێبوونی وەها پرۆژەیەكیش لەنێوان حیزبەكەی‌و لایەنی بەرامبەر دەكات‌و دەنوسێت ” بەبڕوای من جێی ئەوەیە كە هاوڕێیانی رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران لە خۆیان بپرسن: بەڕاستی بۆ ناكرێ‌ ئەوان لەگەڵ ئێمە سەرەتایەكی دیالۆگ بۆ تاوتوێ‌ كردنی بابەتی هاوكاری دەست پێبكەن؟ سنوورە نەزەری و بەرنامەییەكانمان دیار و بەرچاون و كەس داوای ئەوە ناكات كە هیچ لایەكمان دەستی لێهەڵگرین. بەڵام با لە نزیكەوە گوێ‌ لە ڕا و بۆچوونی یەكتری بگرین، با دەست بە گفتوگۆیەكی راشكاو لە نێوان خۆماندا بكەین و زەمینەكانی هاوكاری لەنێوانماندا تاوتوێ‌ بكەین. ئەگەریش دەپرسن: هاوكاری لەسەر چی، دەڵێم: لەسەر تێكۆشان بەدژی نیزامی كۆنەپەرست وسەركوتكاری كۆماری ئیسلامی و هەڵپێچانی ئەو رژیمە لە كوردستان، لەسەر مافی دیاری كردنی چارەنووس بۆ گەلی كورد و لەسەر پتەو كردن و بەهێز كردن و بەسەركەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستان، لەسەر سێكولاریزم و جیایی دین و دەوڵەت، لەسەر دێمۆكراسی لەناوخۆی كوردستان و مافە سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكان، لەسەر ئازادی بێ‌لەمپەری دەربڕین و بەیان، لەسەر ئازادی یەكیەتی و سەندیكا كرێكارییەكان و رێكخراوە مەدەنی و پیشەییەكان، لەسەر ئازادی رێكخستن و ئازادی خۆپیشاندان و ئازادی مانگرتن، لەسەر یاسای كارێكی پێشكەوتنخوازانە، لەسەر یەكسانی مافی ژن و پیاو لە كۆمەڵگا، لەسەر قەدەغە كردنی چەوسانەوەی منداڵان و دابین كردنی خوێندن و پێگەیشتن بۆ هەموو منداڵانی وڵاتەكەمان، لەسەر بیمەی بێكاری و لەسەر دامەزراندنی سیستەمی بیمەی پزیشكی و دەرمانی بۆ هەمووان، لەسەر ئازادی تاك و كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی رێبازی سیاسی خۆی و قەدەغە كردنی هەر چەشنە دەست بۆ چەك بردنێك لەناوخۆی كوردستان لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا، بەڵێ‌، بەڕاستی جێی پرسیارە لەسەر ئەو خاڵانە و شتی لەو بابەتە بۆ ناتوانین هاوكاری بكەین؟ لە حاڵێكدا كە سنووربەندی فكری و سیاسی نێوانمان و بەرنامە و رێبازی سەربەخۆی هەر كامێكیشمان لەجێی خۆی پارێزراو دەمێنێتەوە.”.

عەبدوڵا موهتەدی لەكۆتاییدا دەنوسێت “ئەمن بەبەشی خۆم بەشانازییەوە بۆ هەڵگرتنی هەموو هەنگاوێك، بۆ سەردانی هەموو بنكەو بارەگایەك، بۆ چوونی هەموو ماڵێك یان بۆ بەپیرەوەچوونی هەموو میوانێك ئامادەم. بانگەوازی هەموو لایەكیش دەكەم كە ئەگەر لەم بارەیەوە دەنووسن و دەدوێن، تكایە كای كۆن زۆر بەبا مەكەن، بە زمانی زبر مەدوێن، بەڵكوو بەو پەڕی رێز و دڵسۆزییەوە و بۆ رێك خستمان بنووسن و بدوێن نەك بۆ لێك كردنمان. هیواداریشم هاوڕێیانی رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە) وەڵامی گونجاو بەو پێشنیارە بدەنەوە و لانی كەم بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و گفتوگۆ لەم بارەیەوە ئامادەیی نیشان بدەن.”.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …