پاشنیوەرۆو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە شەڕو پێكدادانێك لەنێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانو هێزێكی سوپای پاسداران لەناوچەی شنۆ روویدا كە بەپێی زانیاریەكان ٦ پاسدار كوژراونو 14 كەسی دیكەش برینداربووە.
روستەم جەهانگیری، بەرپرسی کۆمیسیونی سیاسی- سەربازی حدکا رایگەیاند: “لە ئەنجامی شەڕی رۆژی رابردووی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ سوپای پاسداران 6 کەس لە هێزە سەربازییەکان ئێران کوژراون و 14 کەسیش بریندار بوون”.
هەر لەو شەڕەدا 2 خەڵكی مەدەنی كە پیاوێكو منداڵێكن گیانیان لەدەستداوە.
شەوی رابردوو و تا بەرەبەیانی ئەمرۆش تۆپخانەكانی سوپای ئێران گوندی “قەرەسەقەل”یان تۆپباران كردوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 70%ی ئەو گوندە وێران بووە.
سەرچاوەكانی حیزبی دیموكرات رایدەگەیەنن لەو شەڕەدا تەنیا دوو پێشمەرگە برینداربوون.
هاوكات میدیاكانی ئێران لەزاری محەمەد پاكپور، فەرماندی هێزی پیادەی سوپای پاسداران بە بێ ئاماژە بە ناوی حیزبی دیموكرات هەواڵی شەڕەكەیان بڵاوكردوە.
پاكپور رایگەیاندوە: رۆژی چوارشەممە هێزەكانی سوپا لەگەڵ دوو گروپی “تیرۆریستی” بۆ ماوەی نیو كاتژمێر شەڕیان كردوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێرانە، لە زاری ئەندامانی خۆجێی سوپای پاسدارانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە 8 ئەندامی حدکا کوژراون و تەرمەکانیان لەژێر دەست سوپای پاسدارانە.