د. مەریوان وریا قانیع
ھەموو ئەوانەی لەماوەی ڕابردوودا باسیان لە کۆتایی سایکس-پیکۆ کردوە لەیەک خاڵدا ڕاستدەکەن. سنووری بڕێک لە دەوڵەتەکانی ئەو ناوچەیە بە کردەیی نەماون و لە شوێنی ئەواندا کۆمەڵێک دەوڵەتی داوەشاو دروستبوون: عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و لیبیای ئەمڕۆکە شیتر عێراق و سوریا ق لوبنان و یەمەن و لیبیای سەردەمی سایکس پیکۆ نین، دوای سەد ساڵ لەدروستبوونیان لەنەوەوە داوەشاون. ئەم وڵاتەنە بە کردەوە بوونیان نەماوە، لەھەریەکێکیاندا زیاد لە ھێزێکی ناوچەیی دروستبووە کە دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی لەدەستدایە، ئەگەرچی بە لۆژیکی دەوڵەت کارناکات. ئەو وڵاتانەی تری ناوچەکە کە بە دەردی ئەم پێنج وڵاتانە نەچوون، ئەوانیش ڕوویان بە چەندان قەیرانی گەورەی نەبوونی ”چوارچێوەی نیشتیمانیی“ و ”شوناسیی نەتەوەیی“دا تەقیوەتەوە، میسر و سعودیە و مەغریب و جەزائیر نموونەی ئەم دۆخەن.
لە عێراقی لای خۆماندا لانیکەم سێ دەوڵەت ھەیە، دەوڵەتێکی ”ناوەند!!!“ی لەبەغدا، ”دەوڵەت“ی خەلافەتەکەی ئەبوبەرکری بەغدادیی و ”دەوڵەت!!!“ەکەی کورد لە ھەرێمدا. دەڵێم لانیکەم سێ دەوڵەت چونکە ھەموو چاودێرێکی ئاسایی ئەو ناوچەیە دەزانێت لەناو ھەریەکێک لەو سێ ”دەوڵەت“ەدا چەندان دەسەڵاتی ناوچەییی ھەیە کە وەک دەوڵەت لەناو دەوڵتدا کاردەکەن و ھەموو بنەماکانی دروستبوونی یەکێتییەکی نیشتیمانیی و نەتەوەییان لەو دەوڵەتانەدا وێرانکردوە. ”دێگەڵە“ سنوورە موقەدەسەکەی ھەرێمە و بە کردەوەش شتێک بەناوی حکومەت و دەوڵەتەوە لە ھەرێمدا بوونی نییە. لەزۆر بواردا ”حکومەتی ناوەند لە بەغدا“ سنوورەکانی بەغدا تێناپەڕێنێت و لەناو بەغداشدا چەندان ناوچە ھەن تەنھا بەناو لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، لەبەشەکانی تری عێراقیشدا ھەر گروپێک و لەشکری تایبەت بە خۆی و بیرۆکراسیەتی حیزبیی تایبەت بە خۆی ھەیە. لە ”خەلافەتەکی بەغدادیی“دا ھەر کەسێک سونیەکی وەھابی نەبێت جێینابێتەوە. مۆدێلی ھەرێم کە مۆدێلی بوونی دوو ئیمارەتی حیزبیی داخراوە، ئەو مۆدێلەیە لەناوچەکدا باڵادەستە.
بە کورتی، ئەگەر ئەو گریمانەیە ڕاستبێت کە سایکس پیکۆ کۆتایی پێھاتبێت، یان تەواو لاوازبووبێت و ناوچەکە لە زیاد ئاستێکیدا بە کردەوە لەدەرەوەی سایکس پیکۆدا بژی، دەڵێم گەر ئەم گریمانەیە ڕاستبێت، ئەوکات پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا بەڕاستی ناوچەکە لە قۆناغی ”دوای سایکس پیکۆ“دا دەژیی؟ قۆناغی ھەڵوەشاندنەوەی ھەندێک دەوڵەت و دروستکردنی ھەندێک دەوڵەتی دیکە؟ بەبۆچوونی من کۆتایی سایکس پیکۆ، ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەم ناوچەیەی نەگواستۆتەوە بۆ قۆناغی دوای سایکس پیکۆ، بەڵکو بردویەتییەوە بۆ ”قۆناغی بەر لە سایکس پیکۆ“، قۆناغی بوونی چەندان ئیمارەت و دەربەگایەتی سیاسیی کە تیایاندا کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە ھەموو دەسەڵاتەکانیان لەدەستدایە و چەک و جبەخانەی زۆر و پارەی بێشومار و لەشکرێک پیاوکوژی نھێنیان ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە. ”قۆناغی بەر لە سایکس پیکۆ“ قۆناغی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمان و ھاوڵاتیبوونە، قۆناغی بەر لە دروستبوونی دەزگا مۆدێرنەکانی حوکمڕانییە، قۆناغی بەر لە یاسا و دەستور و دبەشکردنی دەسەڵاتەکانە. قۆناغی ئەو چوارچێوانەیە لەباتی ھاوڵاتیی یەکسان و خاوەن ماف پڕە لە ڕەعیەتی سیاسیی بێماف و لەباتی مافی ھەڵبژاردنی ڕاستەقینە بەیعەی سیاسیی مسۆگەرکراو و لەباتی لێپرسینەوەی یاسایی و ئەخلاقیی ڕاستەقینە، نەسیحەت و مەشورەی سوڵتان سەروەرە.
قۆناغی بەر لە سایکس پیکۆ قۆناغی مەرگیی ھەموو ئەو دەسکەوتە مۆدێرنانەی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، تەمویلکردنی ئەم قەبرسانە سیاسییە گەورەیە بە پارەی نەوتی زۆر و دزراو دەکرێت، نەوت کە بووە لەعنەتێکی سیاسیی گەورە لەناوچەکەدا.