هەموو وڵات و دەسەڵاتێک تووشی کێشەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەبێ و لەوانەشە تاماوەیەک ئەو قەیرانە بەردەوام بێت ، ئەم قەیرانە ناوی قەیرانی سیاسی ، ئابووری یان کۆمەڵایەتیە.
ئەگەر چارەسەر پەیدابوو ، ئیتر قەیران پاشەکشەی پێکرا مانای عەقڵی ئەو نوخبە سیاسی ودەسەڵاتدارە هێشتا کاردەکات. بەڵام ئەگەر چارەسەر پەیدانەکرا و ماوەیەکی زۆر کاریگەریەکانی قەیران بەردەوام بوو، دیارە عەقڵی چارەساز نیە و بەم قۆناغەی دووەم ئەوترێ قەیرانی عەقڵانی.
بەردەوامبوونی هەردوو قەیرانەکە و خراپبوونی کاریگەریەکانی دەبێتە هۆی نەمانی ڕەوایی ئەو دەسەڵات و سیاسەتە و ئیدی قۆناغی سێهەمی قەیران دێتەکایەوە کە پێی ئەوترێ قەیرانی ڕەوایی.
بەردەوامی ئەم هەلومەرجە و خراپتربوونی ژیانی وڵات و خەڵک ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی متمانە. لەم کاتەدا نەخەڵک بڕوا و متمانەی بە حکومەت و سیاسەت ئەمێنێ و نە دەسەڵاتەکەش زەمینە و بەهانەی مانەوەی ئەمێنێ. ئەم هەلومەرجەیە کە بیرمەندانی مارکسی ناوی ئەبەن بە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە و ئەگەری شۆڕش و ڕاپەڕین پەیدائەبێ و لەوانەیە دەسەڵات و سیاسەتی کۆن بکەوێتە بەر پەلاماری خەڵک .
ئێستای باشووری کوردستان بەتەواوی لەم ڕەوشەدایە، بەڵام نەبوونی هێز و بەدیلی پێشکەوتوخواز و شۆڕشگێڕ سەردەمی کۆنی هێشتۆتەوە و ئەمەش قەیرانێکی دیکەیە ، کە کۆن لە گیانەڵادایە و نوێش لەدایک نەبووە.