سەرەڕای لێدوانی نافەرمی هەردوو حیزبی دیموكرات، یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵات شەڕەكەی دوێنێی سەردەشتی گرتە ئەستۆ.
لەبەیاننامەیەكدا یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵات (یەرەكە) رایدەگەیەنێت: دوێنێ چوارشەممە لەدەورووبەری ناوچەی رەبەتی سەر بە شاری سەردەشت ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕو پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان- YRK و هێزە خۆجێیەکانی کۆنترا گریلای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا هێزەکانی ڕژێم گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە”.
یەرەکە دەڵێت: “کاتژمێر چواری سەر لەبەیانی گروپێکی کۆنترا گەریلای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ویستوویانە کە هێرشی گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان- YRK بکەن، گەریلاکان زۆر هۆشیارانە لەپلانە چەپەڵەکانی ئەو هێزە ئاگاداردەبنەوەو لە ئەنجامدا شەڕ هاتۆتە ئاراوەو تاکاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ بەردەوام بووە، لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لەهێزە خۆجێیەکانی سوپای پاسداران کوژراون و بریندار بوون،و هەروەها ئۆتۆمبێلیکی ئەو هێزانە تێکشکێندراوە، لەدوای شەڕەکەش هێزی پشتیوانی سوپای پاسداران بە ژمارەیەکی زۆرەوە هاتوونەتە ناوچەکە”.
دەربارەی زیانەکانیان یەرەکە ئاماژەی بەوەکردووە: گەریلاکان بەبێ هیچ زیانێک گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و لە داهاتووشدا زانیاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە. بەیاننامەی فەرمی یەرەكە لەكاتێكدایە كە لە دوێنێ چوارشەممەوە ئەندامانو لایەنگرانی هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانو حیزبی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باسیان لەوە دەكرد كە پێشمەرگەكانی ئەوان ئەو شەڕەیان كردوە و هەروەها کورکانال کە زوانی رەسمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانە رایگەیاند کە پێشمەرگەکانیان لەگەڵ وڵاتپارێزەران ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.