شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

بۆ خه‌باتكارانی سه‌رچۆپی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات / جوانمێر مارابی

به‌ ئێعترافی خودی ئه‌م سه‌رچۆپی كێشانه‌ و “تیوری” داڕێژه‌رانی خه‌باتی چۆپی كێشان، بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ قه‌یراندایه‌. له‌ هه‌ر كام له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان وه‌زع جیاوازتره‌ له‌ رۆژهه‌ڵات. له‌و كاته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كانی ئێمه‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان به‌ جێ هێشت و نیشته‌جێی باشووری كوردستان بوون (ئایا ده‌كرا له‌ رۆژهه‌ڵات بمێننه‌وه‌؟؟

ئایا نه‌ده‌كرا ئاڵترناتیڤێكی دیكه‌ هه‌ڵبژێرن؟ یان…، باسێكی دیكه‌یه‌)، ره‌وتی روله‌ نشوست و كزی و په‌رته‌وازیی و داروخان و پاسیڤبوون ده‌ستی پێكردوه‌ و هه‌تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌. نه‌تیجه‌ی زیاتر له‌ دو ده‌یه‌ نیشته‌جێی بوون له‌ كه‌مپه‌كان، له‌ت له‌ت بوون، دور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك، سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان دیارده‌ی ناشیرین كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگا سوننه‌تی و دواكه‌وتوه‌كانیشدا به‌دی ناكرێت، ناشیرین كردن و بنكۆڵكردنی یه‌كتر، كۆپیكردنی شێوازی حزبایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداری باشووری كوردستان كه‌ نمونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و نادێمۆكراتیك و …، سواری مۆنیكا بوون چه‌ند حیمایه‌ خستنه‌ پشت سه‌ر خۆ، پاڵدانه‌وه‌ و گرتنی خزمه‌تكار و زۆر شتی دیكه‌ كه‌ ئینسان له‌ باسكردنیشیان شه‌رم ده‌كات، ئه‌مانه‌ به‌ كورتی به‌رهه‌می زیاتر له‌ دو ده‌یه‌ له‌ كاری حزبه‌كانه‌!!!! ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م شایی و لۆغانه‌تان له‌ چییه‌؟؟؟؟ بۆ كام به‌رهه‌م شایی ده‌كه‌ن؟؟ ئه‌مجۆره‌ له‌ رێزگرتن قیزه‌ونترین شیوازی كاری حزبییه‌. دیفاعكردن له‌مجۆره‌ حزبایه‌تی كردن مانای رازیبوونه‌ به‌م هه‌موو ناشیرینییه‌‌ كه‌ حزبه‌كانی ئێمه‌ تێی كه‌وتون. ده‌نگدانه‌ به‌ مانه‌وه‌ی دۆخی ئێستا (وچع موجود). ده‌نگدانه‌ به‌ كار نه‌كرد و پاڵدانه‌وه‌ و قسه‌ی زل و هه‌رچی ناشیرینییه‌. كام لایه‌نیش هه‌وڵ ده‌دا ئه‌مجۆره‌ له‌ حزبایه‌تی په‌ره‌پێبداته‌ له‌ هه‌موویانه‌ ناموبارزتر و درۆزنتره‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك. ئه‌وانه‌ش كه‌ چالاكی ئه‌م بواره‌ن خه‌ڵكانێكی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ئافیه‌ت ته‌ڵه‌ب و فاڵانژی سه‌ره‌وه‌ی خۆیانن كه‌ ئه‌وانیش له‌باری فه‌ردییه‌وه‌ به‌هره‌مه‌ندن له‌م وه‌زعه‌. ئێوه‌ له‌ گوێی گالدا خه‌وتون، خه‌ڵك ئاگاداری ورد و دروشتی كار و كرده‌وه‌ی ئێمه‌ن، بۆیه‌ شاییگێرانتان ئه‌وه‌نده‌ دیكه‌ ناشیرینتان ده‌كات. دڵسۆزی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ راشكاوانه‌ و راستگۆیانه‌ وه‌زعی مه‌وجود بداته‌ به‌ر ره‌خنه‌ و قامك له‌ چاوی خولقێنه‌رانی ئه‌م دۆخه‌ بكات.
كه‌واته‌ به‌ جێگه‌ی شایی و لۆغان دانیشین شانێك بگرین باشتره‌.

ئه‌مه‌ش به‌شێك له‌ پپێشنیاره‌كانی من كه‌ پێشتر به‌ بۆنه‌ی 26ی رێبه‌ندان رۆژی كۆمه‌ڵه‌ بڵاوم كردۆته‌وه‌:

26ی رێبه‌ندان رۆژی كۆمه‌ڵه‌
دوای پیرۆزبایی له‌و كه‌سانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت چڵه‌ پوشێكیان خستۆته‌ سه‌ر خه‌رمانی شانازییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ (نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌یان له‌ سه‌ر خۆیان داناوه‌ و ئاگریان له‌م خه‌رمان به‌رداوه‌)، خۆزگه‌ یان پێویسته‌:
1- نه‌سڵی نوێی كۆمه‌ڵه‌ به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی كاریگه‌ری ئینشعابه‌كان، به‌ بێ ده‌خاڵه‌تدانی خواستی شه‌خسی و كێشه‌كانی نه‌وه‌ی كۆن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌مرۆیی و تازه‌ و عه‌ینی و واقعی بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان بكات و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ست پێ بكات. به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر نه‌سڵی كۆن نه‌یانتوانی خۆیانی له‌گه‌ڵ بگونجێنن، ئه‌م خه‌باته‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌ر پێی خۆی بێت و له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان وه‌ڵامی خۆی گرتبێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م نه‌سڵه‌ ناچار بكات ببنه‌ خه‌باتكاری یان بچنه‌ ماڵه‌وه‌ دانیشن.
2- كۆمه‌ڵه‌ وازی له‌ قسه‌كردنی بێ كرده‌وه‌ ده‌هێنا. یان بگه‌یشتایه‌ته‌ ئاستێك كه‌ كاتێك بڕیارێك ده‌ر ئه‌كات، یان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌كات، دۆست و دوژمن به‌جیدی وه‌ری بگرن و حیسابی بۆ بكه‌ن.
3- كۆمه‌ڵه‌ بڕیاری ده‌دا كه‌ گه‌ڵای دار بخوات، به‌ڵام حازر نه‌بێت له‌ به‌ر یارمه‌تی مادی هیچ لایه‌نێك مل كه‌چ بیت و نه‌توانێ بڕیاری سه‌رخۆیانه‌ و ئازایانه‌ و مێژوویی بدات.
4- نه‌سڵی نوێی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ خاوه‌ن ئیراده‌ و موسه‌مم بێت له‌ هه‌نگاوه‌كانی كه‌ شانازییه‌كانی رابردووی كۆمه‌ڵه‌ بكاته‌ پرده‌باز بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی و ته‌نیا له‌ سه‌ر حیسابی رابردوو نه‌ژیت.
5- كۆمه‌ڵه‌ ستراتیژ و تاكتیكی خۆی به‌ پێی واقعیه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردستان داڕێژێت. ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت كه‌ كام لایه‌ن ئه‌م موته‌هه‌م ده‌كات به‌ ناسیۆنالیست بوون یان كام لایه‌ن ئه‌م تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ گرنگ نییه‌.
6- له‌ كۆمه‌ڵه‌ شایسته‌سالاری حاكم ده‌بوو. هه‌یكه‌لی كۆمه‌ڵه‌ به‌ جۆریك بێت كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی تاكه‌كه‌سێكدا نه‌بێت و ئه‌ویش وه‌كوو ئامراز بۆ مه‌رامه‌ شه‌خسییه‌كانی خۆی كه‌ڵكیان لێوه‌رگرێت.
7- بارهێنانی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌بێ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی تێدا بكرێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شانازییه‌ مێژووییه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م هێز بوه‌ كه‌ ژنانی هێنایه‌ رێزی خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه‌، به‌ڵام بارهێنانی ژنان هه‌تا ئێستاش پڕ له‌ كه‌م و كوڕی و تا هاتوه‌ خراپتریش بوه‌.
8- كۆتایی ده‌هات به‌ مه‌راسمی تكراری و چالاكی تكراری و هه‌ر ساڵ كۆمه‌ڵه‌ به‌ ئیبتكارێكی تازه‌وه‌ یادی ئه‌و رۆژه‌ی ده‌كرده‌وه‌.
9- دیارده‌یه‌كی نامۆ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ واته‌ ناوچه‌گه‌رایی له‌ كۆمه‌ڵه‌دا بۆهه‌میشه‌ بنه‌بڕ ده‌كرا.
10- هه‌ندێ شه‌خسی بێزار و ناخۆشه‌ویست و موزڕ بۆ كۆمه‌ڵه‌ له‌ پێناو خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵه‌، بۆ هه‌میشه‌ وازیان له‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌هێنا. ئه‌وانه‌ش كه‌ هێشتا عوقه‌ده‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌ردیان چاره‌سه‌ر نه‌بوه‌، بڕۆن له‌ پێشدا له‌باری ره‌وانییه‌وه‌ خۆیان ده‌رمان بكه‌ن.
11- ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ گونیه‌ دۆلاره‌وه‌ رۆیشتنه‌وه‌ ماڵ و پاڵیان لێداوه‌ته‌وه‌، ئه‌و پاره‌یان ده‌هێنا و ده‌یانخسته‌ حزمه‌ت بزوتنه‌وه‌ی كوردستان یان لانیكه‌م یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانیان ده‌كرد.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …