وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لیستێكی لەبارەی چەندین كردەوە “تیرۆریستی” ئامادەكردووە، كە حكومەتی ئێران تۆمەتباری سەرەكیە بە ئەنجامدانیان، لەوانە تیرۆری دوو سەركردەی دیاری رۆژهەڵاتی كوردستان.
ناكۆكیەكانی تاران و ریاز تا دێن فراوانتر دەبن و لە درێژەی ناكۆكیەكانی نێوانیان، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە 58 كردەوەی “تیرۆریستی” داوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتباری سەرەكی ئەنجامدانیانە.
لە بڕگەی 16 ی ئەو لیستەدا ئاماژە بە تیرۆری عەبدولرەحمان قاسملوو سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و عەبدوڵا قادری ئازەر كراوە لە ساڵی 1989.
هەر لەو بڕگەیەدا تیرۆری سادق شەرەفكەندی سكرتێری هەمان حزب كراوە لە ریستۆرانتی میكۆنۆس لە ئاڵمانیا.
لە بڕگەی 19 ی لیستەكەدا ئاماژە بە بڕیاری دادگای میكۆنۆس كراوە، كە تێیدا وەك تۆمەتباری سەرەكی دۆسیە كوشتنی شەرەفكەند ئاماژە بە عەلی فەلاحیان وەزیری ئەو كاتەی ئیتلاعاتی ئێران كراوە و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.
ئێران و سعودیە وەك دوو هێزی ناوچەیی كە بانگەشە رێبەرایەتی كردنی هێڵەكانی شیعە و سونە دەكەن، لەسەر چەندین پرسی دەڤەرەكە ناكۆكیان هەیە و لە پاش لە سێدارەدانی رابەری شیعەكانی سعودیە، لە لایەن حكومەتی ریازەوە، پەیوەندیەكانیان زیاتر لە هەموو كاتێكی تر گرژی تێكەوتووە.