دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی لە ئێراندا تەحریم دەكاتو داوا لە خەڵك دەكات بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن.
دەقی بەیاننامەکە:
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاویدا، دەیەوێ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسی بەناو شوورای ئیسلامی و هەروەها خولی پێنجەمی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە ببا و لەو پێناوەدا، لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزەوە دەستی کردووە بە ناونووسینی بەربژێرەکانی ئەندامەتیی ئەو مەجلیسانە. ڕێژیم وەکوو هەمیشە لە پرۆسەیەکی چەند مانگەدا، هەم پێش لە دەسپێکی ناونووسین و هەم لە دوای ناونووسین و باسی لەفیلتێردانی بەربژێرەکانی هەڵبژاردن و تا دوایی، کە پەردەی کۆتایی شانۆکە بە کۆتاییهاتنی دەنگدان و دەستێوەردانی سندووقەکان بەئاکام دەگا، کایەیەکی چەندپات کراوە بەڕێوە دەبا و بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئامادە بوون لەو شانۆیەدا و بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن، باس و بابەتی جۆربەجۆر دەورووژێنن و بە دروستکردنی کەشی ئێحساسی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گرووپە هەمەڕەنگەکان لە ئێراندا، دەیانەوێ خەڵک وا تووشی وەهم ببن کە ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەندێک شت بگۆڕێ.
هەرچەند بۆ کەسانی شارەزا هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە دیاربوو، بەڵام ئەزموونی چەند دەیە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، هیچ ناڕوونییەکی نەهێشتۆتەوە و بەڕوونی سەلماندوویە کە ئەم ڕێژیمە لە ئامرازی هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مەشرووعیەتی چەواشەکراوی خۆی کەڵک وەردەگرێ و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و دێموکراتیک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بوونی نیە.
ئەوەی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتبێ، دەزانێ کە ئەم ڕێژیمە لە سەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، کە نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکوو خۆی بە خاوەنی خەڵک دەزانێ دامەزراوە و ئەم دەسەڵاتی وەلیی فەقیهە، لە ڕێگەی زەبر و زەنگی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی و لە ڕێگەی دەستگرتن بە سەر سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنەوەی بەپێی پێویستییەکانی ڕێژیم و هەروەها لە ڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنی بەربڵاو لە تلویزیۆنەوە بگرە تاکوو مینبەری مزگەوتەکان، خۆی دەسەپێنێ و درێژە بە مانی دەدا و لە ڕاستیدا ئەوەی کە سەرچاوەی بنەڕەتیی دەسەڵات و حکوومەت بێ، لە ئۆرگانە ئینتسابییەکاندا کۆ کراونەتەوە و هەموویان لە ژێر دەستی وەلیی فەقیهدا بەڕێوە دەبرێن و بەپێی یاسای نامەشرووعی کۆماری ئیسلامی، ڕێبەری ڕێژیم خاوەنی خەڵک و خاوەنی هێز و خاوەنی بڕیاری ئەساسی لە نێو سیستمدایە.
بەو پێیە باسی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لە ئێراندا، هەر لە بناخەوە لەجێی خۆیدا نیە، چوونکە ناوەندەکانی دەسەڵات ناخرێنە هەڵبژاردنەوە و تەنیا پۆستە لاوەکیە بێدەسەڵاتەکانن کە لە سیناریۆیەکی چەواشەکراودا، شانۆگەریی هەڵبژاردنیان بۆ بەڕیوە دەچێ.
لەم پێناوەدایە کە شایەتی ئەوەین، هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری لە ئێرانی ژێردەدسەڵاتی ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ، بەڵام هەموو سەرۆک کۆمارەکان لە کۆتاییدا بەو ئاکامگیرییە دەگەن کە بە وتەی خاتەمی، جگە لە تەداروکاتچییەکی ویستەکانی ڕێبەر، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.
هەر وەها هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە دەچێ، کە بەپێی یاساکانی ڕێژیمیش بێ، دەبێ چاوەدێری بە سەر کارەکانی ڕێبەردا بکەن و ئەوان ڕێبەر دیاری بکەن، بەڵام گەر بە ئەسپاییش باس لە نەک ڕێبەر، بەڵکوو تەنیا ئەو ئورگانانەی کە فەرمان لە ڕێبەر وەردەگرن بکەن، هەڕەشەیان لێ دەکەن و بێدەنگ دەکرێن، کە نابێ ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە بکەنەوە کە پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر ڕاکێشن!
لە نێو دامەزراوەکانی ڕێژیمدا، مەجلیسی ڕێژیم لە هەموویان کارتۆنیترە. بە هەموو شێوازێک پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن کە جیناح و دەستە و تاقمی جیاواز لە ڕێژیمدا هەیە و لە سەر کورسیی مەجلیس گوایە ڕەقابەت دەکەن، بەڵام مەجلیس تەنیا دەبێ بە شوێنی کۆبوونەوەی تاقم و دەستە جیاوازەکان و وەرگرتنی ئیمتیازاتی مادی بۆ کەسەکان و ئەوەی یاسا و بڕیاری چارەنووسساز بێ، ڕێگەیان نیە کە باسیشی بکەن و گەر خودای نەکردە ڕۆژێک لە ڕۆژان، یاسایەکی بە تۆزقاڵێک لەگەڵ ویستی ڕێبەری ڕێژیم جیاواز بێ و ئەو مەجلیسە بیەوی ئەو بڕیارە پەسند بکا، وەک دەورانی مەجلیسی شەشەمی ڕێژیم، بە فەرمانێک بێدەنگیان دەکەن و سەرۆکی مەجلیسیش دەڵی؛ “حوکمی حکوومەتی” هاتووە و نابێ چیدی باس لەو شتە بکرێ!
ئەوانە هەموو سنووری ئیختیاراتی نیهادە بەناو ئینتخابییەکانی نێو ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهین، کە بەپێی یاسای ڕێژیم و بەپێی عورفی حکوومەتی و بەپێی ڕەوتی دەسەڵاتداریی، هیچ دەرەتان و دەرفەتێک بۆ هیچ ئیرادەیەکی جیاواز لە ئیرادەی وەلیی فەقیهی تێدا ناهێڵنەوە و هەرکاتیش بەپێویستیان زانی، سوپای پاسداران هەڕەشەیەک دەکا تاکوو دەنگە لارەکان ڕاست بکەنەوە و “بەسیرەتیان” بۆ بگێڕنەوە.
جیا لە بێدەسەڵاتیی ئەو نیهادانە، بوونی شوورای نیگەهبان کە لە باتی هەموو نەتەوەکانی ئێران بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدا، بازنەیەکی دیکەی بێدەسەڵات کردن و بێنێوەڕۆک کردنی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیە. شوورای نیگەهبان بەپێی یاسای ناڕەوای کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی “نەزارەتی ئیستیسوابی” پێدراوە کە دەتوانێ هەم بەسەر ڕەوتی هەڵبژاردندا چاوەدێری بکا و هەم بەربژێرەکان دیاری بکا و هەم براوەی بەناو هەڵبژاردن دیاری بکا و لە ڕاستیدا هەڵبژاردن لە ئێراندا هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک نیە، بەڵکوو دیاریکردنی مۆرەکانی جێگاپەسندی ڕێژیمە بۆ نێو ئۆرگانە فۆرمالیتە و ڕواڵەتییەکان.
لە ڕەوتی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی بەربژێرە جێی پەسندەکانی شوورای نیگابانیشدا، دووبارە دامودەزگا نیزامی، ئەمنیەتی، ئابووری، ڕاگەیاندنی و مینبەری مزگەوتەکانی ژێردەستی ڕێژیم، وەگەڕ دەکەون تاکوو لە نێو بەربژێرەکانیشدا ئەوەیان کە زۆرتر بەدڵی ڕێبەری ڕێژیم و دارودەستە و تاقمەکانی نێو ڕێژیمە، خەڵکیان بۆ کۆبکرێتەوە و دەنگی چەواشەکراوی خەڵک بۆ لای ئەوان بێ. لە کۆتایی دەنگدانیشدا، دووبارە ئەوە شوورای نیگابانە کە دەنگەکان دەژمێرێ و هیچ چاوەدێرییەکی بێلایەن بوونی نیە، تاکوو لانیکەم دەنگەکان بە دروستی بژمێردرێن و ئەوەی بەدڵیان بێ و بە پێویستی بزانن، وەک براوەی شانۆگەرییەکە ڕایدەگەیەنن.
بەم هۆکارانەوە کە پرسی هەڵبژاردن لە ئێراندا هیچ پێوەر و پێوانەیەکی ئازاد و ڕاستەقینە و دێموکراتیک بەخۆیەوە ناگرێ و خەڵکیش باوەڕیان پێی نیە و ڕێژیم لە هەموو بەناو هەڵبژاردنەکانیدا، لەگەڵ قەیرانێک بە ناوی قەیرانی ڕوو وەرگەڕانی خەڵک لە سندووقەکان بەرەوڕوو دەبێ، بۆیە لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا کە تاکوو ئێستا ٣١ هەڵبژاردنی جۆربەجۆری بەڕێوە بردووە، بەردەوام پیلانی گێڕاوە و پەلەقاژەی کردووە، تاکوو خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. پیلانەکانی ڕێژیم بۆ ئەو مەبەستە هەر لە دروستکردنی دەنگۆی جۆربەجۆرەوە کە وا نیشان بدا لەم هەڵبژاردنەدا شتێکی جیاواز دێتە ئاراوە دەست پی دەکا و تا دەگاتە دروستکردنی جۆرە کێبەرکێیەکی ناواقیعی لە نێو خەڵکدا کە بە گرووپ و چین و توێژ و سەلیقەی جیاوازەوە، وا بزانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دیاری دەکەن و گەر ئەوان نەیکەن، گرووپی ڕەقیب بەشەکەی ئەوان داگیر دەکەن. ئەمە جیا لەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک کە بۆیان بکرێ، بە هاندان و تەماح وەبەرنان و بە هەڕەشە، خەڵک بۆ چوونە سەر سندووق پاڵ پێوەدەنێن.
لەم دەورەیەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیس و مەجلیسی خوبرەگانیشدا، دوای شکستی گەورەیان لە بواری پەروەندەی ناوکیدا، کە لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا تەسلیم بوون و چۆکیان دادا، هەم بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان و هەم بۆ بازارگەرمیی هەڵبژاردن، هەندێ دەنگۆیان لەنێو خەڵکدا بڵاو کردەوە کە هیچ نیشانێک لە ڕاستیی تێدا نیە، چوونکە لە ئەساسدا هیچ شتێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت وهیچ دەرەتانێک بۆ بەشداریی ڕاستەقینە و دێموکراتیکی خەڵک لە دیاریکردنی چارنووسی خۆیان و وڵاتدا نیە. بڕیاری چارەنووسساز لە شوێنی دیکە دەدرێ کە گاڵتەی بە نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان دێ.
لە کوردستانیشدا، چەندین بەرابەری هەموو ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژیم لە شوێنەکانی دیکە دەیکا، بە ئەنجامی دەگەیەنێ و بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا و لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بەربژێری ڕەنگاوڕەنگ دادەنێ تاکوو ڕەقابەتێکی ناواقیعی لە نێو فەزای بیروڕای گشتی لە کوردستاندا دروست بکا و بەداخەوە هەندێ جاریش تێیدا سەردەکەوێ و لە هەموو ئیمکاناتی سپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی و کومیتەی ئیمداد و حەراسەتی زانکۆ و ئیدارەکان و هەڕەشەی نانبڕین و … کەڵک وەردەگرێ، تاکوو خەڵکی کورد لە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بن.
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە بە هەموو ئەو باسانەی لە سەر دۆخی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان لە ئێراندا کردمان و بە هەموو ئەزموونی ڕابردووی ڕێژیمەوە، ئایا تاکوو ئێستا هیچ گۆڕانێکی موسبەت بە قازانجی خەڵک کراوە و لە دەستی ئەو بەناو نوێنەرانە لە مەجلیس شتێک هاتۆتە دی، تاکوو خەڵک دڵیان بە بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە خۆش بێ؟.
ڕوون و ئاشکرایە کە شتێک بە ناوی پارلەمان و مەجلیسێک کە نوێنگەی ئیرادەی خەڵک بێ، بوونی نیە وتەنیا شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئورگانێکە کە شوورای نیگابان ڕێگەی پێداون تێیدا بەشدار بن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە جگە لە شەرعیەتدان بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.
لە وەها دۆخێکدا گەر تەنانەت موعجیزەیەک ڕوو بدا و تەواوی مەجلیس ببێ بە کەسانی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر و لە خەمی مافی گەلدا بن، تازە هیچیان پی ناکرێ و هەموو هەوڵ و تەقەلایان بە حوکمێکی حکوومەتی بەفیڕۆ دەدرێ.
بەو باس و بابەتانە و بەو ڕابردوو و ئەزموونانەی کە باس کران، پێمان وایە کە شانۆگەریی ئەم جارەی ڕێژیمیش وەک هەموو شانۆگەرییەکانی، هیچ پێوەر و ڕەنگێکی هەڵبژاردنی دێموکراتیک و ئازادی پێوە دیار نیە و ئاکامەکەشی هەرچی بێ، بەقازانجی خەڵک تەواو نابێ و هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بۆ گۆڕانکارییەک بە قازانجی گەلی تێدا نابێ و نایەتە دی. بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بە ناڕەوا و نادروست دەزانین و بایکۆتی دەکەین.
داوا لە خەڵکی وشیار و مافخوازی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد دەکەین کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نائازاد و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبن و لە ڕۆژی دەنگداندا لە سەرسندووقەکان ئامادە نەبن و لە باتی دەنگدان لە وەها پرۆسەیەکدا، لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
داوا لە هەموو تێکۆشەرانی گەلەکەمان و هەموو ئازادیخوازان و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەین کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و بە هەموو تواناوە بۆ ئیفشا کردنی پیلانەکانی ڕێژیم و بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە و هەروەها بۆ هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان کار بکەن و هەوڵ بدەن، تاکوو بۆ جارێکی دیکەش بەم ڕێژیمە بڵێینەوە کە پیلان و شانۆگەرییەکانیان بۆ خەڵک بەتاڵ و بێمانا بوونەتەوە.
برووخێ ڕێژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتن بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٤
١٠ی ژانویەی ٢٠١٦