دوای ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له‌سوریا، هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی، سه‌راپا گۆڕی. بۆ دۆخی ئێستا له سێ به‌شی كوردستاندا، باكورو رۆژههڵاتو باشور، راسته‌وخۆ كه‌وتوینه‌ته ژێر كاریگه‌ری گۆڕانكاری هاوكێشه‌كان. سهروتارێكم له ژماره (6798)ی 19/10/2015 رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ به‌ناونیشانی (دۆخی ناوچه‌كه‌و ناكۆكییهكانو چاره‌نووسی كوردستان) نوسی. دوای ئه‌م سه‌روتاره له‌سه‌ردانی به‌رلیندا (25/10/2015) كۆرێكم به‌ناونیشانی (دۆخی ئێستا.. دیارده تازه‌كانی سیاسه‌تی نێودهوڵهتیو كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر چاره‌نوسی كورد) به‌ست. دوابه‌دوای ئه‌مه‌ش له ستۆكهۆڵم (30/10/2015) كۆڕێكی ترم به‌ناونیشانی (دۆخی كوردستان‌و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای جه‌نگی داعش) سازدا. ته‌له‌فزیۆنی رووداویش له ستۆكهۆڵم له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی هه‌مان بابه‌ت چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كردم كه له رۆژنامه‌ی رووداو ژماره (2/11/2015)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌به‌ر گرنگی بابه‌ته‌كه، زانكۆی سلێمانیش رێكه‌وتی 17/11/2015 له‌هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی، له‌كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی كۆڕێكیان به‌ناونیشانی (هاوكێشه سیاسیه‌كان، دوای هاتنی روسیا‌و جه‌نگی داعش) بۆ رێكخستم. دوو هه‌فته‌یه‌كیشه هه‌ستده‌كه‌م، هه‌ندێك كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی بایه‌خیان به رووداوی هاتنی روسیا‌و لێكه‌وته‌كانی داوه. به‌تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان، زاگرۆس، كوردسات نیوز، كوردستان تیڤی، ئێن ئار تی و رووداو.. تاد. به‌ڵام هێشتا هه‌ستناكه‌م ئه‌م بابه‌ته، به‌گوێره‌ی قۆناغه‌كه‌و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای جه‌نگی داعش، وه‌كو پێویست لێكدرابێتهوهو به‌ره‌نجامی بابه‌تیشی لێههڵهێنجرابێ. به‌تایبه‌تی تائێستا هیچ گفتوگۆیه‌كی ره‌سمیی له‌نێوان حكومه‌تی ههرێمو حزبه سیاسیهكانو روسیای فیدراڵی، له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه، ئه‌نجامنه‌دراوه. بۆیه پێمباشه، ئاوڕێك له رابردووی په‌یوه‌ندی كورد‌و روسیا بدرێته‌وه. ئینجا بیبه‌ستینه‌وه به ئێستای رووداوه‌كه. به‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا زیاتر بایه‌خ به‌م رووداوه‌و هاوكێشه‌كان بدرێ.
روسیای سه‌رده‌می قه‌یسه‌ری و كوردستان
روسیای قه‌یسه‌ری، قهڵمڕهوێكی پان‌وپۆڕی چه‌قی رووداوه‌كان بووه. جوگرافی روسیا‌و ئه‌و وڵاتانه‌ی داگیریكردوون، وا هه‌ڵكه‌وتوون، كه له‌چوارده‌وری خۆیدا، بیر له بهرژهوهندیهكانو ئاسایشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بكاته‌وه. به‌تایبه‌تی له‌نێوان رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌میشه له‌كێشه‌و شه‌ڕوشۆڕدا بووه. هه‌تا كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوهڕاستو ناوه‌راستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، روسیای قه‌یسه‌ری هێزێكی كاریگه‌ر بووه. لایه‌نی كه‌م، زۆرجار قه‌ڵمڕه‌وی عوسمانیه‌كانی شكاندووه‌و كه‌م جاریش سه‌فه‌ویه‌كان توانیویانه به‌گژیدا بچنه‌وه. به‌شی زۆری ئۆروپای رۆژهه‌ڵات، له‌ژێر ههژمونو قه‌ڵمڕه‌وی قهیسهرهكاندا بووه. زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی (قرم-به‌لكان) روسیا جه‌مسه‌رێكی بووه.
كه شۆڕشی پیشهسازیو سه‌رمایه‌داری سه‌ریهه‌ڵدا، دره‌نگ روسیای گرته‌وه. بۆیه كاتێك جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان به‌رپا ده‌بێت، روسیاش ده‌بێته هاوپێناوی بریتانیا‌و فه‌ره‌نسا. پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی روسیا، سیستمی ئۆرستۆكراتی باڵاده‌ست بوو زۆرینه‌ی جوتیارو به‌شێكیش كۆیله بوون. كاریگه‌ریه‌كانی جه‌نگه‌كانی سه‌ده‌كانی رابردوو، هاوكات دواكه‌وتویی سیستمی روسیا‌و پاشكۆیی ته‌كنه‌لۆژیای جهنگو زانست، زیاتر روسیای وه‌كو قهڵمڕهوێكی خاوه‌ن جه‌نگاوه‌ری زۆر‌و زه‌به‌ند، خسته ناو جه‌نگی یه‌كه‌مه‌وه. ساڵێك پێش كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌م، قه‌یرانه خنكێنه‌ره‌كانی هه‌ناوی روسیا، هه‌لومه‌رجێكی له‌باری ره‌خساند، كرێكاران‌و جوتیاران‌و سه‌ربازانی یاخی، شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر (1917) به‌رپا بكهنو سهریشبكهون. شۆڕشه‌كه سه‌ره‌تا دیموكراسی بوو، كه ئه‌مه باش بوو، به‌ڵام لینین كه هه‌ستیكرد بۆلشهویكهكان به‌هێزن، ئاراسته‌ی شۆڕشه‌كه‌ی بۆ سۆسیالیزم گۆڕی‌و سهپاندیشی. كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی بوو؛ دیموكراسی له‌بار براو سۆسیالیزمیش هه‌ڵدێرا.
له‌زه‌مانی قه‌یسه‌ریدا، ته‌واوی ئه‌و شه‌ڕوشۆڕانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی كراوه، روسیا ئه‌گه‌ر پێویستی به‌كورد بوبێت، له باكور یان له رۆژههڵاتو له‌باشوری كوردستان، دوور‌و نزیك پشتیوانی راپه‌ڕینه‌كانی كوردی له‌پێناوی مافه‌كانی، نه‌كردووه. كوردیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو میرنشینه‌كانی روخێندرابون، بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌وتو له‌كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵنه‌دابوو، دیموكراسی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م‌و نۆزده‌هه‌مدا، له‌كورده‌واریدا نوزه‌ی ده‌هات، بۆیه ده‌بینین سه‌ردارانی كورد، تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌میش، یان به‌ئومێد بوون روسیا پشتیوانی‌یان بكات، كه نه‌یكرد. یاخود له‌گه‌ڵ عوسمانیه‌كان دژی روسیا ده‌كه‌وتن، به‌ڵكو دوای سه‌ركه‌وتن، به‌زه‌ییه‌كی ئیسلامی‌یان به‌كوردا بێته‌وه‌و ده‌ستكه‌وتی زیاتر به سه‌ردارانی كورد بده‌ن. عوسمانیهكانیش هه‌ر نه‌یانكرد. به‌ڵكو، له‌دوای كۆتاییهاتنی كێشه‌كانی نێوان روسیای قهیسهریو عوسمانی‌و سهفهویو قاجاریه‌كان، هه‌موو لایه‌كیان كۆك بوون بۆئه‌وه‌ی له‌هه‌ر لایه‌ك راپه‌ڕینی كورد سه‌رهه‌ڵبدات، سه‌ركوتی بكه‌ن. كوردیش هه‌تا شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ژێر كاریگه‌ری سۆزی ئیسلامی‌دا، به‌زۆریی پشتیوانی عوسمانی دژی رووسه‌كان كردووه. دوا پشتیوانیی كورد، شێخ مه‌حمودی نه‌مر، له پێنجوێن هاوشانی سوپای عوسمانی له‌گه‌رمه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهاندا، چوو به‌گژ روسیادا. به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، كاتێك بریتانیا له‌عێراقدا سه‌ركه‌وت، شێخ بۆ به‌رگریی له عوسمانیه‌كان، هێزێكی برده شوعه‌یبه، شه‌ڕی له‌گه‌ڵ سوپای بریتانیاشدا كرد. دواییش بریتانیا تۆڵه‌ی لێسه‌نده‌وه!
له‌سه‌رده‌می روسیای قه‌یسه‌ریدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ردارانی كورد، لایه‌نی كه‌می لێكتێگه‌یشتن له‌نێوانیاندا نه‌بوو، بۆیه تێكهڵوپێكهڵییهك له‌هه‌ڵوێستی سه‌ردارانی به‌شه‌كانی كوردستان هه‌بووه، بۆ چۆنێتی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌و ناكۆكی‌و شه‌ڕوشۆڕه‌ی له‌نێوان روسیای قهیسهریو توركیای عوسمانی‌دا هه‌بووه. یانی: تێنه‌گه‌یشتن له جهنگو له ئامانجه‌كانی جه‌نگی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌و ئه‌گه‌رو لێكه‌وته‌كانی، زاڵ بووه به‌سه‌ر سه‌ردارانی به‌شه‌كانی كوردستاندا.
روسیای ئۆكتۆبه‌ر و كوردستان
شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر كه سه‌ركه‌وت. یه‌كێك له كاره باشه‌كانیان، ده‌ستبه‌جێ رسواكردنی په‌یماننامه‌ی (سایكس پیكۆ-1916) بوو. ئه‌مه دڵخۆشییه‌كی گه‌وره‌ی خسته ناو گه‌لانی ناوچه‌كه. كه روسیا و لینین‌و بۆلشهویكهكان پشتیوانیی گه‌لان دژی ئیمپریالیزم‌و داگیركه‌ران بكه‌ن. بۆیه له‌هه‌موو به‌شێكی كوردستاندا هیوای پشتیوانیی بوژایه‌وه. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند، ئه‌م هیوایه توایه‌وه.
شێخ مه‌حمود، له باشور دژی ئینگلیز، راپه‌ڕی. كاتێك بریتانیا له‌ژێر فشاری توركیا‌و ئێران‌و عه‌ره‌بی عێراقی، له به‌ڵێنه‌كانی پاشه‌كشه‌ی دهكردو مافی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی نه‌ده‌سه‌لماند، شێخ مه‌حمود نامه‌ی بۆ لینین نوسی كه كورد ببێت به دۆستی ستراتیژییان. به‌ڵام لینین هه‌ر وه‌ڵامیشی نه‌دایه‌وه. كه كهمالیستهكان له توركیادا سه‌ركه‌وتن، كورد ئومێدی وابوو له‌و گۆڕانكاریانه‌دا، مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌دیبێنێت. هیوایشی به شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر هه‌بوو. له كۆنگره‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵات-1922- باكۆ، كه لینین په‌سه‌ندی كرد، هه‌شت نوێنه‌ری كورد ئاماده‌ی كۆنگره‌كه بوون. بڕیاری پشتیوانیی گه‌لانیش، درا. به‌ڵام، له‌ژێر فشاری رووداوه‌كان‌و ده‌ستێوه‌ردانی كۆلۆنیالیسته‌كان له روسیای ئۆكتۆبه‌ر، لینین‌و بۆلشهویكهكان له پشتیوانیی كورد، ئه‌رمه‌ن، چهركهسو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاشه‌كشه‌یان كرد، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشیان له‌گه‌ڵ توركیای كه‌مالی به‌ستو له‌رووی نهوتو داهاتو سیاسیه‌وه، پشتیوانی‌یان كردن. ته‌نانه‌ت له گۆڕینی په‌یمانی (سیڤه‌ر-1920) به (لۆزان-1923) روسیا قبوڵی كرد.
له‌سه‌رده‌می ستالین‌دا 1924 تا 1956، به‌درێژایی ساڵانی حوكمڕانیی ستالین، له‌هیچ به‌شێكی كوردستان، پشتیوانی نه‌كراوه. ئه‌مه له‌كاتێكدا:
– له رۆژهه‌ڵاتدا هه‌تا 1919-1927 سمكۆی شكاك، 1939- ژێ كاف، بۆ 1946 حزبی دیموكرات‌و كۆماری مه‌هاباد، خه‌بات به‌رده‌وام بووه.
– رۆژئاوای كوردستان 1919- هه‌تا مردنی ستالینیش خه‌باتی سیاسی‌و روناكبیری كاریگه‌ر بووه.
– له باكوردا هه‌تا 1937 راپه‌ڕینی چه‌كداری‌و خه‌باتی سیاسی به‌رده‌وام بووه.
– له باشوردا هه‌تا 1945 خه‌باتی چه‌كداری‌و سیاسی به‌رده‌وام بووه. پاشانیش خه‌باتی نیشتمانیی كورد‌و سه‌رانسه‌ری عێراق.
واتا: 32 ساڵی ره‌به‌ق له‌سه‌رده‌می حوكمڕانیی ستالین (1924-1956) ستالین‌و شوره‌وی، جگه له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان 1945-1946 ئه‌ویش بۆ سات‌و سه‌ودا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته گهورهكانو رژێمی په‌هله‌وی ئێران، ستالین هیچ جۆره بڕیار‌و به‌رنامه‌یه‌كی بۆ مافی چاره‌نوسی كورد، نه‌بووه. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه له كۆنگره‌كانی تاران‌و یاڵتا، شوره‌وی له‌گه‌ڵ ئهمریكاو بریتانیا‌و فه‌ره‌نسا، رێكه‌وتبون كه جیهان دابه‌ش بكه‌ن، له‌و دابه‌شكردنه، به‌شه‌كانی كوردستان دوور‌و نزیك باسیان له‌ئارادا نیه. هه‌روه‌ها هی ئازهربایجانو گه‌لانی دیكه‌ش.
دوای روخاندنی كۆماری مه‌هاباد، كاتێك پێشه‌واو هاوه‌ڵه‌كانی له‌سێداره ده‌درێن، ستالین‌و سه‌ركرده‌كانی شوره‌وی، ره‌نگه به‌ده‌م سیگاركێشانو نۆشكردنی ڤۆدگاشهوه، بیریان له به‌رگریلێكردنی پێشه‌واو هاوه‌ڵه‌كانی، نه‌كردبێته‌وه. بۆیه تائێستاش یه‌ك به‌ڵگه‌نامه ده‌رناكه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه شوره‌وی مته‌قی لێوههاتبێ.
كاتێك بارزانی‌و هاوه‌ڵه‌كانیشی په‌نا بۆ شوره‌وی ده‌به‌ن، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، كاری زۆر ناجوامێرانه به‌رامبه‌ریان كراوه. ئهمانو كورده‌كانی تری ناوچه‌كانی قه‌وقاز، راگوێزراون‌و په‌رشوبڵاو كراون به كۆماره‌كانی ئاسیای ناوه‌راست. ئه‌مه له‌كاتێكدا، هه‌تا شوره‌وی روخا، به چه‌واشه‌كراوی ئه‌م راستییانه، له‌لایه‌ن كۆمۆنیسته‌كانی عێراق‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌كانی كورده‌وه، شانامه له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد له شوره‌ویدا، ده‌نوسرا.
خرۆشۆفو دوای ئه‌وه و… كوردستان
دوای مه‌رگی ستالین، خرۆشۆف ده‌بێته پێشه‌وای شوره‌وی. 1956 هه‌تا 1958 خامۆشییه‌كی سیاسی له به‌شه‌كانی كوردستاندا، هه‌بووه. بۆیه ناتوانین بڵێین بۆچی خرۆشۆف هه‌ڵوێستی بۆ پشتیوانیی كورد نه‌بووه. دوای 1958 بارزانی به‌ڕێزه‌وه، بهڕێدهكرێتهوه بۆ عێراق. ئه‌وكاته جه‌نگی سارد لهگهرمهیدا بووه. شوره‌وی ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیداوه له‌رێگای سوریا‌و میسر‌و عێراقه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی له‌ناو گه‌لانی عهرهبو گه‌لانی تر‌و ده‌ریا گه‌رمه‌كاندا، دابین بكات. كه ئه‌مه به‌درێژایی مێژوو، خه‌می روسیا بووه. له‌گه‌ڵ میسری عه‌بدولناسردا، په‌یوه‌ندیه‌كی ستراتیژییان بونیات نا. له‌گه‌ڵ سوریادا، گه‌رمتر هاتنه‌پێشه‌وه. له‌گه‌ڵ عێراقی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، ده‌یانویست هاوتای میسر، په‌یوه‌ندی ستراتیژییان هه‌بێت. به‌ڵام رووداوه‌كان، ئاڵوگۆڕی زۆریان به‌سه‌ردا هات. عه‌بدولكه‌ریم به‌ره‌و ملهوڕیی رۆشت. سوریا بوو به وڵاتی كوده‌تا. میسر هه‌تا مه‌رگی ناسر به دۆستی روسیا مایه‌وه. كه شۆڕشی ئه‌یلول له‌به‌رامبه‌ر قاسم به‌رپا كرا، روسیا هه‌وڵیدا چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ی كورد بدۆزرێته‌وه. په‌یوه‌ندییه‌كی تاكتیكیشی له‌گه‌ڵ كورد هه‌بوو. به‌ڵام زۆرتر له‌گه‌ڵ رژێمی قاسم‌و سوپای عێراق په‌یوه‌ندی تۆكمه‌ی هه‌بوو. سوپاكه به‌زۆربه‌ی چه‌كه قورس‌و سوكه‌كانی شوره‌وی پڕچه‌ك ده‌كرا. ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مینجار فڕۆكه‌و تۆپه قورسه‌كانی شوره‌وی، له جه‌نگی حوزه‌یرانی 1967 دژی ئیسرائیل به‌كارهاتبێ، ئه‌وا فڕۆكه‌و تانك‌و تۆپه دورهاوێژه‌كانی شوره‌وی له 1961وه هه‌تا 1975 به‌رامبه‌ر به شۆڕشی كوردستان به‌كارهێنراون. ساڵی 1963 له‌رێگه‌ی مه‌نگۆلیاوه به راسپارده‌ی شوره‌وی، دوای كوده‌تای به‌عسیه‌كان‌و ته‌فروتوناكردنی كۆمۆنیسته‌كانی عێراق، شوره‌وی هه‌وڵیدا له‌رێگای مه‌نگۆلیاوه، كێشه‌ی كورد بخاته نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، به‌ڵام هه‌رزوو داخوازیه‌كه‌ی كشانده‌وه. ئه‌م كهینو به‌ینه‌ی سیاسه‌تی روسیا، كه به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كان هه‌بوو، نه‌شیده‌ویست به‌ته‌واوه‌تی دژی شۆڕشی كورد بێت، هه‌تا 1970ی خایاند. له‌دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاره‌وه، ورده ورده شوره‌وی رێكه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا مۆركردو ئیدی رۆژگارێكی ره‌ش له‌مه‌به‌دواوه، له‌نێوان شورهویو به‌عسدا، سه‌رهه‌ڵده‌دات. قورسترین چه‌كی ئاسمانی‌و زه‌مینی، ده‌درێت به به‌عس. به‌عسیش، به‌به‌رچاوی شورهویو رای گشتی جیهان، دژی شۆڕشی ئه‌یلول به‌كاریهێنان.
كه رێكه‌وتنامه‌ی شومی جه‌زائیر 6ی ئازاری 1975 مۆركرا، شوره‌وی چاودێرێكی زه‌به‌لاحی بێده‌سه‌ڵات بوو. به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی زاڵ بوو به‌سه‌ر ته‌واوی لافلێدانهكانیدا. كه بێگومان له‌وسه‌رده‌مه‌دا، لافلێدانی سۆسیالیزم‌و پشتیوانی گه‌لان، دوای سه‌ركه‌وتنی ڤێتنام‌و لاوس‌و كه‌مبۆدیا، ئیتر شوره‌وی له پشتیوانی گه‌لانی تردا، هه‌تا ده‌هات پاشه‌كشه‌ی ده‌كرد. زۆرتر له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌كانه‌وه، یان له‌به‌ر خاتری حكومه‌ته‌كانی عه‌ره‌بی، پشتیوانی شۆڕشی فه‌له‌ستینی ده‌كرد. چونكه له بنچینه‌دا شوره‌وی دابه‌شكردنی فهلهستینو قودسی 1948 پێ باش بوو.
دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، قۆناغێكی نوێی كوردایه‌تی سه‌رهه‌ڵده‌دا. شوره‌وی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراقی بهعسو سوریای به‌عس، هه‌بوو. له به‌شه‌كانی كوردستاندا، هه‌نگینێ ته‌نها باشوری كوردستان، چه‌قی كوردایه‌تی بوو. دامه‌زراندنی یه‌كێتی مایه‌ی سه‌رنجی ده‌وڵه‌تان بوو. كاتێك جه‌نابی مام جه‌لالیش 1975 به‌ڵێنی دابوو، له ساڵڕۆژی یه‌كه‌می دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا، شۆڕش بهرپادهكاتهوه، ئه‌مه سه‌رنجی كاربه‌ده‌ستانی شوره‌وی راكێشابوو. بۆیه (بریماكۆف) په‌یوه‌ندی به جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه كردبوو، كه دۆستایه‌تی یه‌كێتیی (به‌نهێنی) بكه‌ن. مامیش رازی بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه، به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی ههڤاڵێكهوه، ئه‌م دۆستایه‌تیه پچڕا. كه شۆڕشی نوێ به‌رپاكرا، جگه له په‌یوه‌ندی نێوان یهكێتیو رێكخراوه‌كانی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی پرۆ شوره‌وی (فه‌تح- یاسر عه‌ره‌فات، به‌ره‌ی میللی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین- جۆرج حه‌به‌ش، به‌ره‌ی دیموكراتی رزگاری فه‌له‌ستین- نایف حه‌واتمه) هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌نێوان شورهویو یه‌كێتیدا نه‌بوو. به‌ڵكو، هه‌تا ده‌هات په‌یوه‌ندی شورهویو رژێمی عێراق، به‌هێزتر ده‌بوو. به‌تایبه‌تی له‌رووی ته‌كنه‌لۆژیای جهنگیو ناردنی پسپۆری شوره‌وی بۆ عێراق‌و ته‌نانه‌ت پسپۆره‌كانی زیندان‌و ئهشكهنجهدانیش. بگره ته‌واوی ئۆروپای رۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵات، په‌یوه‌ندییان ستراتیژی بوو له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دام. ئه‌م په‌یوه‌ندییه هه‌تا ئه‌نفاله‌كان‌و كیمیاباران، كه به‌شێكی چه‌كه كوشنده‌كانی ئهنفالو كیمیاباران، هه‌ر هی شوره‌وی بوو، به‌رده‌وام بوون.
روسیای گۆرباتشۆف و كوردستان
له‌دوای ئهنفالو هه‌ڵه‌بجه‌ش، لهشورهویدا گلاسنۆسو پروسترویكا سه‌ریهه‌ڵدابوو، ئومێدێك په‌یدا بوو بوو كه شوره‌وی به‌ره‌و دیموكراسی بڕوات، ئینجا شوره‌وی دوای ئه‌مریكا، بریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا‌و ئه‌ڵمانیا، دژی ئهنفالو كیمیایی هه‌ڵوێستی وه‌رگرت. به‌ره به‌ره شوره‌وی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، گه‌لانی ناو شوره‌وی سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگرت، هه‌روه‌ها گه‌لانی ئۆروپای رۆژهه‌ڵاتیش. له ساڵی 1989 روسیای ئیتیحادی دامه‌زرا.
دوای داگیركردنی كوه‌یت، سه‌رجه‌م رۆژئاوا دژی سه‌دام بوون. كه‌چی روسیای ئیتیحادی، هه‌ر خۆپارێز بوو. هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌سوریادا پێش ده‌ستێوه‌ردان به‌كاریده‌هێنا. به‌ڵام كه سه‌دام رووخا، روسیا گه‌رمتر هاته‌پێشه‌وه، هه‌م له‌گه‌ڵ عێراقی دوای سه‌دام په‌یوه‌ندی ئابوری‌و سیاسی باشی هه‌بێ، هه‌م له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش. له‌مه به‌دواوه، روسیا قونسڵگه‌ری له كوردستاندا كردۆته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌رووی ئابوری‌و سیاسیه‌وه، چونه‌ته پێشه‌وه. به‌ڵام له‌به‌شه‌كانی تری كوردستاندا، هێشتا سیاسه‌تی خۆپارێزیی له‌روسیادا، به‌رده‌وامه. تائێستاش، ده‌توانین بڵێین روسیای فیدراڵی، ستراتیژێكی دیموكراسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد‌و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، نیه.
له‌م بارودۆخه‌دا، دیسان روسیا، له رووبه‌رووی رۆژئاوادا، له وڵاتانی بهلكاندا، له‌گه‌ل رۆژئاوا كێشه‌ی زۆری هه‌یه. پار له‌سه‌ر ئۆكرانیا گه‌یشته رۆخی دۆخی ترسناك. كه تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه. ئه‌مساڵیش لهرۆژههڵاتو له بناری ئاوه گه‌رمه‌كاندا، سوریا بوو به چه‌قی ژیاندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی دێرینه‌ی روسیا بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان. بۆ دوو مانگ ده‌چێ، توانایه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربازی روسیا گوێزراوه‌ته سوریا‌و هێزی ئاسمانییان، له‌ئاسماندا ته‌راتێن ده‌كه‌ن. ئه‌مه بۆته مایه‌ی په‌شێوییه‌كی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی دنیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش. له‌ته‌ك توركیاشدا، له‌سه‌ر چه‌ند مه‌ترێكی به‌زاندنی سنوری ئاسمانی، ئاسمانی نێوانیان هه‌ره‌سی هێناوه‌و ئه‌گه‌ری مه‌ترسیداری تری لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ.
دیاره روسیا زلهێزێكی جیهانه. ئه‌میش مافی خۆیه‌تی وه‌كو وڵاتانی تر، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دابین بكا‌و دوای ره‌هه‌ندی روداوه‌كان بكه‌وێ. به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا دوو مه‌سه‌له‌یه:
یه‌كه‌م: روسیا له‌بنچینه‌دا به كێشه چارهسهرنهكراوهكانی ئۆكرانیا‌و ململانێكان له‌سه‌ر ئۆروپای رۆژههڵاتو جێگیركردنی چه‌كه قورسهكانو چه‌كی ئهتۆمییو بالستی، له‌گه‌ڵ ئهمریكاو په‌یمانی ناتۆدا هاتۆته سوریا. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسۆی چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه هێشتا ده‌ركه‌وتبن.
دووه‌م: كاتێك روسیا (كه چه‌قی كێشه‌كانی رۆژئاوایه) به‌م هه‌موو توانا سه‌ربازییه‌وه، دێته سوریا (كه چه‌قی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاته) بێگومان به‌بێ بوونی ستراتیژێكی هاوبه‌ش، جگه له‌وه‌ی راسته‌وخۆ كێشه‌ی جۆراوجۆری لێده‌كه‌وێته‌وه، بۆ ئاینده‌ش، ئه‌گه‌رو خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت.
ئاسان نییه، ناتۆ و روسیا، ئه‌م ناكۆكییه قوڵه‌یان له‌سه‌ر رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا هه‌بێ، به‌ڵام له‌سه‌ر سوریا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست رێكبكه‌ون.
كۆی ئه‌م كێشانه، بمانهوێو نه‌مانه‌وێ، له‌سه‌ر سه‌ری ناوچه‌كه‌و باشور‌و رۆژئاوای كوردستان، كۆبونه‌ته‌وه. ده‌پرسین: ئایا كورد‌و روسیا له‌سه‌ر چۆنێتی هاتنی روسیا‌و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، هیچ رێكه‌وتنێكمان هه‌یه؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: به‌پێی زانیاریه‌كانی ئێمه، نه‌ك نیمانه، به‌ڵكو گفتوگۆیهكیشمان له‌سه‌ر ئایندهی رووداوه‌كان، نه‌كردووه.
كه‌وابێ.. ئێستا روسیا به سهنگو كاریگهرییهكانیهوه له مه‌یدانه‌كه‌یه. رووداوه‌كانیش به‌بێ هیچ ده‌سته‌به‌رێكی سیاسی، به‌رده‌وامن. دڵنیاشین كه روسیا تازه پاشه‌كشه ناكات. له ئاسۆی نزیكیشدا ده‌رنه‌كه‌وتوه كه ئهمریكاو روسیا، یان ناتۆ و روسیا بتوانن بگه‌نه ئه‌نجامێكی هاوبه‌شی ستراتیژی. له‌م نێوه‌نده‌دا، بۆ یه‌كه‌مینجاره كورد پێچه‌وانه‌ی هه‌موو سه‌ده‌كانی رابردوو، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ده‌سته‌به‌رێكی سیاسی دیموكراسی بۆ كورد، به‌ڵام ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌ی وڵاتانی گه‌وره، به وڵاتانی گه‌وره‌ی ئیقلیمیشه‌وه، پێگه‌ی كورد‌و رۆڵی كورد‌و كاریگه‌ری پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕه‌ڤانان، وه‌كو خۆی له‌به‌رچاوده‌گرن. به‌ڵكو یارمه‌تیشمان ده‌ده‌ن. ئه‌مه سه‌باره‌ت به جه‌نگ دژی داعش، به‌ڵام ناكرێ بیرمان بچێته‌وه كه جه‌نگ درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته. به شێوه توندوتیژییه‌كه‌ی. توندوتیژییهكهش، له‌لایه‌ن داعشه‌وه گه‌یه‌ندراوه‌ته ره‌شه‌كوژی. له‌لایه‌ن روسیاشه‌وه، گه‌یه‌ندراوه‌ته ده‌ستێوه‌ردانی تاكلایه‌نه. ئێمه‌ش به‌رژه‌وه‌ندیمانه هه‌موو لایه‌ك دژی داعش بێت، هاوكات هه‌موو لایه‌كیش مافه‌كانمان بسه‌لمێنێ. ده‌بێت به ده‌وڵه‌ته‌كانی بسه‌لمێنین، ئێمه هێزی یه‌ده‌كی شه‌ڕی دژی داعش نین. ئه‌وه‌ش قبوڵ نه‌كه‌ین بوترێت كورد چه‌كدار بكرێت بۆئه‌وه‌ی باشتر شه‌ڕی داعش بكات. حكومه‌تی هه‌رێمیش نابێت ته‌نهاو ته‌نها په‌یتا په‌یتا داوای چه‌كداركردنی پێشمه‌رگه بكات. به‌ڵكو ده‌بێت بڵێین چه‌كداركردنی پێشمه‌رگه‌و هێزی پیاده‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌رز، ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك ستراتیژدا دژی داعش به‌كاربێت. هه‌روه‌ها پرۆژهیهكیشمان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بۆ هه‌موولایه‌كی بسه‌لمێنین جه‌نگی ئێمه دژی داعش، له ستراتیژدا، هه‌مان جه‌نگی رزگاری‌و هه‌مان ئازادی‌و هه‌مان ئامانجی مرۆڤایه‌تیه له‌كوردستان‌و ناوچه‌كه‌دا. پێش داعش گه‌له‌كه‌مان‌و پێشمه‌رگه له‌خه‌باتدا بووه. دوای داعش‌یش نه‌ته‌وه‌كه‌مان، نه‌ك له باشوری كوردستان، به‌ڵكو له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، له‌خه‌باتی رزگاری‌و دیموكراسیدا ده‌بێت.
كورد به‌درێژایی مێژوو، قوربانی رێكه‌وتنی دوای جه‌نگه‌كان بووه. ئه‌مجاره‌یان ده‌بێت سه‌ركه‌وتووی دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش بین. سه‌ركه‌وتنی عه‌سكه‌ری، سیاسی، یاسایی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنگه‌ری.
له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێین: رووداوه‌كان به‌گشتی له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و گهلانو دیموكراسیدا، به ئاسۆدا دیاره. به‌ڵام بێ مه‌ترسیش نییه. جگه له مه‌ترسی نه‌بوونی ستراتیژی هاوبه‌شی دیموكراسی گه‌وره وڵاتان، چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی هێزه سیاسیه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستانیش، مه‌ترسیه‌كان بۆ ئێستا‌و بۆ ئاینده‌ش زیاتر ده‌كه‌ن. به‌بێ ئه‌وه‌ی بچینه ورده‌كاری كێشه‌ی هێزه سیاسیه‌كان له به‌شه‌كانی كوردستان، له‌هه‌موو به‌شێكی كوردستان، دیاره كێشه بایی ئه‌وه‌نده هه‌یه، دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، ده‌وڵه‌ته گهورهكانو گه‌وره ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، بیانومان پێبگرنو بهروماندا بده‌نه‌وه، پێمان بڵێن:
ئێوه نه‌ته‌وه‌یه‌كن ده‌رس له مێژوو وه‌رناگرن. ناتوانن یه‌كگرتوو بن. كه خۆتان یه‌كگرتوو نهبنو نه‌توانن كێشه ناوخۆییه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئیتر ئێمه چۆن بتوانین پشتیوانی‌تان بكه‌ین له به‌دیهێنانی ئامانجه ستراتیژیهكانتان.
ئه‌گه‌ر بكه‌وینه رۆژگارێكی واوه، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه، قسه‌ی وامان به‌ڕوودا بده‌نه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه نه‌فره‌تی مێژوومان به‌رده‌كه‌وێت. كه‌واتا: تاكه رێگای به‌رده‌ممان، چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆییهكانمانه. ئۆباڵیش له‌ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌ی، ناچێته ژێر به‌رپرسیارێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.