بە ئەزموون سەلمێنراوە جەندرمەی توركی رووی كردبێتە هەر دەڤەرو جوگرافییایەك بە ئاسانی نەگەڕاوەتەوە. بەتایبەتی لەمێژووی دوورو نزیكی كوردستانی عیراقدا ئەمە راستترە. دەوڵەتی نوێی توركیا خەونی زیندووكردنەوەی سەردەمی سوڵتانی هەیە بەمیكانیزمێكی نوێی سەردەم. گەڕانەوەش بۆ ویلایەتی موسڵ و شۆڕبوونەوە بۆ خوارەوە یەكێكە لەخەونەكانیان، وا خەریكە بە ئیجازەی موحتەرەمانەی كورد خۆی ئەو خەونە دەبێتە راستی و دێتە دی.
لەسەردەمی تاریكی شەڕی ناوخۆدا، توركیا سودی لەدوو بەرەكی بینی و سوپای هێنایە باشووری كوردستان. ئەو سوپایە لەململانێكانی ناوخۆدا رۆڵی ترازانی زۆرتر بینی تاوەكو پێكهاتنی كوردان. لەكاتی پێویست و رووبەڕوو بونەوەی دیكتاتۆریەتی بەعسدا توركیاو سوپاكەی نەبووە بەشێك لەهاوپەیمان بۆ رووخاندنی سەدام. پەرلەمانی توركیاش رێگای نەدا نە سوپاكەی بەشداری بكات لە رزگاركردنی گەلانی عیراق نەهێشتی بنكە سەربازیەكانیان بۆ هاوپەیمانان ئامادە بكرێت بۆ لێدان. دیارە لە توركیادا سوپا بە بڕیاری پەرلەمان دەجوڵێت بۆ دەرەوەی وڵات. یان جوڵان و نەجوڵان بە بڕیاری پەرلەمانە.
لەبەر ئەو هەڵوێستە نێگەتیڤانەی توركیاو هۆكاری تریش، پەرلەمانی كورستان لەدانیشتنێكی فەرمیدا لە ساڵی 2003 بڕیاری ئیزندانی سوپای توركیای لەخاكی باشوری كوردستان دەركرد. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە جێبەجێ كرا؟ توركیا بەقسەی ئیرادەی پەرلەمانی كرد؟ هیچ فشارێك كرا بۆ ناردنەوەی سوپای توركیا لە بامەڕنێ و دەڤەری زاخۆو جێگاكانی تر؟. بێگومان بە ئێستاشەوە نەخێر. هەموو لایەك تەرمی ژن و مناڵی گوندنشیانی سەر سنورەكانو، قوڵایی خاكی هەرێمی باشوری كوردستان لەبەرچاوە بە بۆمبارانی فڕۆكەكانی توركیا شەهید بوونو گوندەكان كاولكران. لە دوای رووخانی دیكتاتۆریەتەوە بەبەردەوامی ئەو سنورشكێنیانە بەردەوامیشی هەیە.
دەركەوتنی داعش لەعیراق و سوریا، هەڵوێستی زۆر دەوڵەت و لای لەگەڵ خۆیدا دەرخست. بەتایبەتی وڵاتێكی وەكو توركیا كە ئامادە نەبوو پشتیوانی لە ئارامیی و سەقامگیری كوردستان بكات. چەند وڵاتێكی تر بەبێ ئەوەی داوای لێبكرێت و كوردستان هانای بۆ بەرێت بەپیرەوە هات و، رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر بووەوە. بەبارمتەگرتنی كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیاش یەكێك بوو لەبەهانە هێنانەوە بۆ دژایەتی نەكردنی داعش. ئەم سیناریۆیە كەمتر هەستی پێدەكراو بەندە لەكاتی خۆیدا بە وتار ئاماژەم پێكردوە.
توركیای ئێستا هەبوونی رۆژئاوای كوردستان بەگەورەترین مەترسی دەزانێت لەسەر ئایندەی توركیا لەهەموو رووەكانەوە. هەر بۆیە لەیەكەم ساتەوەختی راپەڕینی گەلانی سوریا بەگشتی و گەلی كورد لە رۆژئاوا، دژایەتی خۆی بۆ هەر جۆرە پێشكەوتنێكی كورد لە رۆژئاوا بەكردار پیشانداوە. دووبارە هاتنەوەی سوپای توركیا بۆ باشوری كوردستان و ئەم جارە بۆ قوڵایی خاكی هەرێم، نیازی سەرەكی دابڕینی نیوانی هەرێمی باشورو رۆژئاوای كوردستانە. هەرچەندە ئەم جوڵەی سوپا بە بڕیاری پەرلەمانی توركیایەو لەمانگی سێی ئەم ساڵەوە پەرلەمانی توركیا بڕیاریدا بۆ جوڵاندنی هێز بۆ ناو خاكی سوریاو باشوری كوردستان، ئەو كاتەش بەبەڵگە داوام لەپەرلەمانی كوردستان كردوە كە دانیشتن بۆ ئەو مەبەستە بكات و هەڵوێستی فەرمی وڵامدانەوەی هەبێت بۆ پەرلەمانی توركیاو داواشم كرد، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی 2003 دراوە زیندوو بكرێتەوەو حكومەتی هەرێم رابسپێردریـَت بۆ ناردنەوەی ئەو پایەگایانەی سوپای توركیا كەلەخاكی باشور ماونەتەوە. بەڵام بێدەنگی لێكرا!.
بەناوی مەشقەوە سەدان جەندرمە هاتوون و لە نزیك بەعشیقە نیشتەجێبوون، حكومەتی توركیا لە زاری ئۆغلۆوە رایگەیاند ژمارەی ئەو لەشكرە دەگەیەننە دوو هەزار، ئەمە لەكاتێكدایە هەڕەشەی داعش لەسەر هەرێم زۆر كەمتر بۆتەوەو لەكاتی پێویستدا توركیا تەماشاكەر بوو. ئەم هاتنە بە رەزامەندی هەر كەس و لایەك بوو بێت لەهەرێم هەڵەیەكی ستراتیژییە. چونكە سروشتی لەشكری توركیا بەو جۆرە ناسراوە كە پێیان نایە خاكێكەوە بە سانایی دەرناچن. هەرچەندە ئەم كردارە دژی بنەمای یاسای نێودەوڵەتیە. چۆن دەروازەی باشوریان بە روودا كرایەوە؟ ئەم سەركێشیە(موجازەفە) لە ساتەوەختێكدایە كە لە رووی سیاسی و ئابوری و ئیداریەوە هەرێمەكەمان بە دۆخێكی تەواو دژوارو هیلاك و نەخوازراودا تێدەپەڕێت. متمانە لەنێوان هێزە سیاسیەكان و پەیوەندی و هەماهەنگی و یەك دەنگی بانەڵیین نییە، بەڵام هەر زۆر كزەو جێگای ئیرەیی پێبردن نییە. لەلایەكی ترەوە پەیوەندی نێوان خەڵك لایەنە سیاسیەكان جێگای نیگەرانی زۆرە، لەلایەن رای گشتی و خەڵكی كوردستانەوە. ئەم پەیوەندیە لەرزۆكەی هێزە ناوخۆییەكانی باشوور دەرفەت دەداتە وڵاتان بۆ جێبەجێكردنی ئەجنداكانیان لەناو خاكی هەرێمدا. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا ئەمریكا هەڵوێست و ئاگایی چیە لەم سنور بەزاندنەی سوپای توركیا؟.
ئایا ئەمە هەنگاوی كردارییو دەركەوتنی راستەقینەی ئەو دابەشبوونە هەرێمیەیە، كە هەموو خواستێكی گشتی كوردستان ئەوەیە لەم هاوكێشەدا نەبێتە دوو بەرەو، مێژووی رەشی كوردان دووبارە نەبێتەوە؟! ئاكام لەهەموو بارێكدا هیچ بەرژەوەندیەك لەهاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم و كە وا هاتوون. هەروەها هاتنی سوپای هیچ وڵاتێكی دراوسێ لەبەرژەوەندی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی كورددا نابینم، بەڵكو باجێكی گەورەو قورس دەدەین. چونكە ئەم لەشكرانە خەسڵەتی داگیركاریان هەیەو بە نەزعەی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەست مامەڵە لەگەڵ ئەزمونەكەشمان دەكەن. پێویستە هەموو هێزە سیاسیەكان لەمەدا بە ئاگا بێنەوە. سنورێك بۆ ئەم مەترسیانە بە پشتیوانی هاپەیمانان دابنێن. وەك قۆناغی یەكەم چیتر رێگە نەدرێت دەروازەی فەرمی هەرێمی كوردستان بە رووی سوپای توركیادا بكرێتەوە مەگەر بۆ گەڕاندنەوە نەبێت. لەهەموو حاڵەتێكدا زەنگێكی مەترسیدار لە پشت هاتنی سوپای توركیا بە سەر ئەزموونی باشوورو رۆژئاوای كوردستان دەبینم. لێرەوە كاتی ئەو پرسیارەیە چی بكەین؟
* ئەندامی پەرلەمانی کوردستان