چاودێری مافی مرۆڤی سوریە رۆژی پێنج شەممە 3ی رێبەندان لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی تێكهەڵچوونەكانی 20 رۆژی رابردووی نێوان گروپی دەوڵەتی ئیسلامی عێراقو شام ناسراو بە داعش سەر بە ئەلقاعیدەو نەیاران بەشار ئەسەد 1400 كەس كوژران.
ئەم رێكخراوە ئاماژەی بەوەدا، شەڕی نێوان داعشو نەیارانی بەشار ئەسەد لە پارێزگاكانی حەڵەبو ئەلرقە لە باكووری سوریە، ئەدلەبو دیرئەلزورو حەماو حەمس لە ناوەندی ئەو وڵاتە روویداوە.
چاودێری مافی مرۆڤی سوریە ئەوەشی زیادكرد، 760 كەس لە چەكدارانی ئیسلامگەراو ئەرتشی ئازادی سوریە لە شەڕی راستەوخۆ یان دانانی بۆمب گیانیان لەدەستداوە. هاوكات گروپی داعش لەو ماوەدا 113 كەسی لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی سوریە ئێعدامكردووە.
گروپی داعش لە دوو هەفتەی رابردوو لە چەندین ناوچەی گەورە لە حەڵەبو ئەدلەب پاشەكشەی كردوەو ئەمە لە حاڵێكدایە كە ئەم گروە شاری ئەلرقە لە باكووری سوریەی لە ژێر كۆنتڕۆڵ دایە.