بەوتەی بەرپرسی ئەنجومەنی كرێكارانی بیناسازی مەریوان، ئەم شارە زۆرترین ئاماری كرێكارانی بیناسازی لە پارێزگای كوردستان لەو شارەدایە.
میكائیل سدیقی، بەرپرسی ئەنجومەنی كرێكارانی بیناسازی شاری مەریوان رایگەیاند: زۆرترین ژمارەی كرێكاری بیناسازی لەكوردستان لە شاری مەریواندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كار بۆ ئەم هێزی كارە، ژمارەیەكی زۆر لەم كرێكارانە لە وەرزە جیاجیان ئاوارەی شارەكانی دیكەی ئێران دەبن تا هەوڵ بۆ بژیوی ژیانی خێزانەكانیان بدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە ئەم ئاوارەبوونە چەندین مەترسی بۆ ئەم كرێكارانەو بنەماڵەكانیان دروست دەكاتو لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی ئێرانەوە هیچ جۆرە پشتیوانییەك لەم كرێكارانە ناكرێت.
سدیقی وتی: مەیدانی شەبڕەنگی مەریوان شوێنێكی باشە بۆ بینی ژمارەیەكی زۆر لە كرێكارانی خوازیاری كار. هەموو بەیانییەك چەندین پیاوی لاو و پیر دانیشتون. ئەگەر لە سیمایان ورد نەبیتەوە پێتوایە كە ژمارەیەك سەرودڵخۆشن كە هاتوون بەدەوری یەكەوە قسەبكەنو رۆژیان ببەنەسەر، بەڵام بەورد بوونەوە لە سیمای سوتاوی ئەم كرێكارانە تێدەگەیت كە ئەمانە بۆ یاری دامەو شەترنج بۆ ئێرە نەهاتوونو تەنیا كاریان دەوێت تا سكی ژنو منداڵەكانیان تێر بكەن.