رژیمی ئێران ساڵانە لە كانەئاڵتونەكانی ئێران 5 تۆنو نیو ئاڵتون بەرهەم دێنێت كە لەم رێژەیە 5 تۆنی لە كانە ئاڵتونەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەردەهێنێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە ئێستادا تەنیا 2 تۆنو نیو ئاڵتون لە ئێران بەرهەم دێت كە بە خستنەگەڕی كانی ئاڵتونی “زەڕشوانی تیكاب” كە ساڵی سێ تۆنی لێ بەرهەم دێت، ئەم رێژەیە دەگاتە 5 تۆنو نیو.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشەسازیو كانزاكان، نزیكەی 15 كانی ئاڵتون لە ئێراندا هەیە كە تەنیا 12یان كاردەكەنو لەو ژمارەیەك كانەئاڵتونەكانی كوردستان زۆرترینو باشترین جۆری ئاڵتونیان لێ بەرهەم دێت.
بەپێی پێشبینییەكان تا ساڵی 1396، بەرهەم ئاڵتونی ئێران دەگاتە 7 تۆن لەساڵدا كە تەنیا لە كانی ئاڵتونی “زەڕشوان”ی تیكاب 6 تۆن بەرهەم دێت. باقییەكەی لە كانەكانی دیكەی ئاڵتون لەكوردستان بەرهەم دێتو تەنیا 300 كیلۆی لە كانی ئاڵتونی نەیشابور لە خوراسان بەرهەم دێت.
كانە ئاڵتونەكانی ئێران زۆرتر لە ناوچەكانی كرمان، خوراسان، ئیسفەهان، یەزد، ناوەندیی، قوم، هەمەدانو كوردستان هەڵكەوتوون كە بەپێی ئامارە فەرمییەكان زۆرترینو باشترین جۆری ئاڵتون لە كانەكانی كوردستان دەردەهێنرێن.
ئەمەش لەكاتێكدایە دەرهێنانی ئەو بڕە ئاڵتون هیچ قازانجێكی بۆ خەڵكی ناوچەكە نیە.
كانە ئاڵتونەكانی كوردستان بریتین لە: كانی ئاڵتونی زەڕشوانی تیكاب، كانی ئاڵتونی ئاق دەڕەی تیكاب، كانە ئاڵتونییەكانی سەقز.
كانی ئاڵتونی “ئاق دەڕە” لە 30 كیلۆمەتری شاری تیكاب لە رۆژهەڵاتی كوردستان دایە كە بە دوەمین كانی ئاڵتونی ئێران دادەنرێتو لە ئێستادا ساڵانە 2هەزارو 200 كیلۆ بەرهەمی هەیە.
كانی ئاڵتونی “زەڕشوان” كە گەورەترین كانی ئاڵتونی ئێرانە، لە 35 كیلۆمەتری شاری تیكاب لە رۆژهەڵاتی كوردستانە لە ئێستادا ساڵانە سێ تۆن شمشی ئاڵتون بەرهەم دێت، هاوكات چەندی مادەی كانزایی دیكە وەك جیوە.. لەو كانزایە بەرهەم دێت.
كانە ئاڵتونەكانی سەقز كە كانەكانی “كەرەویان”، “قوڵقوڵە”و “قەبەغڵوجە” لەخۆ دەگرێت بە پانتایی 10 كیلۆمەتری چوارگوشەیەو دەكەوێتە 28 كیلۆمەتری شاری سەقز كە باشترین جۆری ئاڵتونی ئێرانی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ئامارەكان لەو كانە ئاڵتونانەی سەقز پێشبینی دەكرێت 17 هەزارو 300 كیلۆ ئاڵتونی خالس هەبێت كە ساڵانە بڕێكی بەرچاوی دەدەهێنرێتو بۆ تاران دەگوازرێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە سەرەڕای ئەوەی باشترین كانی ئاڵتونەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی كوردستاندایە بەڵام هیچ كارخانەیەكی تواندنەوەی ئاسن لە ناوچەیە نیەو بەردی ئاڵتونەكان راستەوخۆ بۆ دەرەوەی كوردستان دەبرێت.
بێجگە لە كانە ئاڵتونەكانی كوردستان، ئێران لە كانە ئاڵتونەكانی موتەی ئیسفەهان، ئارغەشی نەیشابور، تورقەبەی مەشهەدیش بڕێك ئاڵتون بەرهەم دێنێت.