تەقینەوەی مین لە ناوچەی سۆمار سەر بە پارێزگای كرماشان، بووە هۆی بریندار كردنی هاوڵاتییەك.
بە پێی راپۆرتە بڵاو كراوەكان، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی مانگی رەزبەر لە ناوچەی سۆمار یەكێك لە كارمەندانی ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بە ناوی “سەید مەولا سپاهیدە” لە كاتی هەڵگرتنەوەی، بە هۆی تەقینەوەی مینێكەوە بریندار بوو.
پای چەپی ئەو هاوڵاتییە بە توندی بریندار بووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی هەینی 24ی مانگی رەزبەر، چوار هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شاری “دێهلۆڕان”ی سەر بە پارێزگای ئیلام، بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەكانی حكوومەتی ئێران كوژران و بریندار بوون.
لەو ڕووداوەدا 3 كەس دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و كەسێكیش بە توندی بریندار بووە.
شوناسی ئەو هاووڵاتییانەی كە گیانیان لەدەست داوە “دیش حەمیدی، هادی چندالە و نەورۆز خەتەرچی” ڕاگەیەنراوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە ئەو چوار هاووڵاتییە كوردە لە ناوچەی “شەرهانی” و لە نزیك پێگەی “ڕبووت” بەهۆی كەوتنە سەر مین تووشی ئەو ڕووداوە بوون.
ئەو هاووڵاتییەی كە بریندار بووە ناوی “ڕەمەزان حەمیدی”یە و ئێستە لە نەخۆشخانەی دێهلۆڕان لەژیر چاوەدێریی پزیشكی دایە و تەمەنی هەموو كوژراو و بردیندارەژكان لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵە.
بە پێی ئامار و داتاكان لە ئێران زیاتر لە 20 ملیۆن مینی چێنراو هەیە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی ئێرانیش بە بەردەوامی باسیان لە خاوێن كردنەوەی زەوییەكانی ئالودە بە مین كردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن كە حكوومەتی ئێران هەتا قووڵایی 30 سانتیمتری مینەكانی هەڵگرتووەتەوە و بە پێی ستانداردە جیهانییەكان دەبێ هەتا قووڵایی 80 سانتیمتری ئەو كارە ئەنجام بدرێت.