ژنە بەندكراوێكی سیاسی كوردی خەڵكی شاری سەڵماس كوردستان بە هۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشییەوە گیانی لە مەترسی دایە.
بە پێی راپۆرتی باسنیوز، “سەفیە سادقی” كە ماوەی 5 ساڵە دەستبەسەر كراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە باری تەندروستیی تێكچووە.
“سەفیە سادقی” كە بەدەست نەخۆشی گورچیلە و دڵەوە دەناڵێنێ، هەتا ئێستە لەلایەن بەرپرسانەوە ڕێگەی پێنەدراوە كە سەردانی پزیشكی دەرەوەی بەندیخانە بكات.
هاوبەندییەكانی ئەو بەندكراوە باسیان لەوە كردووە، ئەگەر رێگە نەدرێت ئەو ژنە زیندانییە سەردانی پزیشكی تایبەت بكات، ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە كە گورچیلەكانی لەدەست بدات و گیانی دەكەوێتە مەترسییەوە.
سەفیە سادقی خەڵكی شاری سەڵماسە و لەشاری سنە بە تۆمەتی چالاكی سیاسی و ئەندامیەتی لە حیزبێكی كوردیدا دەستبەسەر و پاشان بە 15 ساڵ بەندكردن حوكم دراوە.
ئەو ژنە كوردە سەرەتا چوار مانگ لە ناوەندە ئەمنیەتییەكانی ئیتلاعاتدا لە ژێر ئەشكەنجەدا بووە.