كچە خوێندكاری خەڵكی شاری بۆكان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر و راپێچی شوێنێكی نادیار كرا.
بەپێی راپۆرتەكان لەمبارەوە، رۆژی پێنجشەممە 16ی مانگی ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنیەتییەكان “ئەفسانە بایەزیدی” كچە خوێندكاری كوردییان بۆ جاری چەندەم لە ماڵەكەی خۆیان دەستگیر كردووە و دەستیان بەسەر كەلوپەلە شەخسیەكانی لەوانە كامپیوتر و كتێب و … گرتووە.
ئەفسانە بایەزیدی تەمەن 30 ساڵ ڕێكەوتی 5ی پووشپەڕی ساڵی 1393 ی هەتاوی، لە شاری بۆكان لەگەڵ براكەی دەستگیر و پاشان لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەكان لە زانكۆی پەیام نووری شاری مەراغە دەركرا.
ئەو كچە خوێندكارە پێشتریش ساڵی 1392 دەستگیر كرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیەوە حوكمی 2 ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانكۆی پەیامنووری بۆكانەوە بۆ زانكۆی پەیامنووری شاری مەراغە دوور خرایەوە و براكەشی بە ناوی”شاهۆ بایەزیدی” بە 6 مانگ زیندان حوكم درابوو.
ئەفسانە بۆ جاری دووهەم كە دەستگیر كرا پاش سێ مانگ و لە خەرمانانی 93 دا بۆ ماوەی 19 ڕۆژ لە زیندانی بۆكان مانی لە خواردن گرت.