لە شاری شنۆ چالاكوانێكی كورد بەدەستی هیزە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە دەستگیر كراوە.
بەپێی هەواڵی باسنیوز، لاوێكی كورد بەناوی “ئەردەشیر سوڵتانی” كوڕی خدر و خەڵكی یەكێك لە ئاواییەكانی سەر بە شنۆ دەستگیر كراوە.
دەوترێت ئەو هاووڵاتییە كەسیكی هەڵسووڕ و چالاك بووە و بە بەردەوامی بە دەم كێشەكانی خەڵكییەوە هاتووە و یەكێك لەو كەسانەش بووە و بە شێوەی خۆڕسك دەستی بە خاوێن كردنەوەی ژینگە كردووە.
ئەردەشیر سوڵتانی ڕۆژی رابردوو بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ كراوە و پاشان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە كراوە.
بنەماڵەی ناوبراو بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەكانیان كردووە و هەتا ئیستا هۆكاری گرتنی ئەو لاوە كوردەیان بە بنەماڵەكەی رانەگەیاندووە.
ماوەیەك لەمەوبەریش چوار كەسی دیكەی خەڵكی شاری شنۆ بە دەستی هێزە ئەمنیەتیەتییەكان دەستگیر كران كە هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.