ژمارەیەك لە كرێكارانی رێكخراوەی دابین كردنی كۆمەڵایەتی شاری كرماشان لە ناڕەزایەتی بە نەدانی حەقدەستەكانیان ھاوكات لەگەڵ كرێكاران و پەیمانكارانی ئیدارەی نەوژەنكردنەوە قوتابخانەكانی شاری “شەهاباد”ی سەر بە پارێزگای كرماشان كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرێوە برد.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، رۆژی سێشەممە رێكەوتی 24ی خەرمانانی 1394ی ھەتاوی، ژمارەیەك لەو كارمەندانەی كە مافی دابین كردنی بیمەكەیان لە لایەن رێكخراوەی دابین كردنی كۆمەڵایەتی لە شاری كرماشان نەدراوە لە بەردەم ئەو رێكخراوەیە دەستیان دایە كۆبوونەی ناڕەزایەتی.
بە وتەی یەكێك لەو كەسانەی كە لەو كۆبوونەوە بەشداریی كردوە، زیاتر لە سێ مانگە ئەو كارمەندانە مافی بیمەیان پێ نەدراوە و بەرپرسانی رێكخراوەی دابین كردنی كۆمەڵایەتی وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانیان نیە.
لە ھەواڵێكی دیكەدا هاتووە، كە هەمان رۆژ لە شاری “شەهاباد” سەر بە پارێزگای كرماشان ھەندێك لە كرێكاران و پەیمانكارانی ساز كردنی قۆتاخانەكان سەر بە ئیدارەی نەوژەنكردنەوە كە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتوە، لە ناڕەزایەتی بەو دۆخی نالەباری ژیانی خۆیان، لە بەردەم ئیدارەی نەوسازیی لە سەر شەقامی جەعفەری كۆبوونەوی ناڕەزایەتیان بەرێوە برد.