“هوشەنگ رەزایی” زیندانی سیاسی مەحكوم بە ئێعدام، كە لە بەندی 12ی زیندانی رەجایی شاری كەرەج راگیراوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی مانگی خەرمانان رەوانەی دادگا كرا.
بە پێی راپۆرتی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، “هوشەنگ رەزایی” خەڵكی نەهاوەند رێكەوتی 29ی مانگی جۆزەردانی ساڵی 1389ی هەتاویی لە لایەن هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری تاران دەستگیر و راپێچی بەندی 209ی زیندانی ئێڤین كرا.
ئەم زیندانیە سیاسی پاش ئەشكەنجە و ئازارێكی جەستەیی و دەروونی زۆر، لە مانگی گوڵانی ساڵی 1391ی هەتاویی و پاش یەك ساڵ و نیو راگیران لە بەندی 209 و 350ی زیندانی ئێڤین، رەوانەی زیندانی رەجایی شاری كەرەج كرا.
“هوشەنگ رەزایی” پاش دادگاییەكی چەند خولەكی لە لایەن لقی 28ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆكایەتی “قازیی مەقسە” بە تۆمەتی “موحاربە لە رێگای ئەندامیەت لە حیزبێكی نەیاری كۆماری ئیسلامی” (كۆمەڵە) بە ئێعدام مەحكوم كرا و ئەم حوكمە بە شێوەی زارەكی لە زیندانی “رەجایی شاری كەرەج” بە ناوبراو راگەیەندرا.
ئەم زیندانیە سیاسیە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە هەر چەشنە چاوپێكەوتنێك و هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسیەكەی بێبەش بووە و دایك و باوكی ناوبراویش بە هۆی زۆربوونی تەمەنیان و ژیان لە شارستان، توانای ئەوەیان نیە بە شێوەی هەفتانە سەردانی بكەن.
“هوشنگ رەزایی” دەم و ددانی تووشی نەخۆشی بووە بەڵام كاربەدەستانی بێهداریی زیندانی ئێڤین وێڕای تێپەڕ بوونی چەند ساڵ لە دەستگیركرانی ناوبراو، لە هەر چەشنە چارەسەرییەكی پزیشكی ئەو زیندانیە سیاسیە خۆدەبوێرن.
ئەو زیندانیە سیاسیە مەحكوم بە ئێعدامە پێشتر كاتێ لە بەندی تایبەتی ئەمنیەتی زیندانی رەجایی شار راگیرابوو، بە هاوبەندیەكانی خۆی راگەیاندبوو كە “كاربەدەستانی ئەمنیەتی بە دۆسیە ساز كردن و تۆمەتی بێ بنەما، ئەشكەنجە و ئازارێكی جەستەیی و دەروونی زۆریان لەسەر ناوبراو سەپاندووە”.
“سەعید رەزایی” ئامۆزای ئەو زیندانیە سیاسیەش پێشتر بە تۆمەتی شاردنەوەی “هوشەنگ رەزایی” دەستگیر و بە ماوەی یەكساڵ لە زیندان راگیرابوو.