ئێوارەی رۆژی رابردوو لە نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی شەڕ و تێكهەڵچوونی چەكداریی هاتە ئاراوە.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەكانی نزیك لە حدك، ئێوارە درەنگانی دوێنێ سێشەممە 10ی مانگی خەرمانان هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و پارێزەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی رەبەت و لە نێو ئاوایی و دەوروبەری گوندی سیسێری ناوچەی رەبەت، كەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزەكانی كۆماری ئیسلامی شەڕ و تێكهەڵچوونی چەكداریی هاتووەتە ئاراوە.
دەوترێ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بە 10 ئۆتۆمبیل كە هەڵگری چەكی قورس بوون هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات.
حیزبی دیموكرات باس لەوە دەكات، لەو شەڕ و تێكهەڵچوونەدا چەند كەس لە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراو و بریندار بوون و كە فەرماندەی پلە بەرزیشی تێدایە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكیان بە بوون و نەبوونی خەساری گیانی پێشمەرگەكانی خۆیان نەداوە.