مۆرەیەكی ناسراوی ئیتلاعات لە شاری بۆكان كە لە لایەن خەڵكەوە بە كەسێكی بەدناو و باجگیر دەناسرێت، بە زەربی گوللە كوژرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو بە كاتی رۆژهەڵاتی كوردستان، “حەسەن عەلیپوور” ناسراو بە (حەسەن بانەیی) لە شاری بۆكان و لە لایەن 2 كەسی ماتۆڕ سوارەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دەستبەجێ كوژرا.
حەسەن بانەیی لە نێو خەڵكدا بە مۆرەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی دەناسرێت و لە نێو شاردا سەرقاڵی باجگیری و ئازار و ئەزیەتی خەڵك بوو و بەوەش تاوانبار كراوە كە ساڵی 1391هەتاویی دەستی لە رفاندن و كوشتنی كچێك بە ناوی “سومەیە فەیزوڵڵاپوور” هەبووە كە بەو بۆنەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكی بەرین لە شاری بۆكان دەستی پێ كرد. حەسەن وێڕای ئەمەش بەرپرسی چەندین باندی قاچاخ و بازرگانی پێ كردنی مادەی هۆشبەر بووە.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر برایەكی حەسەن بە ناوی “كەریم بانەی” لە شاری بانە كە ئەویش مۆرەی ئیتلاعات بوو، كوژرا و حكومەت بۆ ئەوەیكە حەسەنیش بە ئاقاری براكەیدا نەڕوات، ناوبراوی رەوانەی شاری بۆكان كرد.