“ئاسۆ رۆستەمی” چالاكی كوردی راگیراو لە بەندی 8ی زیندانی ئێڤین تووشی جەڵتەی مێشك بوو.
بە پێی راپۆرتی هرانا، شەوی رابردوو “ئاسۆ رۆستمی” چالاكی مەدنیی كوردی راگیراوی لە بەندی 8ی زیندانی ئێڤین، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و گواسترایەوە بۆ بێهداریی. رۆستمی پاش ئەوەیكە دەركەوت كە تووشی ئەو رووداوە هاتووە، بە بێ هیچ چاودێرییەك لە لایەن هێزەكانەوە گواسترایەوە بۆ نێو بەند.
ئەو چالاكە مەدەنی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش بە توندی تووشی ئیلتهاب و خوێنڕێژیی رێخۆڵە ببوو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گواسترایەوە.
ناوبراو كۆتاییەكانی مانگی جۆزەردان بە هۆی توندبوونەوەی كێشەی هەناسە تووشی كۆخەی خوێنین ببوو، رێكەوتی 25ی مانگی خەرمانانیش كێشەی هەناسەی گەیشتە ئاستێكی مەترسیدار، بەلام پاش 2 هەفتە لە لایەن پزیشكەوە چارەسەریی بۆ ئەنجام درا.
ئاسۆ رۆستمی چالاكی مەدەنی 28 ساڵە، رێكەوتی 16ی مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو پاش كۆبوونەوە لە بەردەم دەفتەری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە مەبەستی پشتیوانیی لە خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانێ، هاوڕێ لەگەڵ چەند چالاكێكی دیكە دەستگیر و پاش راگرتن و لێپرسینەوەیەكی زۆر، گواسترانەوە بۆ بەندی 8ی زیندانی ئێڤین.
تۆمەتەكانی سەر ناوبراو بریتی بوون كە پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی، كۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و بێ رێزیی بە خامنەیی كە بەو بۆنەوە 7 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ 3 چالاكی مەدەنی دیكە لە ماوەی كەمتر لە 15 خولەك، لە لایەن لقی 28ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆكایەتی قازیی مەقیسە بەگشتی بە 38 ساڵ زیندان حوكم دران.