“عەدنان حەسەنپوور” رۆژنامەنووسی بەندكراوی كورد هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندكراوی سیاسیی دیكەی كورد دوێنێ دووشەممە 2ی مانگی خەرمانان بە هۆكارێكی نادیار لە زیندانی مەریوانەوە گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.
بەپێی راپۆرتی كەمپینی بەرگری لە بەندكراوانی سیاسی و مەدەنی، “عەدنان حەسەنپوور، تها محەمەدی و فەرهاد شەفیع زادە” 3 بەندكراوی سیاسیی كورد دوێنێ كاتژمێر 6ی بەیانی لە زیندانی مەریوانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە راگوێزراون.
هەرچەند هەتا ئێستە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ئەو 3 بەندكراوە روون نەبووەتوە، بەڵام هەندێ لە چالاكوانانی كورد پێیان وایە ئەگەری زۆرە بەپێی مادەی 134 ئەو 3 بەندكراوە ئازاد بكرێن.
“تەها محەمەدی” یەك لەو 3 بەندكراوە خەڵكی شاری سنەیە و ماوەی 7 ساڵە لە زیندان دایە.
“فەرهاد شەفیع زادە” یەكێكی یدیكە لەو بەندكراوانە كە سزای یەك ساڵ یزندانی بۆ بڕاوەتەوە و هتا ئێستە 7 مانگ لە حوكمەكەی تێپەڕاندووە.
عەدنان حەسەنپوور، رۆژنامەنووسی زیندانیی كورد كە بە كۆنترین رۆژنامەنووسی بەندكراوی ئێران ناسراوە، سەرەتای ساڵی 2013 لە زیندانی ناوەندیی سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی مەریوان و هەر هەمان مانگ دیسان بۆ زیندانی بەلووچستان دوور خرایەوە.
ئەم رۆژنامەنووسەی خەڵكی مەریوان ساڵی پار پاش 8 ساڵ زیندانیی بێ مەرەخەسی، سەرەنجام ئیزنی پێدرا لە دەرەوەی زیندان چاوی بە بنەماڵەكەی بكەوێ.
عەدنان حەسەنپوور رۆژنامەنووس و دەستەی نووسەرانی حەفتەنامەی ئاسۆ، سەرەتای ساڵی 2006 و پاش راگرتنی بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاكەكەسی لە ئیتلاعاتی سنە لە بەهاری ساڵی 2007 لەلایەن دادگای مەریوانەوە بە شێوەی نهێنی دادگایی كرا. بە تۆمەتی “هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی” و “بەرەنگاربوونەوەی خوا” سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە.
ئەو سزایە پاش 3 مانگ لە لقی 32ی دیوانی باڵای ئێران تاوتوێ و پەسەند كرا.
پاش پەسەندكردنی ئەو سزایە پارێزەرەكانی بەناوی “ساڵح نیكبەخت” و “سیروان هۆشمەندی” بە هەوڵ و چالاكی دیسان دۆسیەكەیان گەڕاندەوە بۆ دیوانی باڵای ئێران و سەرەنجام سزای سێدارەدانی هەڵوەشایەوە.
ساڵی 2008 بۆ جاری دووەم دادگەی شۆڕشی سنە عدنان حەسەنپووری دادگایی و 31 سزای ساڵ زیندانی بۆ بڕاییەوە كە بە دەربڕِینی ناڕەزایی پارێزەرەكانی لە ئەنجامدا دادگەی پێداچوونەوە ماوەی زیندانەكەی لە 31 ساڵەوە بۆ 16 ساڵ كەم كردەوە.