بەحرەین 5 كەسی بە گومانی بۆمبڕێژییەكانی ئەم دواییانە لەو وڵاتە دەستگیر كرد و دەڵێ: دەستگیر كراوەكان سەر بە سپای قودسی كۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بوون.
بە پێی راپۆرتی پێنجشەممە 22ی مانگی گەلاوێژی هەواڵنێریی فار، “تارقەلحسێن” سەرۆك پۆلیسی بەحەرەین وتی ئەم كەسە دەستگیركراوانە جگە لە بۆمبڕێژ كردنەكانی ئەم دواییانەی بەحرەین، دەستیان لە باقی كردەوە تیرۆریستیەكانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی دەوروبەری كەنداوی فارسدا هەبووە.
بە هۆی تەقینەوەكەی رۆژی سێشەممە 6ی مانگی گەلاوێ لە ئاوایی شیعەنشینی سترە لە باشووری پایتەختی بەحرەین و لە بەردەم قوتابخانەیەكی كچانەدا، 2 پۆلیس كوژران و 6 كەسی دیكەش بریندار بوون.
هەواڵنێریی دەوڵەتیی بەحرەین لەو كاتەدا رایگەیاند، ئەو مادە تەقەمەنیەی لەو بۆمبەدا كەڵكی لێ وەرگیراوە لە چەشنی ئەو مادە تەقینەوانە بوون كە لە ئێرانەوە قاچاخ كراون و لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ناوی یەكێك لەو كەسە دەستگیركراوانە “محەمەدەلتوق” راگەیەندراوە 24 ساڵ تەمەنی هەیە و بە وتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستی لە تەقینەوەكەدا هەبووە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین وتی “محەمەدەلتوق” گومانی ئەوەی لەسەرە كە لە تەقینەوەی “تیرۆریستی” ساڵی 2013یش دەستی هەبووە و ماوەیەكیش لە ئێراندا ژیاوە.
ئەو هەروەها تۆمەتبار كراوە كە لە لایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە مەشقی بینیوە.
سەرۆك پۆلیستی بەحرەین رایگەیاندووە كە ئەو رووداوە “رووداوێكی جێگای نیگەرانیە كە ئێران بۆ كاریگەریی دانان لەسەر سەقامگیری و ئەمنیەت لە بەحرەین ئەنجامی داوە”.
بەحرەین كە وڵاتێكی بچووك بە رێژەیەكی كەمی دانیشتووان لە باشووری كەنداودایە، لەگەڵ نائارامی سیاسی و ئەمنیەتی بەربڵاو لە ماوەی 4 ساڵی رابردوو بەرەوڕوویە.
زۆربەی ئەو وڵاتە شیعە مەزهەبن بەڵام دەسەڵات لە دەستی سونەكاندایە.
پادشای بەحرەین لەم ماوەیەدان كۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی بە هەڵخڕاندنی شیعەكانی ئەو وڵاتە و هەوڵدانی دژی خۆی تۆمەتبار كردووە و تارانیش بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەت كردووەتەوە.