لە دوو شاری قەسری شیرین و بانە مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بە هاووڵاتیاندا تەقیونەتەوە و بەو هۆیەوە سێ كەس بە توندی بریندار بوون بە چەشنێك كە لاقی یەكێكیان پەڕیوە و یەكێكی دیكەش گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتەكان لەمبارەوە، ڕۆژی رابردوو لە ناوچە سنوورییەكانی شاری “قەسر شیرین”ی سەر بە پاڕێزگای كرماشان دوو كەسی تەمەن 35 و 42 ساڵ كەوتوونەتە سەر مینە چێنراوەكان.
ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە بە توندی بریندار بوون كە باری تەندروستیی یەكێكیان زۆر جێگیر نیە و لە حاڵی حازردا لە نەخۆشخانەی شاری كرماشان لەژێر چاودێریی پزیشكی دان.
هەر رۆژی رابردوو هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری بانە، بەناوی “ئەرشەد مەولاوێردی” تەمەن 52 ساڵ و ژن و منداڵ هەبووە بەهۆی كەوتنە سەر مینە چێندراوەكانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق گیانی لەدەست داوە.
ئەو پیاوە بەساڵاچووە لەو ناوچە سنوورییانە سەرقاڵی لەوەڕداندنی مەڕ و ماڵاتی خۆی بووە و كاتێكیش كە كەوتووەتە سەر مینە چێنراوەكان كەس لە دەورووبەری نەبووە كە فریای بكەوێت و بەهۆی خوینڕێژی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.
هەروەها كاتژمێری 10ی سەر لەبەیانیی رۆ1یی رابردوو بە هۆی تەقینەوەی مینی “ئێم چواردە” كەسێك بە ناوی “داریوش ئاردلپوور” كارمەندی ناوەندیی پاك كردنەوەی مین بریندار بوو.
ئەو رووداوە لە “پایەگای ئاربابا”ی شاری بانە رووی داوە و ناوبراویش بە مەبەستی تەداوی كردن رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە كراوە.