“نامێق دڵدڵ” هاوڵاتیی كوردی خەڵكی بۆكان لە بەندی 209ی زیندانی ئەوین بە 10 ساڵ زیندان حوكم درا.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی هرانا، لقی 28ی دادگای ئینقلابی بە سەرۆكایەتی مەقیسە “نامێق دڵدڵ”ی بە 10 ساڵ زیندان لە لە قۆناغی سەرەتایی مەحكوم كرد.
دەوترێ دادگایی كردنی ئەم هاوڵاتییە بۆكانیە سەرەتا بە ئامادەبوونی پارێزەری دیاریكراو بەڕێوە چووە و ناوبراو وێڕای تێپەڕبوونی 15 مانگ لە دەستگیركرانی و دەركردنی حوكم هێشتاكە لە بەندی 209 راگیراوە.
نامێق دڵدڵ كە پێشتر 3 ساڵ لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج زیندانی كرابوو، پاش ئازادران لە 29ی مانگی خاكەلێوەی ساڵی 1393ی هەتاویی دوبارە لە شاری بۆكان دەستگیر و پاش ماوەیەك لە زیندانی 209ی زیندانی ئێڤین راگیرا.
ئەگەرچی هەتا ئێستا تۆمەتەكانی سەر ئەم هاوڵاتییە ئایینیە بۆكانیە بە تەواوەتی دیار نیە، بەڵام كەس و كاری ناوبراو هۆكاری دەستگیركردنی بۆ “درێژەدان بە چالاكی پڕوپاگەندەی ئایینی” دەزانن و چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبە ئایینیەكان دەگێڕنەوە.