جێگری سەرۆك كۆماری ئێران تایبەت بە كێشەكانی ژنان و خێزان ئاشكرای كرد، 15 هەزار كەسی كارتۆن خەو لە ئێران هەن كە 5 هەزاریان ژنن.
“شەهیندۆختی مۆلاوێردی”، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ بواری كێشەكانی ژنان و خێزان، بە هەواڵدەری (كار)ی ئێرانی ڕاگەیاند، 13 ناوەندی جیاوازی وەكو شارەوانییەكان و ڕێكخراوی كاروباری كۆمەڵایەتی هەن كە بەرپرسیارەتی پێڕاگەیشتی بارودۆخی ژنانی كارتۆن خەویان لە ئەستۆیە و پێویستە چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن. ئاماژەشی بەوە كرد كە كێشەكە هەستیارە و هەوڵی داوە، لەگەڵ ناوەندە پەیوەندیدارەكاندا بۆ چارەسەر كردنی هەماهەنگی بكات.
بە پێی ڕاگەیاندنەكانی ئێران، لەو ساڵانەی دواییدا ژمارەی ژنان و منداڵانی بێ ماڵوحاڵ زۆر زیادی كردووە. بە پێی ئەو ڕاگەیاندنانە، زۆربەی ژنانی كارتۆن خەو بە تەمەنن، ئەمەش لە كاتێك دایە كە ئێستا ژمارەی ژنانی لاویش لە نێویاندا ڕووی لە زیادبوون كردووە.
كارتۆن خەو بەو كەسانە دەوترێت كە بێ ماڵ و حاڵن و لە سەر شەقامەكاندا دەمێننەوە، ئەمەش هەر تەنیا پیاوان ناگرێتەوە، بەڵكو هەزاران ژنی ئێرانیش، لە بەر نەبوونی ماڵ و حاڵیان، لە سەر شەقامەكاندا كەوتوون و بە بەشێك لە (كارتۆن خەو) هەژمار دەكرێن.