ژمارەیەك لە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرا سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكن كە بەپێی ئەوە سەرجەم ئەو میلیشیا بیانییانەو ئەو سیخوڕانەی بۆ بەرژەوەندی ئێران كار دەكەن، رەگەزنامەی ئێرانییان پێبدرێت.
لەرۆژانی رابردوو، ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی دەقێكیان بەناوی بۆچوونی شارەزایان لەسەر هەمواركردنەوەی مادەی 980ی قانونی مەدەنی بۆ ئاسانكاری بەمەبەستی پێدانی رەگەزنامە بە میلیشیاو سیخوڕە بیانییەكان بڵاوكردەوە.
لە نوسراوەكەدا هاتوە: ئەم پرۆژە یاسایە لەهەوڵی ئاسانكاری بۆ پێدانی رەگەزنامە بە “موجاهیدانی غەیری ئێران كە لەشەڕی حەق دژی باتڵ خزمەت بەكۆماری ئیسلامی دەكەن”.
ئەگەرچی مەجلیسی شۆرا لەئێستادا سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو پرۆژە یاسایەیە، بەڵام پێدانی رەگەزنامەی ئێران بە هاوكارانی بیانی كۆماری ئیسلامی شتێكی ئاسایی بووە.
بۆ وێنە ئەو كەسە عێراقو لوبنانیانەی كە لەتەقینەوەكەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەكوەیت لەساڵی 1983 دەستیان هەبووە، هەروەها ئەو لوبنانیانەی لە تەقینەوە بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە بەیروت لەساڵی 1983و رفاندنی فرۆكەی كوەیتی لە ساڵی 1988 دەستیان هەبووە، سەرجەمیان رەگەزنامەی ئێرانییان وەرگرتووە، لەوانە عیماد موغنیە فەرماندە پێشووی میلیشیاكانی حیزبوڵای لوبنان.