نەتەوە کارخانەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەستو نەستی جیاوازو ناکۆک بەیەکە، دو جۆر لەو هەستکردنانە لەڕیزی پێشەوەن، یەکەمیان هەستکردنە بەشکۆو غروری نەتەوەیی، دوەمیان هەستکردنە بەشەرم لەنەتەوە. نەتەوە لەهەندێک کەسدا هەستی شکۆو سەربەرزییو غرورو سەرفرازیی دروستدەکاتو ئەو کەسانە خۆشحاڵانە خۆیان وەک ئەندامی ئەو نەتەوەیە دەناسێننو ئینتیمایان بۆ ئەو بەئینتیمای سەرەکیی یان هەرەسەرەکیی دەزانن. زۆربەی کاتیش ئەم جۆرە کەسانە بەشێوازی جیاواز بەرگریی لەو شکۆمەندییو غرورو سەربەرزییە نەتەوەییە دەکەن.
بۆ نمونە دەشێت کوردێک بەوە بەرگریی لەهەستی شکۆمەندییو غروری نەتەوەیی خۆی بکات کە بڵێت “ئێمە نەتەوەیەکین لەوەتەی هەین بۆ ئازادیی شەڕدەکەین”، “لەم پێناوەدا قوربانییەکی بێئەندازەمان داوە، کوژراوینو ڕاونراوینو دەرکراوین، بەڵام تەسلیم نەبوینو وازمان نەهێناوە”. باس لەلیستی درێژی شەهیدەکانو کۆستەکانو وێرانەکانو قوربانییەکان بکات، دەشێت باس لەجەنگاوەرانی کوبانی بکاتو بڵێت:”ببینن ژنانی ئێمە چۆن دەجەنگن”. دەشێت بگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەرو ئەم ئاسنگەرە “کورد”ە بەیەکەمین شۆڕشگێڕی ناو مێژو بناسێنێت. دەشێت باس لەسەڵاحەدینی ئەیوبی بکاتو بەڕزگارکەری ئیسلامی بزانێت. یان باس لەشەهیدبونی قازی محەمەدو عەبدولرهحمانی قاسملو و شێخ سەعیدی پیران بکات. دەشێت هێما بۆ ئەدەبیاتی کوردی بکات، باس لەنوسەرو هونەرمەندەکانو مۆسیقارەکان بکات، یان ناوی ئەم یان ئەو گۆرانیبێژو وەرزشەوان بهێنێت، دەشێت تەنانەت باس لەسروشتو ژینگەی کوردستان بکات. یاسایەک نییە پێمانڵێت ئەم شکۆو غرورە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، بۆیە هەم دەشێت باس لەکارەساتەکان بکرێتو هەم باس لەسەروەرییەکان. ئەوەی لێرەدا ڕودەدات جۆرێکی تایبەتە لەڕازیبون، ڕازیبونی ئەم خودە نەتەوەییە بەرامبەر بەخۆیو بەمێژوە نەتەوەییەکەی، هاوکات بونی خۆیو بونی نەتەوەکەی وەک بونێکی پۆزەتیڤ قبوڵدەکات. ئەم خودە هەم لەخۆبەراوردکردنیدا بەرامبەر بەوانیترو هەم لەبەردەم چاوەڕوانییەکانیدا لەخۆی، ڕوانینێکی پۆزەتیڤی هەیە. ئەم غرورو شکۆیە دەشێت تا دۆخی شۆڤێنیزمو ڕاسیزمی ڕوتو بێپەردە بڕوات، ڕق لەوانیتر ئاراستەی بکات، هەستێکی بوغزاوی وایلێبکات جگە لەخۆی ژمارەیەکی زۆر لەنەتەوەکانی تر بە”پیس”و”بەربەریی”و “گەمژە” دابنێتو وێناکردنی بۆیان کەمتربێت لەوێناکردنیان وەک مرۆڤ.
بەڵام نەتەوە هەستی شەرمکردنیش لەتاکەکەسەکاندا دروستدەکاتو پێچەوانەی هەمو ئەوانەی لەسەرەوە باسکرا بسەلمێنێت. بۆنمونە کوردێک دەتوانێت بڵێت “ئێمە نەتەوەیەکی هیچو بێماناین”، “بەردەوام ژمارەی جاشەکانمان چەندان جار لەژمارەی پێشمەرگەکانمان زیاتر بوە”، “درێژیی مێژوی شەڕکردنی کورد لەناو خۆیداو لەگەڵ یەکتریدا هیچی کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت، لەمێژوی شەڕکردنیان لەگەڵ دوژمناندا”. دەشێت بڵێت “شەرم لەو سەرکردانە دەکەم کە نیشتیمان وەک کۆمەڵێک چاڵو بۆرییە نەوتو وەک دەغیلەیەکی حیزبی گەورەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان تەماشا دەکەن”. پێیوابێت”نەتەوەیەکین دزییو جەردەیی گەندەڵیی لەناو هەمو شتێکماندایە، لەئابورییەوە بۆ ئەخلاقو لەسیاسەتەوە بۆ دینو لەدەزگاکانی حوکمڕانییەوە و بۆ دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی”. خاوەنی میدیایەکی پڕ لەدرۆو تۆمەتو ساختەکاریی بێوێنەین. ئەم کوردە دەتوانێت بڵێ “شەرم لەوە دەکەم کە نەتەوەیەکی دواکەوتوینو لەهیچ بوارێکی ژیانی شارستانییو تەکنۆلۆژیدا شتێکمان نییەو نەکردوە مرۆڤ دڵی پێیخۆشبێت”. “زانکۆکانو دەزگا زانستییەکانمان لەڕیزی هەرەدواوەی دونیادانو لەهیچ بوارێکی زانستیدا شتێکمان نەخستۆتە سەر مێژوی زانست لەدونیادا”. هەروەها دەکرێت بڵێت “ئێمە نەتەوەیەکین ژمارەیەکی زۆر ژنمان لەسەر سێکسو شەرەفو گومانلێکردن کوشتوەو دەکوژین”، “بەزۆر قورئان بەمنداڵان لەبەردەکەینو هەر لەمناڵییشەوە نێرو مێ لەیەکتری جیادەکەینەوە”.
دەکرێت بڵێت “شەرم لەو ڕۆشنبیرانەی وڵاتەکەم دەکەم کە ئەمڕۆ شتێک دەڵێنو سبەینێ پێچەوانەکەی، ئەمڕۆ شۆڕشگێڕنو سبەی سازشکەر، لەبەردەم خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا بەچۆکدادێنو هەندێکیان تا ئەو شوێنە دەڕۆن نەخوێندەواربونی سیاسییەکان بەنرخی فیکرو فەلسەفەو حیکمەت بفرۆشن”. ئەم وێناکردنە نێگەتیڤە بۆ خود دەشێت تا ئەو شوێنە بڕوات بگۆڕێت بۆ نەفرەتکردنو ڕقبونەوە لەخود. یانی ببێت بەنەخۆشییەکی سایکۆلۆژیی کە ناوی “خودنەفرەتیی”ە. بەکورتی وەکچۆن شکۆی نەتەوەیی دەشێت تا ئاستی نارسیزمو ڕاسیزمو شۆفێنیزم بڕوات، ئاواش شەرمکردن لەنەتەوە دەشێت تا ئاستی “خودنەفرەتیی” بڕوات. لەڕوی زانستیشەوە “خودنەفرەتیی”بەزۆری لەناو ئەو کەمایەتییو میللەتانەدا دروستدەبێت کە ماوەیەکی درێژ بەدەست لاوازییو دابەشبونو تێکشکانەوە دەناڵێن. ئەم دیاردەیە لەناو خوێندەوارە جولەکەکاندا ئامادەبوە، کارل مارکس یەکێکە لەو نوسەرانەی لەلایەن زۆرێک لەجولەکەکانەوە بە”خودنەفرەتیی” تاونباردەکرێت. ئەوەی شوێنی سەرنجە ئەوەیە دەشێت هەمان ئەم دو هەستە ناکۆکە، هەستی شکۆو هەستی شەرم، لەناو یەک کەسدا لەساتەوەختی جیاوازدا ئامادەبێت.
لەدۆخی شەرمکردندا هەستکردن بەبچوکی، بەهیچیی، بەڕیسوایی، بەخەجاڵەتبون ئامادەیە، پەیوەندییەک هەیە بەخود خۆی بەویترەوە تەواو نێگەتیڤە. لەشەرمدا دۆخی خۆبەراوردکردن بەوانیتر دۆخێکی ناڕەحەتو نایەکسانە، تیایدا خود لەم بەراوردەدا وەک شتێکی بێنرخو بێبەهاو بچوک دەردەکەوێت. خاڵێک گرنگە بیزانین ئەوەیە لەدۆخی شەرمکردندا هەمیشە نەفیکردنی خود ئامادەنییە، ئەوەی هەیە هەستکردنێکی نێگەتیڤو ناڕەحەتو تاریکە بەرامبەر بەخود. کەسێک کە شەرم لەنەتەوەکەی دەکات، مەرج نییە ئەو نەتەوەیە نەفیبکات، وەک چوارچێوەیەکی دیاریکراوی شوناس قبوڵی نەبێت، ئەوەی هەیە هەستێکی نێگەتیڤو خراپە بەرامبەر بەدۆخو ئاستی گەشەکردنو شێوازی ئامادەبونی ئەو نەتەوەیە لەناو دونیادا. ساتەوەختی شەرم ساتەوەختی هەستکردنو هۆشیاربونێکی فراوانی خودە بەئهوانیتر، ئەوانیترێک کە لەخود باشترو پێشکەوترو مافپەروەرترو ئینسانیترو دیموکراسیترو ڕاستگۆترن، هتد… زۆرجار لەپشتی شەرمکردنەوە ئەو شێوازە لەهەستکردنو هۆشیاریی ئامادەیە کە پێیوایە نابێت شتەکان بەوجۆرە بن کە هەنو پێویستە بگۆڕدرێنو دەسکاری بکرێن. شەرمکردن لەوەی کە حکومەتێکی بێشەرمت هەیە، کە سیاسیی بێشەرمت هەیە، کە میدیای بێشەرمت هەیە، کە ڕۆشنبیریی بێشەرمت هەیە، هەمویان بەشێکن لەدیوی ئەودیوی هەستێک کە دروستکردنی حکومەتو سیاسییو میدیاو ڕۆشنبیری باشو بەرپرسیارو ڕاستگۆی دەوێت.