شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

مستەفا هیجری: پلانمان هەیە دەست بە خەباتی پێشمەرگانە بكەینەوە

مستەفا هیجری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە ئێستا سەردانی ئەمریكای كردوە، لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رووداو باس لە چەندین تەوەری گرنگ دەكات‌و دەڵێت: پلانمان هەیە دەست بە خەباتی پێشمەرگانە بكەینەوە.
دەقی چاوپێكەوتنەكە:

رووداو: بەسەردانێكی فەرمی لە ئەمریكای؟ مەبەستی سەردانەكە چییە؟

مستەفا هیجری: من بە دەستپێشخەری خۆم هاتووم بۆ ئەمریكا و پێشتریش سەردانی ئەمریكام كردووە. ئەمجارەیان بەهۆی ئەو هۆكارانەوە هاتووم كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن. شەڕی داعش، گفتوگۆی نێوان ئێران و رۆژئاوا دەربارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران كە بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم مانگە رێككەوتنێك بكرێت. ویستم بۆچوون و نیگەرانیی خۆمان ئاراستەی ئەمریكییەكان بكەین، دەربارەی لایەنە نێگەتیڤەكانی رێككەوتنێكی لەو شێوەیە لەسەر كورد. هەروەها سەردانی ئەڵمانیا و هەندێك وڵاتی دیكەمان كرد بۆ ئەوەی لە هەمان نیگەرانی ئاگاداریان بكەینەوە.

رووداو: دەربارەی چی لەگەڵ ئەمریكییەكان قسەتان كرد؟

مستەفا هیجری: ئەوەی كە لەگەڵ ئەمریكی و ئەوروپییەكان جەختم لێكردەوە ئەوە بوو كە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران شتێكی باشە ئەگەر رێگە لە ئێران بگرێت چەكی ئەتۆمی دروست نەكات. ئەوە پێشكەوتنێكی باشە بۆ ئاشتیی ناوچەكە و جیهان. بەڵام لایەنە نێگەتیڤەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی زۆر بەلای ئێمەوە گرنگن. بۆ نموونە لابردنی گەمارۆی ئابووری كە وا لە ئێران دەكات بتوانێت بە ئازادانە نەوتی خۆی بفرۆشێ. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران ئاسانتر داهاتی دەستبكەوێ، ئەوكات بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەست لە كاروباری ناوچەكە وەردەدات. دەستی ئێران واڵاتر دەبێت لە “هەناردەكردنی شۆڕش” بۆ ناوچەكە و هاوكاریی زیاتری هاوپەیمانەكانی بكات، لەوانە رژێمی بەشار ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن. ئەمە سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا زیاتر دەكات و لە ئەنجامیشدا بارگرژی و شەڕی زیاتر لە ناوچەكەدا روودەدات.
هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەم مەسەلەی داعشە. ئۆباما پێشتر رایگەیاند كە ئێران و ئەمریكا چەند خاڵێكی هاوبەشیان هەیە. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێران شەڕی داعش ناكات. ئێران یەكێكە لەو لایەنە سەرەكیانەی كە دەیەوێت داعش بەهێزتر بێت. ئەمە لە دەزگا نهێنییە باوەڕپێكراوەكانەوە بیستوومانە كە لە ناوخۆی ئێراندان. ئەمە شرۆڤە و شیكاركردن نییە. راستییەكانی سەر گۆڕەپانەكەش ئەوە دەردەخەن. كەوتنی مووسڵ و رومادی بەڵگەی ئەو سیاسەتانەی ئێرانن بۆ بەهێزكردنی داعش.

رووداو: دڵنیای كە ئێران لە پشت كەوتنی مووسڵ و رومادییەوە بوو؟

مستەفا هیجری: بەڵێ، بەپێی سەرچاوەكانی ئێمە و راستییەكانی سەر گۆڕەپانەكە. ئەگەر ببینی، دروشمەكانی داعش دژە شیعەیە، بەڵام داعش هێرش ناكاتە سەر ناوچە شیعەكان. كاتێك كە مووسڵ كەوت، هەموو كەس چاوەڕێی ئەوەی دەكرد كە ئەو گرووپە بەرەو بەغدا بكەونەڕێ. بەتایبەتی دوای ئەوەی كە سوپای عێراق ورەی رووخابوو، بەڵام لەبری بەغدا ئاڕاستەی بەرەو كوردستان گۆڕی.
چونكە ئێران ئەوەی دەویست. ئێران دەیەوێت شارستانیەت و شوناس و هونەر و كولتووری عێراق وێران بێت و پێكهاتەی عێراق بگۆڕێت. لەوەش زیاتر، تاران دەیەوێت عێراق وەكو ئێرانێكی دیكە لێ بكات. بۆ نموونە دروستكردنی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە مەشقی پێدەكرێت و چەكی پێدەدرێت. ئەمە بۆ ئەوەیە كە عێراق بە تەواوەتی لە رووی سەربازییەوە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت.

كشانەوەی سوپای عێراق لە رومادی بۆ ئەوەبوو كە شەرعیەت بە ناردنی حەشدی شەعبی بۆ ئەنبار بدات. ئامانج ئەوەیە كە هەر شتێك لە دوای داعش بەجێماوە وێران بكرێت. بینیمان لە تكریت باڵەخانەكان تەختكران و ئاگریان تێبەردرا لەلایەن حەشدی شەعبیەوە و خەڵكی ئاوارە كران. لەبەرئەوە بێ هۆكار نییە كە ئاوارەكانی ئەنبار رێگەیان پێنادرێ بچنە بەغدا. ئامانج پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە سوننە. ئەمانە هەموو بەشێكن لە ماستەر پلانێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی كە عێراقێك دروست بكات تەنیا خۆی تێیدا حاكم بێت.

بەلای ئێرانەوە هێشتا سیناریۆی سەدام حوسێنێكی دیكە لە عێراق لە ئارادایە. لەبەرئەوە ئەوان دەیانەوێت ئەمە لە رێگەی هەر كەس بۆخۆییەوە دروست نەبێت. لەلایەكەوە ئێران ئاراستەی هێرشی داعش بەرەو كوردستان دەگۆڕێت، لەلایەكی دیكەش دێت و دەڵێت “من هاتووم تاوەكو هاوكاریت بكەم”. تاران دەست دەخاتە نێوان پارتە كوردی و پارتە شیعیەكانەوە بۆ ئەوەی بە زاڵی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە بە كورتی، داعش ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بەرەو پێشتر دەبات. بەڵام بەداخەوە، رۆژئاوا نازانێ ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكەدا چییە. بۆیە لەم سەردانەماندا، دەمانەوێ رۆژئاوا لە پلان و ئامانجی ئێران لە ناوچەكەدا ئاگادار بكەینەوە.

رووداو: دەتەوێت بڵێی ئامانجی ئێران تەنیا ئامانجی سیاسی و سەربازی نین، بەڵكو كولتووریشن، لە رێگەی وێرانكردنی كولتوور و شارستانیەتی عێراقیەوە؟

مستەفا هیجری: بە دڵنیاییەوە. ئامانجی ئێران ئامانجی درێژمەودان. ئێران دەیەوێت بە كاریگەری بمێنێتەوە لە داهاتووشدا. ئەمەش دەكرێت لە رێگەی سڕینەوە و گۆڕینی كولتوور و شارستانیەتی عێراقەوە  بەدەست بێت. دەسەڵاتداری راستەقینە لە بەغدا ئێرانە، ئەمەش دەكرێت لە رێگەی مەشق و راهێنانی سوپای عێراقەوە لە رێگەی حەشدی شەعبیەوە درێژەی پێ بدرێت. ئەمە تەنها لە عێراق نییە، بەڵكو لە سووریا و یەمەن و هەر شوێنێكی تریش كە بتوانێت دەیكات.

رووداو: رێككەوتنی ئەتۆمی چ كاریگەرییەكی نێگەتیڤی لەسەر كورد دەبێت؟

مستەفا هیجری:  ئەمە مەترسییەكە و ئێمە بە ئەمریكیەكانیشمان راگەیاندووە كە رێككەوتنی ئەتۆمی رەنگە وا بكات چاو لە ئاستی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران دابخرێن. ترسمان هەیە ئەمریكا چاوپۆشی لەو توندوتیژیانە بكات كە ئێران دەیانكات. لە ژێر گەمارۆدا، ئێران بۆی نییە چەك بفرۆشێت، بەڵام هێشتا بایی 10 ملیار دۆلار چەكی بە عێراق فرۆشتووە، كەچی ئەمریكا چاوپۆشی لێدەكات و باسی ناكات. چەكداركردنی گرووپەكان شتێكی ترە كە ئێران دەیكات و ئەمریكاش بێدەنگیی لێ دەكات بە خاتری رێككەوتنی ئەتۆمی.

وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوایە لابردنی گەمارۆ سوودی بۆ خەڵكی ئێران دەبێت و كوردیش لەو نێوەندەدا سوود دەبینێ. بەڵام ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە بەو شێوەیە بیر بكەیتەوە، چونكە رژێمی ئێران هیچ بەرژەوەندیەكی لە گەشەپێدانی باری خەڵكی ئێراندا نییە. هەموو پارە و داهاتەكەی بۆ بەهێزتركردنی دەزگا ئەمنی و سەربازیەكانی دەبێت و بۆ ئەوە دەبێت كە گرووپی دەرەوەی ئێرانی پێ چەكدار بكات، ئەمەیە ئامانجی تاران. ئەنجامیش هیچ سوودێك بۆ خەڵكی ئێران ناڕوات.

رووداو: دەربارەی هەڵوێستی ئەمریكا لەمەڕ رووداوەكەی مەهاباد چۆن دەفكرن؟

مستەفا هیجری: ئەمریكا هەڵوێستی دەربارەی رووداوەكەی مەهاباد نەبوو. هێشتا سەد كورد لە زینداندان و ئەشكەنجە دەدرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. تاران دەیەوێت سزای قورس بەسەر ئەو كوردانەدا بدات بۆ ئەوەی كورد بترسێنێ و شتی لەوشێوەیە دووبارە نەكەنەوە. بەداخەوە هەڵوێستی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی هیچ جێی رەزامەندی نەبووە و ناكرێت پشتیان پێ ببەسترێ.

رووداو: هیچ كەناڵێكی دیپلۆماسیتان لەگەڵ تاران هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی سیاسی؟
مستەفا هیجری: هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ تاران نییە و پێمانوانییە كە ئێران هیچ هەنگاوێك بۆ پێدانی مافی نەتەوەكان دەگرێتەبەر. ئێران بڕوای بە مافی كورد نییە. ئەزمونی رابردوومان نیشانی داوە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بێسوودە. ئەمە لەبەرئەوە نییە كە ئێمە بڕوامان بە دیالۆگ نەبێت، بەڵكو ئێران بڕوای پێ نییە.

رووداو: دوای هاتنی حەسەن رووحانی، نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە؟

مستەفا هیجری: حەز دەكەم ئەوەت پێ بڵێم كە گۆڕینی كاربەدەستانی ئێران- لە وەزیرەوە بۆ سەرۆكەكانیان- هەمووی بێسوودە و بۆ جوانكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن كە هەڵبژاردنیان هەیە و حكومەتیان هەیە و پەرلەمان و دادگایان هەیە. ئەوانەی كە لە ئێران هەڵدەبژێردرێن هەمان ئایدیۆلۆژییان هەیە. كاتێك كە دێن و هەندێك بەڵێنی هەڵبژاردن دەدەن، ئامانج لێی راكێشانی خەڵكە بۆ سندوقەكانی دەنگدان.
بەڵام كە كار دێتە سەر كاركردن، هیچ ناكەن. رووحانی نموونەیەكی زیندووی ئەمەیە. ئەو بەڵێنی زۆری بە كورد و كەمینەكان دا. بەڵام شتەكان خراپتربوون، بەپێی ئەو داتایانەی كە رژێم بڵاوی كردوونەتەوە، خەڵكی زیاتر لە سێدارە دەدرێن لە ژێر دەسەڵاتی روحانی وەكو لەكاتی سەرۆك ئەحمەدی نەژاد. تەنیا جیاوازیی نێوان روحانی و ئەحمەدی نەژاد شێوازی قسەكردنیانە. ئەگەرنا ئایدیۆلۆژیا و پرۆگرامەكەیان یەكە.

رووداو: پلانتان هەیە دەست بە خەباتی چەكداری لە دژی ئێران بكەنەوە؟

مستەفا هیجری: پلانمان هەیە دەست بە خەباتی پێشمەرگەكانمان بكەینەوە. نیازمان نییە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران رووبەڕوو ببینەوە، بەڵام دەمانەوێت پێشمەرگە و كادیرەكانمان لە ئێراندا بن و پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكی هەبێت. بەڵام ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر پێشمەرگەكانمان، ئەوكات ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن. ئەمە پرۆگرامی ئێمەیە. بەڵام چەند كۆسپێك لەگەڵ پەكەكە هەیە كە دەمانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەریان بكەین.

رووداو: پێتوانییە كە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری كێشەی دیبلۆماسی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات؟

مستەفا هیجری: رەنگە ئێران فشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە چەندین ساڵە چالاكیەكانمان راگرتووە بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەبێت. بەڵام ئێمە ناتوانین هەتا هەتایە چالاكییە چەكداریەكانمان راگرین، بەخاتری ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی ئاڵۆزی نەبێت. پێموایە كێشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر پارتە كوردییەكان بە یەكدەنگی وەڵامی تاران بدەنەوە، دەكرێت كێشەكان لە خۆیان دووربخەنەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

2 بۆچوونەکان

  1. مەبەستت لە دژی پ.ک.ک یە؟
    ئێوە ئەگەر بتانویستایا ئەو هەمووە لە ئۆردۆگا دانەدەنیشتن، ئێستا خێره ئەتانەوێت خەبات بکەن؟
    لە کەناراوەکانی ئۆرۆپا خەبات بەردەوام کەن باشترە.

  2. بەرێز هجری پلانیشت ئستاانەبێت وەک ئەو بیست سالە دوایە مەسەلەیەک نەدەبو بەشەرتئک فێرببواییەی کە ڕئزو ئحترامت بۆ جیاوازیەکان دانایە ئەودەم پیاو دەیگوت ئۆخەی فیری ئەف و بئ ئ سیاسی بوە پاش ئەو هەموسالانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.