یه‌ك شه‌ممه‌ 24 تشرینی دووه‌م 2024

بیركردنەوە لەشیعر / ئەكرەمی میهرداد

(كاتێك پۆل ڤالێری دەربارەی (ستیفان مالارمێ)ی مامۆستای دەدوێت، دەڵێت: بۆ ئەو شیعر، بۆ من هەناسە)(1)، ئەوان هەردووكیان باوەڕیان بەسەربەخۆیی و توانای شیعر هەبوو بۆ ئەفراندنی جیهانێكی نوێ.
یان هەروەكو ت.س.ئەلیوت دەڵێت: (شیعر لەبەرئەوەی دەتوانێت شۆڕشێك لە هەستیاریمان بەرپا بكات، یان هۆیەك بێت بۆ شكاندنی شێوە باوەكانی زانین و بەهادان، كە هەمیشە لە رەوشی شێوەسازبووندان، هەر بەو پێیەش دەتوانێت ژیان یان بەشێك لە بوونمان سەرلەنوێ پەیدا بكاتەوە، شیعر بەشێنەیی یان بەپرتاو دەتوانێت دیسان لە هەستی قووڵمان ئاگادار بكاتەوە، ئەو هەستە بێ ناونەی كە گەوهەری بوونی ئێمە پێكدەهێنن، گەوهەرێك كە بەدەگمەن دەتوانین برینداری بكەین یان رەخنەی لێبگرین، چونكە ژیانی ئێمە لە ناچاریی پەیوەستبوون یان پابەندبوون بەجیهانی بینراو و بەڵگەدار، رزگار دەكات(2).
كە لە ستایشی شیعردا گرنگی دەدەین بەخودی بەهەرمی شیعریی و كاروانی دەربڕینی جۆشەكانی دەروون و (هەڵقوڵانی بێدەسەڵاتی هەستە بەهێزەكانی شیعر، ولیام وردزۆرس)، دەبێت لە هەمانكاتدا پەیگیرانە لەهەوڵی ئەوەدا بین كە رەهەندی ئەفراندن و پەیداكردنی بەرهەمی هونەریی، بەتایبەتی سرووداندن و خوێندنەوەی شیعر، بناسین. ئەگەر ئێمە بزانین كە توخم و ئاستەكانی شیعر كامانەن، ئەو كاتە تێدەگەین كە چەمكی رۆمانتیكی (ئیلهام) یان بەهرە دەبێتە بەهانەیەك یان سەرپۆشێك بۆ نەزانین سەبارەت بە رەوتی ئاڵۆزی ئەفراندنی هونەری شیعر، توخم و هۆكاری زۆر هەن كە لە نووسینی شیعردا گاریكەر دەبن: وشە، وێنا، مانا، كاریگەریی، واقعییەت، خەیاڵ، لۆجیك، زمان و رێزمان، فەرهەنگ، هەلومەرجی مێژوویی، فیكرو فەلسەفەو… هتد، تەنانەت دەبێت هەروەكو ڤالێری دەڵێت: نەخشی بەخت و رێكەوت و تووشبوونیش لەیاد نەكەین، لەدوای ئەم وتانە بۆمان دەردەكەوێت كە ئیلهام و بەهرە چۆن پەیدا دەبن و شاعیر چۆن دەتوانێت توانا و بەهرەی خۆی لە شارەزایی سەبارەت بەو توخمانە و ئاستەكانی هەر یەكێك لەو توخمانە پەیدا بكات و شاعیر دەبێت بەڕادەیەك خاوەن ئامادەیی و هۆشیاریی و زانین بێت، كە دەورو كاریگەریی رێكەوت و تووشبوونیش بدۆزێتەوە، یان دەبێت وەكو راوچی لە بۆسەدا بێت بۆ بینین و كاریگەریی بەخت و ساتەكان، هەروەكو داریوشی ئاشووری لە وەسفی سوهرابی سپهریدا دەڵێت: راوچی ساتەكان(3).
ئەوكاتەی كە باسی رۆڵ و كاریگەریی توخم و ئاستەكانی ئەو توخمانە دەكەین لە رەهەندی ئافەرینی شیعردا، نابێت بە كەمبایەخ تەماشای زەینی شاعیر بكەین، ئەگەرچی ئەو زانین و توانایە لە ناسین و زانینی ئەو توخمانەشەوە پەیدابووبن، یان نابێت لە فرەیی و جیاوازیی نێوان ئەو توخمانە بت دروست بكەین و لە رێژەگەرایی نێوان توخمەكان خۆمان ون بكەین، سەرەنجام دەبێت بەویژدان و دادپەروەر بین سەبارەت بە تواناو بەهرەكانی خودی شاعیر و جیاوازیی نێوان شاعیران بۆ بەكارهێنانی ئەو زانیارییانە، واتا لە ناسینی شیعردا یان لە رەوتی سرووداندنی شیعردا لایەنی تاكانەو تایبەتی شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی مانا و وێنا و پەیڤی شاعیرانە بناسین و بزانین كە شاعیرانی راستەقینە (ئەوانەن كە قووڵترین هەست و مانایان لە زمانی خۆیان بەرهەمهێناوە)(4).
كاری هاوئاهەنگكردن، شێوەبەخشین و بەیانی رۆشنی ئەم توخم و ئاستانە، كە بەشێكیان هێندەی گرنگن بۆ ئەفراندنی شیعر، رەنگە لە هونەرەكانی دیكەدا وا نەبن، لە ئەستۆ و ئۆباڵی شاعیردایە، شاعیر دەبێت بە هەوڵی هۆشیار و رێكخراو، كە لەوانەیە ساڵان و مانگان بخایەنێت، ئەم كارە سەختە بە ئەنجام بگەیەنێت، خوێنەر كە شیعر دەخوێنێتەوە بەتەواویی و پوختەیی لەگەڵ بەرهەمی كۆتاییدا سەروكاری دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە (هیچ شاعیرێك سەرەڕای بلیمەتیی “كامیاری” یان “شەیدایی”، ناتوانێت تەنیا بەیارمەتی هەست و سۆزەكان یان بەهۆی بەیانكردنی حاڵەتی دەروونیی و كێشەكانی ژیان و ئەزموونی تایبەتی شیعری جوان و بەنرخ بسروودێنێ- مایكل هامبۆرگەر).
(شتەكان و رووداوەكان و ئەزموونەكانی شاعیر بەئامادەبوونیان لە فەزای زمانی شیعردا لە سنووری تایبەتی خۆیان فراوانتر هەنگاو دەنێن و لە رێگای زمان و رەوتی سرووداندنی شیعردا بەرەو رەوشێكی گشتیی دەڕۆن و دەچنە ناو هەنگاوەكانی قەڵەمڕەوی فراوانی مرۆڤایەتییەوە).
كەواتە لە نووسینی شیعردا جگە لەو هۆكارو توخمانەی كە ناومان بردن و فراوانتر لە رەوشانەی كە تا ئێستا ستایشمان كردن، شاعیر پێویستی بەسوودوەرگرتن هەیە لە بیرو زانیاریی فراوانی فەلسەفی، مێژوویی، زانستیی و… هتدو ئاشنایی لەگەڵ زمان و نەریتی ئەدەبیی، شاعیر پێویستی بەناسینەوە و پەیداكردنی وێنای جۆراو جۆری بیركردنەوە و تەنانەت بیركردنەوەی پەتی (التفكیر المجرد)یش هەیە.

جیهانی تایبەت بەشیعر، یان شیعر وەكو زانست و هونەرێكی تایبەتی
شیعر، هەروەكو فەلسەفە یان كۆمەڵناسی یان هەر هونەرێكی دیكە دارای جیهانێكی تایبەت بەخۆیەتی، مەبەستم لەوەیە كە نابێت بەهۆی توخم و پێكهێنەرەكانی شیعرەوە شیعر شرۆڤە بكەین، بەڵكو دەبێت زانین یان زانستی تایبەت بەشیعر بناسین، ئەگەرچی لە شیعردا سێ پێكهێنەری سەرەكیی (زمان، وێنا، مانا) هەیە و هەریەكێك لەم پێكهێنەرانە چەند ئاستیان هەیە، ئەگەرچی لە شیعردا زۆرێك لە فەلسەفە و زانست و فەرهەنگ و باوەڕەكان ئامادەییان هەیە، بەڵام دەبێت بۆ ناسینەوەی شیعر بڕۆینە ناو دنیای تایبەتی شیعرەوە و پاشان لەوێوە نەخشی هەریەكێك لەو پێكهێنەر و مەبەستانە لە شیعردا دیاریی بكەین، ئەی كەواتە شیعر چییە و زانستەكەی لەكوێدایە؟
شیعر ئاوێزانێكە كە لەنێوان دوو جەمسەری دەنگ و مانادا دەلەرێتەوە، لە شیعردا، بەپێچەوانەی زمانی ئاسایی یان پەخشان، وشەكان و دەنگەكان یەكسەر دوای بیستنیان فەرامۆش ناكرێن و جێگای خۆیان دەبەخشن بە مانا و هەست و كردارەكان، لە شیعردا ماناكان دووبارە دەمانگێڕنەوە بۆ هەمان وشەو دەنگەكان، نیاز یان ئارەزووی ئێمە بۆ دووبارەكردنەوەی شیعر یان دووبارەكردنەوەی هەندێك لە دەنگەكان یان بەیتەكان، كە هەموو جارێك بەرەو كاریگەریی و خۆشیی و شەیدایی زیاترمان دەبات، دەبێتە بەشێك لە ناسینەوەی شیعر یان ناسینی كاریگەریی شیعر لەناو ئێمە، رۆڵی وشەو دەنگەكان لە شیعردا بەجۆرێك گرنگە، كە ناتوانین بەبێ بەكارهێنانیان، یان بەكارهێنانی وشەو زاراوەی دیكە لە جێگایان، ئەو شیعرە بەئاكام بگەیەنین. (دووبارەكردنەوەی)ی شیعر لەلای خوێنەر كە بنەمای جوانناسی ڤالێری-یە، دەبێتە هۆكار یان زەمینە بۆ ئەوەی خوێنەری راستینە لانیكەم تا رادە و سنوورەكانی هەوڵی بیریاری شاعیر وشەكان، یان دەنگەكان دووبارە بكاتەوە و بەشێوەی تایبەتی خۆی و بە لەبەرچاوگرتنی توخم و هۆكاری نوێ وەكو گۆڕانكاریی مێژوویی، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی یان ئەو شیعرانەی كە لە ماوەی سرووداندن و خوێندنەوەی شیعردا لەدایك دەبن.
(شارل بۆدلێر) یەكەمین شاعیری مۆدێرن(5)، بەتەواویی مانابوو، ئەو نەك تەنها سەرمەشقی هەموو شاعیرانی مۆدێرن، بەڵكو باپیرەی تەواوی رووناكبیرانی مۆدێرنیشە، بۆدلێر یەكەمین هونەرمەند بوو كە ناڕۆشنیی و ناكۆكییەكانی مۆدێرنیزم و ئاوێزانی جوانیی و هەڵوەرینی ژیان و فەرهەنگ و فەسادیی لە ژیانی مۆدێرندا بەچاوی رۆشن و واڵاوە چەشت، ئەمانەش هەم لە شێوە و هەم لە ناوەرۆكی شیعرەكانیدا دەڕەنگانەوە. (والتەر بنیامین)ی فەیلەسوف و بیرمەند دە ساڵی لە تەمەنی كورتخایەنی خۆی بۆ لێكۆڵینەوە لە شیعری ئەو تەرخان كرد. بەرهەمی لێكۆڵینەوە و رەخنەیی بینامین دەربارەی بۆدلێر وتارێكە بەناوی (دەربارەی هەندێك لە ناوەرۆك و دەستمایەی شیعری بۆدلێر)، كە زۆرجار بە تەوسەوە ناوی دەنێت (دەروازەی تاریكی مۆدێرنە)، لەم وتارەدا بنیامین تێدەكۆشێت تا هۆكارو توخمەكانی دەروونیی، ئابووریی، سیاسیی و فەرهەنگیی پێكهێنەری ئەزموونی مرۆڤایەتی مۆدێرن لە سیستمێكی دیالەكتیكیدا كۆبكاتەوە و لە هەمانكاتیشدا ئەوەی لەبیر ناچێت كە لە توخم و ئاستەكانی شیعر و هونەری سرووداندنی شیعری بۆدلێریش بكۆڵێتەوە، لەم رەهەندەدا بنیامین باس لە هۆكارەكانی هێدمە (شۆك) لە ژیانی گشتیی و لە ژیانی بۆدلێر، یادەوەریی، لێكدابڕان و فشۆڵیی زمان (بەگشتیی و بەتایبەتی)، ترافیكی رێگا و ترافیكی ناو شیعر، فرەیی و ئاڵۆزیی ئاماژە و نیشانەكانی كۆمەڵایەتی و مەودای كۆبوونەوەیان لە ئەفراندنی شیعر و بیری بۆدلێردا نەك لەبیر ناكات، بەڵكو بە گرنگ و كاریگەریشیان دەزانێت.
والتەر بنیامین باوەڕی بەوە هەبوو كە بۆ خستنەڕووی بەیانی راستی، هەندێكجار وەستانی رەوتی بیرەكانیش بەڕادەیەك پێویست و گرنگە، كە بەردەوامی ئەم رەوەندە لەتەواوی شوێن و جێگاكانی ژیانی بۆدلێر بەهێدمەیەكی لەناكاو كۆتایی دێت كە ئەندێشەی ئەو بەرجەستە دەكات.
وتار یان (دیدگا)ی بنیامینیش بەهەمان بەهرەمەندی لە نەرمیی و فراوانیی و لایەنداریی هەستی دەروونیی قووڵ و تێپەڕ، بەرەو شێوەی بلوورین (كرسیتاڵ) یان سەخت درەخشان دەبێت، دیدگای بنیامین بۆ شیكردنەوەی شیعری بۆدلێر، دەبێتە یەكێك لە ماناو هونەرەكانی شیعرناسین یان رەهەندی ئەفراندنی شیعر، هەر لەبەر ئەمانەشە كە بڕیاری كۆتایی ئەو دەربارەی بۆدلێر بەرەو رووی خودی كارەكانی ئەوی دەكاتەوە، هەوڵی ئەدەبیی و شیعری بۆدلێر بەدیهێنەری سروشتی پڕ ژیانە و شاعیریەتی بۆدلێر هێندە قووڵە، مەگەر فەیلەسوفێكی وەكو والتەر بنیامین بتوانێت نرخ و بەهای ژیان و ئەزموونی پڕ لە فرەیی و داهێنانی ئەو بناسێت.
ئەگەرچی زۆربەی كاتەكان و لەلای زۆرینەی شاعیران، شیعر بەبێ مەبەستی ویژدانی یان ئاگایی و مێژوویی مرۆڤایەتی لەدایك نابێت، بەڵام دەبێت لە ناسینی شیعردا یان لە رەوتی ئەفراندنی شیعردا ئەوە بزانین كە یەكەم نرخ و بەها و ناسینی شیعر لەوەدایە كە ئامانجی ئەم ئەزموونە لەخۆیدایە و شیعر بۆیە بەهادارە، چونكە بەهاكەی لەوەدایە كە لە هەنگاوی یەكەمدا شیعرەو(6) پاشان مەبەستی شیعر دەبێتە شایانی نرخ و بەها و ستایشی شاعیرانە، لە سەرەتادا دەبێتە ئەوەی كە لە خودی شیعر و سرووداندنی شیعردایە، لەدوای ئەم ئامانج و بەها سەرەتایە، بێگومان شیعر دەتوانێن پەیام یان بەهای دیكەی هەبێت و دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ گەیاندنی فەرهەنگ لە هەموو زەمینە و ئامانجەكاندا، دیاریكردن یان ناسینی بەهای شاعیرانە دەبێت لەناو خودی دەروون یان ئەزموونی شیعرەوە دەستپێبكات و بكرێتە مایەی داوەریی، كاری سرووداندن كە ماهییەتی شیعر دەستنیشان دەكات، بەڵام لە سنووری تایبەتی هونەریی شیعردا دەتوانێت بەرەو ماهییەتی شیعر بچێت، تەنانەت ئەگەر پەیامی شیعر تەنها لە جیهانی سەربەخۆیی شیعریشدا بمێنێتەوە، ئەزموونی جوانناسی شیعر یان هونەری جوانناسی لە سرووداندنی شیعردا، ئەگەرچی لەلای هەندێك شایانی تێگەیشتن نییە بەبێ پەیامی شیعر، بەڵام هەنگاوی سەرەتایە بۆ ناسینی شیعر یان ئەوەی كە كەسێك ببێتە شاعیر، ئەزموونی جوانناسی یان دیدگای جوانناسی لە شیعروتن لە خۆیدا، نەك تەنها هۆكار یان سەرەتایە، تەنانەت دەكرێت وەكو مەبەست یان پەیامی شیعریش بیناسین.
هەڵوێستی ت.س. ئەلیوت بەرامبەر بە شارستانی رۆژئاوا بەرەو وێستگەیەكی گرنگ و پێداچوونەوەیەكی دەبات بەرامبەر كاری هونەریی و رەخنەیی خۆی بەهیوای پێگەیاندنی دیدگایەكی نوێ بۆ كاری شیعر و هونەر، بە بڕوای ئەلیوت (هونەری مەزن یان شیعری جوان ئەو شیعر و هونەرەیە كە بوونی خۆی لە هونەری سرووداندنی شیعردا دەسەلمێنێت، نەك بەو پەیامەی كە بانگەوازی بۆ دەكات)(7)، ئەم دیدگایەش ئەلیوت دەكاتە خاوەنی تیۆرێكی شیعریی و رەخنەیی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، ئەو هەروەكو چۆن شاعیرێكی داهێنەر بوو، هەر بەبۆنەی داهێنانی شیعریی و دڵسۆزیی ئەو بۆ تیۆری شیعری هونەریی دەبێتە خاوەنی قوتابخانەیەكی رەخنەیی و شیعریی كە تا ئەو كاتە بوونی نەبوو، رەسەنایەتی شیعر و هونەر، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لەسەر دەستی ئەو و لایەنگرانی بۆ ئەوەی هونەری سرووداندنی شیعر لە بابەت و مەبەستی لاوەكیی بەرەو ئامانج یان مەبەست، گرنگ بۆ ناسینی شیعر بچێت.

توخمەكان و ئاستەنگەكانی شیعر
سروشت و هونەری شیعر جیهانێكی پڕ ژیانە، بۆیە دەبێت لەو سروشت و هونەرە پڕ ژیانە نموونەی دیار و ئاشكرا لە ناساندن و شیكردنەوەی توخم و ئاستەكانی ژیانی شیعردا شارەزابین، سەختترین كار لە ژیانی شیعردا، پێناسەی شیعرە، ئەمەش نابێتە مایەی ناكۆكیی لەگەڵ بڕوای پێشووتر كە هەوڵدەدات هونەری شیعر یان رەوتی سرووداندنی شیعر وەكو هونەر و رەوتێكی سەربەخۆ بناسێت، بەڵكو بەو مانایە دێت كە جیهانی سەربەخۆی شیعر بۆ ئەفراندنی دنیایەكی دروست وەكو خۆی سەربەخۆ، دەبێت لە ژیانكردن لەگەڵ شیعردا بناسین بۆ ئەوەی لەو ژیانە بێسنوورە، ئەگەرچی سەربەخۆ، زیاتر لە پێناسەیەك یان فراوانتر لە ناسنامەیەك لە شیعر فێربین، خستنەڕووی ناسنامەیەك بۆ شیعر، دەبێتە سنوورداركردنی و دروستكردنی زیندان بۆ شیعر، وەڵامی ئەم رەوشەش دەبێتە ئەوەی بچینە ناو دنیای دیاردەگەرایی شیعرەوە و لەو دنیایەدا واڵاترین سیفات و دیارەكانی شیعر بناسین.

شیعرو زمان
(شیعر رووداوێكە لە جیهانی زمان یان ئەفراندنێكی زمانییە، لەم دیدگایەوە هەر پرسیارێك دەربارەی خودی شیعر، ناچار ئێمە بەرەو پرسیارێكی دیكە دەبات كە لەنێوان كاركردو كاربردە جیاوازەكانی زمان و كاركردو كاربردی شاعیرانە چی روودەدات و چۆن بەرامبەر یەك دەوەستن)(8)، هەڵوێستی شیعر بەرامبەر بە زمان، یان روودانی شیعر لە زماندا، ئێمە بەرەو دوو ئاراستە دەبات، ئاراستەی یەكەم ئاراستەی ئاستەكانی زمانە كە ئەم ئاستانە لەخۆ دەگرێت (زمانی ئاخاوتن، تێگەیشتن، زمانی بونیادیی یان مێژوویی، كاریگەری ئێمە لەناو زمان و سەرەنجام ئاستی هێرمۆنتیكی لەناو زماندا) و ئەم ئاراستەیە زیاتر پابەندە بە بنەماكانی رێزمانیی یان زانستیی بۆ زمان… بێگومان روودانی شیعر یان روودانی هەر جۆرێك لەماناو فەرهەنگ و مەبەست لەناو زماندا بە چەند شێوە پەیوەندیدار و كاریگەرە لەگەڵ ئەم ئاراستەیەی زمان، ئاراستەی دووەم، بێگومان پەیوەندیدارو كاریگەرە لەگەڵ دنیا و سروشتی هونەریی سرووداندنی شیعر، كە ئەم هونەرە یان سروشتە دنیایەكی فراوانە و زۆربەی سنوور و لایەنەكانی روودانی شیعر لەم ژیانەدا دەبێت.

ئاراستەی یەكەم، لەنێوان شیعرو زمان
(مەیدانی زمان لە رووانگەی هەر نەتەوەیەك مەیدانی شاعیرانەی زمانی خۆیانە).
یەكەمین ئاستی زمان پەیوەندییە، كە لەناو كوردا پێی دەڵێین (ئاخاوتن)، ئەمەش ئاستە هەرە سادەكەی زمانە، شیعریش ئەگەرچی هەندێكجار ناچار دەبێت لەم ئاستەدا بەشداریی بكات (وەكو شیعری میللی)، بەڵام مانەوەی شیعر لەم ئاستە سادەیەی زماندا دەبێتە مایەی هەژاریی و لاوازیی شیعرەكە و بەكورتی ناتوانێت شێوەیەك لە وێناو هەندێكجاریش لە مانا بەرهەمبهێنێت.
دووەمین ئاستی زمان، ئاستی تێگەیشتنە، واتە تێگەیشتن لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكە جیاوازیی هەیە و زۆرجار ناتوانین لە زمانە جیاوازەكاندا وشەی تەواو بەرامبەر بەیەك بدۆزینەوە، ئەگەرچی ئەو میللەتانەش بیانەوێت لەباری كەلتوورییەوە هەمان مانا بدەن بەو وشانە، وشەكانی (الپقافە، فەرهەنگ، Culthure) لەلای هەرسێ نەتەوەی عەرەب و كورد و ئینگلیز لە زەمینەی كلتووریی نەتەوەییاندا بەمانای رووناكبیریی دێت.
بەڵام لەڕاستیدا مانا قاموسییەكانی ئەم وشانە بەمجۆرەیە: (الپقافە بەمانای تیژكردنەوە (التشحیژ) یان زەفەرپێبردن دێت (Culture) بەمانای كێڵگە دێت و فەرهەنگیش بەمانای (فرە)و (هەنگ) دێت، كە دەبێتە فرەبەش و فرەپێكهاتە، شاعیر دەبێت بزانێت كە نەتەوەكەی چۆن وشەكان بەكاردەهێنێت و بەچ مانایەك بیریان پێدەكاتەوە، سەرەنجام دەبێت شاعیر لە بەكارهێنانی وشەكان یان (زمان) تێگەیشتنی مەبەست، وێنای خوازراو و مانای تایبەتی بیركردنەوەی نەتەوەكەی بگەیەنێت، لەناو كوردا دوو شاعیر هەن كە زۆر چاك دەزانن كە نەتەوەكەیان لە بەكارهێنانی زمان و وشەكاندا چۆن بیردەكاتەوە، ئەوانیش (هێمن)و (شێركۆ بێكەس)ن.
سێیەمین ئاستی زمان، لە (فردینان دی سۆسۆر)ەوە فێردەبین، دی سۆسۆری سویسری بونیادگەرا، كە بە یەكێك لە سێ بونیادگەرا گەورەكان (یاكۆبسن، بینۆنیست، سۆسێر) حساب دەكرێت، دەڵێت: (زمان بونیادێكی پێشوەختە و ئەو بونیادە پێمان دەڵێت و فەرمان دەكات كە چۆن خودی ئەو زمانە بەكاربهێنین)(9). واتا لەلای سۆسێر زمان دەبێتە بكەر (Subject) و ئێمە دەبینە بەركار (object)، لە سەدەی بیستەمدا دوو شاعیری گەورەی كورد (گۆران)و (هێمن) بەشێوەی بونیادیی پێشوەخت زۆر شارەزایانە لە زمانی شیعری كوردیدا وەرچەرخانی گەورەیان سازدا و بونیادی شیعر و زمانی كوردییان لە كاریگەریی بێگانە و ئایین پاككردەوە، بەڵام هەر بەشێوەی بونیادیی و سروشتی و مێژوویی (دیارە لە ئەنجامی شارەزاییان لە زمان) زمان و شیعریان ئاوێتە كرد.
(زمان ژێرخانی سروشتی (فیزیكیی) هەیەو كە هەمان پێكهاتەی دەنگیی خۆیەتی كە لە رێگای كاركردی ئەندامە دەنگسازەكانی لەناو هۆشی ئێمەدا بەرهەم دێت، سەرخانی مانایی كە لەگەڵ (جیهانی ئایدیا)دا پەیوەندارە لەناوماندا پێكدەهێنێت، رەنگدانەوەی بیرەكان لە دەنگەكاندا پەیوەستبوونیان بەیەكەوە هەمان ئەو شتەیە كە بە (زمان) ناوی دەبەین)(10).
چوارەمین ئاستی زمان لە (فیتگنشتاین)ی ئەڵمانی نەژاد و ئینگلیزی زمانەوە فێردەبین، فیتگنشتاین لە ساڵانی (1950) بەدواوە، وتە بەناوبانگەكەی خۆی كرد سەبارەت بە زمان، ئەویش ئەمەیە: (راستە زمان بونیادێكی پێشوەختە، بەڵام ئێمە دەتوانین و دەبێت لەناو زماندا بكەر و كاریگەر بین)(11)، ویتگنشتاین ئاراستەی هاوكێشەی نێوان زمان و نووسینی پێچەوانە كردەوە و سەلماندی كە ئێمە زۆر چاك دەتوانین دەستكاریی زمان بكەین و بەمشێوەیە:
(بەركار)            (بكەر)
زمان                نووسین
(بكەر)            (بەركار)
(شێركۆ بێكەس) یەكەمین شاعیری كوردە كە توانیویەتی زۆر داهێنەرانە دەستكاریی زمان بكات و نووسینی شیعر لە رەوشی مێژوویی و سروشتی دەرباز بكات بۆ قۆناغی كاریگەربوونی نووسەر (شیعر) لەناو زماندا.
پێنجەمین ئاستی زمان لە (هێرمۆنتیكا)ی (هانز جۆرج گادامێر)دا بەمجۆرە دەبێت و زمان یان وشەكان حاڵەتی هێرمۆنتیكیان هەیەو وشەكان دەكرێت مانای جیاواز، یان دژیان هەبێت و شاعیر دەبێت بزانێت چ كاتێك و لەكوێدا بەو مانا تایبەتییە بەكاری دەهێنێت(12).
ئاستی شەشەمی زمان لە (جاك دریدا)ی فەرەنسی فێردەبین، كە دەڵێت: (لە زماندا، هەروەكو ژیان، نەزانین و نەتوانین هەیەو رووناكبیر یان شاعیر دەبێت بەكاری نوێسازیی “Neology” ئەو نەزانین و نەتوانینە پڕبكاتەوە(13))، هەروەكو زانیمان زمان بونیادێكی پێشوەختەو ئەستەمە بزانین كەی دروستبووە، هی سەردەمە زۆر دێرینەكانەو هەر بۆیە نەزانین و نەتوانینی ئەو سەردەمانەی تێدایە، ئێمە لەم سەردەمە نوێیەدا بۆ وێناكردن و پەیداكردنی مانای نوێ پێویستمان بەتازەكردنەوەی زمان هەیە.
خاڵێكی دیكە كە دەبێت سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان زمان و شیعر بیناسین، ئەوەیە كە مانای پوخت یان پەتیی وشەكان لە شیعردا بزانین، واتا دەبێت مانای پێشوەخت یان مانای كلتووری نەتەوەیی و مێژوویی تێبپەڕێنین و مانا رووتەكەی وشە یان زمان بە شیعردا هەندێك جار بناسین، ئێمە هەموومان دەزانین كە وشەكانی (چیا، خەبات، سروشت) بەشێوەیەكی ئاسایی لەناو كورددا مانای ئەرێییان هەیە، نەك مانای پەتیی، بەڵام شاعیر دەبێت مانای پوختیش بەكاربهێنێت، یەكێك لەو شاعیرانەی كە لەم زەمینەیەدا ئەزموونی شایانی باشی هەیەو زۆر جوان توانیویەتی مانا پوختەكان یان پەتییەكان بەكاربهێنێت (قوبادی جەلی زادە)یە، ئەو هەروەك چۆن هەموو بەرگەكانی نەریت، فەرهەنگ، بیر، ئایین و سیاسەت و نیشتمان لە ئافرەتدا دادەماڵێت و جەستە جوانەكەی دەشیعرێنێت، هەر بەو شێوەیەش لە ئەفراندندا وشەكانیش لە مانا پێشوەختەكانی رووت دەكاتەوە، حاڵەتی هێرمۆنتیكی ئەو حاڵەتەیە كە فێرمان دەكات سەرەتا مانا پوختەكە بزانین و پاشان لایەنی (ئەرێ یان نەرێ) یان لایەنی فەرهەنگیی باوی ئەو زمانە بناسین.

ئاراستەی دووەم، رووناكییەكانی زمان لە شیعردا
(شاعیرانی راستەقینە ئەوانەن كە جوانترین هەستی شیعرییان لە زمانی خۆیان بەرهەمهێناوە).
ئێمە هەموو شت بەهۆی زمانەوە دەناسین، بەڵام ناتوانین تەنها بەهۆی زمانەوە زمان بناسین، تەنها شتێك لەم جیهانەدا هاوتای زمان بێت، رووناكییە، چونكە ئێمە هەموو شتەكان بەهۆی رووناكیی و لە رووناكیدا دەبینین، رووناكیی هەموو شتەكان رۆشن دەكاتەوەو توانای بینین بەهەموومان دەدات و زمانیش توانای بیستن و ئاخاوتن بە ئێمە دەبەخشێت، بەڵام زمان لە رووناكیی فراوانتر هەنگاو دەنێت و تەنانەت ئەو شتانەی كە شایانی بینینیش نین لە هەست و تێگەیشتن و عەقڵدا بیناو دانا دەكات و دیسان كاروانی زمان لەم پرسی نەبینینەدا فراوانتر دەبێت بەرەو دنیای دیاردەكان دەچێت و تەنها ئەو شتانە یان رەوشانە نابینێت و نابیستێ و نازانێت كە ئێستا هەن، بەڵكو ئەوانەش كە پێشتر هەبوون یان لە ئاییندەدا دەبن.
زمان و جیهان و مرۆڤ سێینەیەكن كە هەریەكیان ئەو دووانەی دیكە لەخۆ دەگرێت و بوونی هەریەك لەوان دەبێتە مەرجی بوونی دووانەكەی دیكە، خودی (مرۆڤ) بەهۆی زمانەوە لە (جیهان)دا دەردەكەوێت و جێگا دەگرێت و دەبێتە دیاردە. سەرئەنجام لە هەردوو پرسی (ئەوەی كە هەیە، یان هەبووە یان دەبێت) و (زمان، جیهان و مرۆڤ) بناغەی بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی) مرۆڤ دەردەكەوێت و زمان هێندەی مرۆڤ كاریگەر دەبێت لە رۆشنكردنەوەو ماناداركردن و دیارخستنی پرسەكان.
كاروانی مرۆڤ و جیهان بەهۆی زمانەوە بەڕێدەكەوێت و لەو رێگایەدا هەموو بەرهەمەكانی زمان، یان ئەگەر بە وتەو زاراوەی شیعریی ناویان بنێین (هەموو خەرمانەكانی زمان، یان چراكانی رووناكیی زمان) رووناككەرەوەی رێگای مرۆڤ و جیهان دەبن بۆ ناسین و ماناداركردن و تێگەیشتنی پرسەكان و دیاردەكان و شتەكان. خودی ئەو چراو خەرمانانە دیسان دەبنە وێستگەكانی كاروانی ناسین و ماناداركردن و تێگەیشتنی مرۆڤ و جیهان، واتە لە هەریەكێك لەو وێستگانەدا زمان (مرۆڤ و جیهان) رادەگرێت و رووناكیی و خەرمانەكانی خۆی دەبنە مەبەست و ئامانج لەم رێوانە گشتییەدا.
1- یەكەمین وێستگەی ئەم كۆچە، یان ئەم رێوانە گشتییە زمان، مرۆڤ و جیهان، بێگومان دەبێتە وێستگەی ناونان یان (ناولێنان)، بونیادی زمان یان یەكەمین چرای رووناكیی زمان بەهۆی (ناو) دەبێت، واتە بەهۆی ناولێنان و ناوبەخشین، مرۆڤ بەناونانی ئەوانەی كە هەن بازنەی بوون بەرەو پێشكەوتن و ماناداركردن و تێگەیشتن دەبات، بەڵام سەرسامیی لەوەدایە كە زمانی مرۆڤ تەنها ئەوانەی كە هەن ناونانێت، بەڵكو ئەوانەش كە (نین) ناوزەد دەكات یان دەیانناسێنێت، بەهەرحاڵ عەقڵ لە بینین و تێگەیشتنی (نەبوون) بێ توانایە، چونكە كە شتێك نەبێت ناتوانرێت بناسرێت، بەڵام زمانی مرۆڤ لە نەبوون و نەبووان ئاگادارەو لە قەڵەمڕەوی زمان و ناودا بوون بەوان دەبەخشێت، ئەوەی كە لەم وێستگەیەدا یان لە ناوەكانی (چراو خەرمانەكانی) زماندا بۆ شیعر گرنگە، ئەوەیە كە شیعر تەنها لە رەوش و بەستێنی زمانی ئاساییدا نامێنێتەوەو زۆرجار بەرەو خەرمانەكانی نەبوون یان نادیاریی دەچێت و شتێك بەرهەمدەهێنێت كە زۆرجار بە خەیاڵ یان وێنا دەناسرێت، واتا خەیاڵكردنەوە یان وێنای ئەو شتانەی كە زمانی ئاسایی ناویان نانێت، بەڵام هەستی شیعر دەیاندۆزێتەوە یان ناویان لێدەنێت.
2- خەرمانەو چرای دووەمی رووناكیی زمان بەرەو ناخ یان قووڵایی زمان یان وشەكان دەچێت، كە پێی دەوترێت گیان یان رۆحی زمان، ناسین یان ناونانی گیانیی زمان، لە دوو پرسدا دەردەكەوێت، یەكەم؛ لایەنی بابەتیبوونی شتەكان و دووەمی ئەو زەینەی كە ئەو بابەتیبوونە دەناسێت یان ناوی دەنێت، گیانی وشەكان لە خودی ناوەكاندا نییە، بەڵام لەو زەین و عەقڵ و كەسەدا دەبێت كە ناویان دەنێت یان دەیانناسێت، بەڵام گیانی زمانی شیعر لە زمانی ئاسایی، رۆژانەو تەنانەت زانستیی و بیریاریش تێدەپەڕێت و هەوڵدەدات كە ناخ و كاكڵی مانایی بەجۆرێك بگەیەنێت كە پەیداكردن یان شادبوون بە (گیانی زمان، یان رۆحی وشەكان) لە خۆیدا بزرنگێنێتەوە، كە بێگومان ئەمەش ئاسان نییە، مەگەر لەلای ئەو كەسانەی كە لە زمانی خۆیاندا گیانی داهێنەرانەو شادهێنەرانەی نووسین و شیعرییان بەرهەمهێناوە، هیچ یەك لە كتێب و نووسینەكانی لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەی بیریاران و رەخنەگران ناگەنە ئاستی رۆح و گیانی بەرهەمی مەزنەكانی ئەندێشەو شیعرو هونەر یان جێنشینی رەسەنەكان، واتا ئەوان ناتوانن ئێمە بێ نیاز بكەن لەوەی ماناو گیانی كۆتایی بەرهەمە رەسەنەكان لەناو لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەكاندا پەیدا بكەین، بەرهەمی رەسەن و داهێنەر لە رۆحدا دەبێتە سەرەتاو رەسەن و شیكردنەوەو ناسینەكانی دوایی، تەنها ئەو نیشانانەن كە دەبنە رێنمای ئێمە بۆ شادبوونمان بە بەرهەمی رەسەن.
زمانی شیعر جۆرێك لە زمانە كە باس لە رەوشێكی ئەزموونیی و مانایی تایبەت دەكات و شێوەو وێنای ئەو لە ماناكەی جیا نابێتەوە (یان دەبێت بەجۆرێك بێت كە ئەو پەیامە بگەیەنێت) و ئەگەر بەهەر شێوەیەكی دیكە لە رەوشی زمانی (فەلسەفی، بیریاریی، یان رۆژانەو سادە) وەریبگێڕین، مانای مەبەست یان گیانی ماناییمان دەست ناكەوێت، هەر باس و لێكۆڵینەوەیەك دەتوانێت رێنماییەك بێت كە ئێمە هەتا ئاستانەی بەرهەمی رەسەن ببات و سەرئەنجام دەبێت بەپێی خۆمان بەرەو دەروونی بەرهەم بڕۆین و مانای مەبەست یان رۆحی مانایی لەوێدا ببینین و پێی شاد بین، واتە شیعر دەبێت، سەرەنجام بە زمانی خۆی بدوێت و پەیوەندیی نێوان زمان و مانا، كە هەمان پەیوەندیی جەستەو گیانە، بۆ ئێمە بنەخشێنێت. ئەم رەوتەی شیعر، كە ئیلهامەكەی لە رەوتی مانایی زماندایە بەرەو ئاسمان یان میتافیزیك دەچێت و دەكارێت لە زەوی یان فیزیكیی زمان بەرەو باڵاتر بفڕێت، ئەگەر زمان زەوی یان فیزیكیی ماناو مەبەستەكان بێت، بێگومان كاروانی (مانابەخشین) یان هەست و گیانی ناولێنان دەبنە میتافیزیك یان ئاسمانی زمان و وشەكان و قسەكان، هەوڵدان بۆ ناولێنانی راستییەكان یان ئەو شتانەی كە ئێمە بە (حەقیقەت) دەیانناسین، پرۆسەیەكی میتافیزیكییەو هەمیشە دەیەوێت لە زەوی بەرەو ئاسمان بفڕێت و هەمیشەو لە هەموو زمان و فەرهەنگەكانیشدا ئەم كاروانە (وێڕای ئەوەی كە هەمیشە شانازیی بە خۆی دەكات)، هێشتا ناگاتە كەنار یان مەنزڵی ئاسوودەیی مانابەخشینی تەواو یان حەقیقی، ئەم سەفەرە میتافیزیكییە كە بەرەو ئاسمانی (حەقیقیی!) ماناكان دەچێت دەبێتە وێستگە یان قەڵەمڕەوی مانا، كە جیلوەیەكی تازەیە لە بوونی مرۆڤ و دیاردەكان و زمانەكان و لەوێشدا مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە كە ماڵێكی هەیە، واتە زەمیندارێك كە ئاسمانی هەیە، ئەویش ئاسمانی یان میتافیزیكیی (مانا)، ئاسمان و میتافیزیكیی (مانا) تەنها شوێنێك یان وێستگەیەك نییە كە رەوش یان هەلومەرجی راستینەیان (حەقیقی) (بێگومان بۆیە حەقیقییە یان بە حەقیقەت ناسراوە، چونكە ئەو میللەتە یان میللەتان بڕوایان وایە!) ببێتە پاڵەوان یان كاراكتەری سەرەكیی بۆ مانابەخشین، لێرەدا پاڵەوانێكی دیكە دێتە مەیدان و بەهەمان كاریگەریی پاڵەوانی حەقیقەت (لە روانگەی پرۆسەی مانادانی هەر نەتەوەیەك و زمانێك) بەشدار دەبێت لە سەفەرو كۆچی مانادان یان مانابەخشین، كە ئەویش كەسایەتی (جوانی) یان (جوانناسییە)، ئەم جوانیی و جوانناسییە، ئەوە نییە كە لە بەرهەمی ئەدەبیدایە، بەڵكو ئەو پرۆسە جوانكارییە كە مانای وشەكان و زمان بەو جۆرە دەنەخشێنێت، كە مەبەست، یان گیانی ئەو مەبەست و مانایە بگەیەنێت كە ئەو زمان و نەتەوەیە دەیەوێت، واتە جۆرێكە لەوێناكردن یان فەنتازییاو خەیاڵی تایبەت بە نەتەوەیەك، وشەكانی (سێو) (تفاح)و (Apple) بۆ هەمان مانا هەمان كاریگەریی هەیە لەناو زمان و نەتەوەی مەبەست، بەڵام لە زمان و نەتەوەی دیكە ئەو سیحرە، یان گیانە ماناییە ناگەیەنێت، مەبەستم ئەوەیە كە ئێمەی كورد هەزاران جار وشەی (سێو) لە بەرامبەرەكانی لە زمانەكانی دیكەدا بە (راست) و (جوان)تر دەزانین، ئەمەیە كاروانی (راستیی) و (جوانیی) لە زماندا، كە بێگومان هیچ ژانرێكی ئەدەبیی و هونەریی هێندەی شیعر سەروكاری لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا نییە.
3- كاروانی راستیی و جوانیی زمانی مرۆڤ لە جیهاندا لە نەتەوەكانەوە بۆ تاكەكان و بەرەو بیرەكان و دیدگاكان دەچێت، واتە لەم كاروانەدا تەنها رێوانەكانی راستیی و جوانیی زمانی مرۆڤ تەنها نین، بەڵكو مرۆڤەكان و دیدگاكان ئەو راستیی و جوانییانە لە زمان و هۆشیاریی و هەستی هونەریی خۆیاندا پەیڤین دەكەن و لەوێوە بە هەمووان دەڵێن كە یاسای هاوبەشی هەمووان لە جیهاندا ئەوەیە: ئێمە جیاوازین و جیاواز بیردەكەینەوەو جیاواز بەرهەمەكانی راستیی و جوانیش دەنەخشێنین، مەیل و هۆشیاریی تاك بەتاك پەیڕەوی و كەسێتی بەخشین بە زمان و شیعرو بەرهەمی هونەریی، خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە هەستی جوانناسی و شێوەیەك بیركردنەوەیە كە لە بیركردنەوەی شیعریی دەچێت، زمانی شیعرو وێناكردنی راستیی و جوانیی بەشێوەی تایبەت دەبێتە ئەو زەمینەو هۆكارەی كە هەست و بوونی پەنهان و شاراوەی مرۆڤەكان بەیان بكرێت و لەو بەیانكردنەدا بەرهەمی شیعریی یان هونەریی ئافارین ببێت.
یاسای گشتیی و كەمالی ژیان لەوەدایە كە لە گشتیبوونەوە بەرەو تاكێتی و تایبەتیبوون بچین و لەو بونیادەشەوە ژیان شێوەو وێنای نوێ و رەنگاوڕەنگ بەرهەمدێنێت، یاسای گشتیی ژیان و زمان و جیهان تەنها لە ئەزموون و دیدگاو رەوشی مرۆڤەكاندا مانای ژیانی و زیندوو پەیدا دەكات و كەسێتی و رەنگ و روو دەپۆشێت، پەڕو باڵی ژیان و جیهان تەنها لە فڕینی باڵندەو مرۆڤدا نەخشین دەبن و وێنای مرۆڤ بۆ فڕین یان لاساییكردنەوەی باڵندەكان كە جۆرێكە لە گەشتی راستیی و جوانیی بووە هۆكاری دروستكردنی فڕۆكە و فڕینی مرۆڤ. ئەم گەشتە لەخۆیدا جۆرێكە لە كاروانی مانادان و هێنانەدی مانای نوێ و كەسێتی تایبەتی لە مانای گشتیی فڕیندا.

4- زمان و شیعر، بەیانكەری جیهانێكی ئەزموونیی تایبەت
هەركەسێك شیعری تەسەوف و عیرفانیی فارسی و كوردی خوێندبێت، سەرەنجام ئاگادارو هۆشیار دەبێت كە وشەكانی (مەی)، (جام)، (ساقی) و (پیری مووغان) لە دەزگای ئەندێشەی ئەم جۆرە لە شیعر بەیانكەری ئەزموون و جیهانێكە لە رووداو، ماناو پەیوەندیی نێوان شاعیر و مەی لە دنیای پەنهان یان دەروونیدا، كە لەوانەیە لە هیچ مێژوو یان وڵات و زمانێكی دیكەدا رووینەدابێت یان نەبینرێت، زمان و شێوازو مەبەستی شیعریی لەم جۆرە شیعرانەدا یەكسانیی و هاومانایی وشەكانی لەگەڵ هەمان ماناكانی لە زمانەكانی دیكەدا نابینرێت و هەمان ئەزموون و ماناو جیهانبینی لە فەرهەنگ و شیعری نەتەوەكانی دیكە بەو شێوەیە بەكارنەهاتووە، ئەزموون و مانای شیعری تەسەوف و عیرفان باس لە ئەزموونێكی مرۆڤانەی تایبەتی دەكات و پەیوەندیی كنایەت و رواڵەت یان پەنهان و ئاشكرای نێوان زمان و شیعر، لەوانەیە هەمان مانای دیار نەبێت و زۆربەی جار مانای دەروونیی یان مانای ئەزموونی لەو شیعرانەدا، جۆرێك لە فەرهەنگ، پەیڕەوی ئایینی، دیدگای رووناكبیریی و شێوازو وێنایەك لە شیعردا پەیڤین و نەخشین دەكات.
بەیانكردن و دەربڕینی زمانی و شیعریی بۆ باسكردن لە ئەزموون و جیهانێكی ماناداری تایبەتی، جۆرێكە لە گەشت یان سەفەری پەیداكردن یان بەرهەمهێنانی (راستیی) و (جوانیی) لەمانا و شیعردا، بەڵام ئەم پەیداكردن و بەرهەمهێنانە دەچێتە سنوورەكانی هێرمۆنتیكا یان (تەئویل)ەوە، واتا لەوانەیە گەشت یان فەرهەنگی دۆزینەوەو نەخشاندنی راستیی و جوانیی لە نەتەوەیەكەوە بۆ نەتەوەیەكی دیكەو لە زمانێك هەتا زمانەكانی جیاوازیی و لێكدوویی زۆری تێدابێت، لێرەدا ئەركی شاعیر یان پرۆسەی پەیڤین و نەخشاندن و مانادان لە شیعردا دەبێتە شارەزایی لەناو فەرهەنگ و ئەزموونێك و دۆزینەوەی مەزەی شیعرو وتار یان وێناكردنی رەنگین و قووڵ مانایی و هەستیاریی بەبێ شارەزابوون و كاركردن لەو فەرهەنگ و ئەزموونەدا بەناكام یان نەبوون دەگات!
بەهای شیعریی وشەو زاراوەكانیش هەر لەهەمان جیهانی ئەزموونی و دنیابینی و جێگاو رەوشی شتەكان و بەهاكان دێتەبوون و هەر لەو جیهانەشدا ژیان و ئەزموون و ماناكانی خۆی دەكاتە نرخ و بەهای فەرهەنگیی و كۆمەڵایەتی، هەندێك وشەو زاراوەی شیعریی هەن لە شیعری كوردیدا وەكو (شەهید) یان (شەیدایی) یان (تەنهایی) یان (عیشق) لە شیعرو فەرهەنگی نەتەوەكانی دیكە بەو ماناو تایبەتمەندییانە بەكار نایەن و تەنانەت لەلای كەسانی نامۆ بەشیعریش كە كوردن، هەر هەمان ماناو ئەزموون ناگەیەنن، وەرگێڕانی شیعر لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكە، یان خوێندنەوەی شیعر بۆ كەسانی نامۆ بە جیهانی شیعر، ئەو ماناو مەبەست و ئەزموونە ناگەیەنێت و شیعرو ماناو زاراوەكانی نرخ و بەهایان نابێتە پەیام و بەهای شیعریی بەرەو نادیاریی یان دوودڵیی دەبرێت، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت مەیدان و ئەزموونی شیعریی دەبێت لە مەیدان و ئەزموونی شاعیرانەدا بێت بە مانای فەرهەنگی شیعریی و بە مانای تایبەتی شاعیریش.

5-ژیان و گوفتار لە زمان و شیعردا.
لە رستەی سەرەتای ئاراستەی دووەمی نێوان زمان و شیعردا، نووسیم كە شاعیرانی راستەقینە ئەوانەن كە جوانترین و قووڵترین هەستیان لە زمانی خۆیان هەیە، بێگومان ئەم هەستە قووڵ و جوانە كاتێك پەیدا دەبێت كە شاعیر لە ژیان و گوتاردا لەگەڵ ئەو ئەزموونە یان جیهانە شیعرییەدا بەشداربێت، لێرەوە زمانی واقیعی یان زمانی ژیانیی لەلای شاعیر دەبێتە زمانی گوتار یان زمانی زیندووی شیعری ئەو، هەلومەرجی یان و وتاری شاعیر و بیركردنەوەو دیدگای ئەو بۆ ژیان، رەنگ و رووی تایبەتی خودی شاعیر بە زمان دەبەخشن، لێرەوە رێگابردن بەرەو هەستی قووڵ و جوانیی مانایی زمان و زاراوەكانی بە سەرەتایەك دەستپێدەكات كە پێی دەڵێن (راستگۆیی)، كە ئەمەش لە ئەزموونكردنی ئەو ژیان و دیدگایانەدا پەیدا دەبێت كە شاعیر دەیانكاتە بابەتی شیعریی، یان شاعیر دەبێتە ئەو كەسەی كە لە ژیان و زمان و شیعری خۆیدا دەژی و ئەوان تام و بۆن دەكات.
زمان و شیعر كە لە جیهانی ژیان و گوتاری فیعلی خودی شاعیرەوە بێت، هاوئاهەنگ و ئاوێزان دەبێت لەگەڵ زمانی ئاماژەكان، كە هەمان زمانی سۆزداریی و پابەندبوونە بە مەبەستی زمان و شیعر، یان بەرهەمهێنەری خەرمانەكانی مانایی وا دەبێت كە زیاتر لە مەبەست و كنایەو مانایەك دەبەخشن، ئەمانەش دەبنە دەستمایەی كاری شاعیرانە لەناو زماندا، هەمان زمانی ئاماژەو كنایەو خەرمانەكان كە شاعیر بەتوانا دەكات لە بەكارهێنانی زماندا بەیەك تیر چەند نیشانە بشكێنێت، ئاخر ئەگەر كەسێك لە دنیای عیشق و دڵداریدا ژیانی نەكردبێت و خاوەن وتار نەبووبێت چۆن دەتوانێت دەستمایەی زمان و شیعری عاشقانەی هەبێت! یان كەسێك نەزانێت دنیای بیركردنەوەی فەلسەفی چۆنە، چۆن دەتوانێت خاوەنی زمان و شیعری فەلسەفی بێت، بە پێچەوانەشەوە، ئەو شاعیرو نووسەرانەی كە لە ژیان و گوتاردا دارای ئەو هەلومەرجە تایبەتییەن، دەتوانن هەموو لایەنەكانی بەكارهێنانی زمان و وتار بنووسن یان شارەزابن و تەنانەت دەتوانن لە دەروونی زمان و وتاری مەبەستدا لایەنی دەروونیی و كنایەتی وا بنووسن كە بێگومان كەسانی دیكە نایزانن، رێگا زانین بۆ تواناكانی مانا، لەدوای شارەزابوون لە زمان و وتار، نووسەر یان شاعیر دەبات بەرەو رووناكیی و خەرمانەكان (یان بەرهەمەكانی) زمان و ژیان و گوتار (دیارە ئەوەی كە لەلای شاعیر مەبەستە)و لەم زەمینەیەشدا بێگومان مانای جوان و قووڵ یان ناسینی بەهای مانایی و زمانەوانیی وتارو نیشاندان و نووسینی جۆرێك لە هونەرو داهێنان لە بەرهەم و شیعردا دەنەخشێنرێت.
ژیان و گوتاری شیعر یان ئەزموونیی، ئاوێتەی زمان و شیعر لە دیاردەو ئەزموونە مرۆییە تایبەتییەكانەوە لە رەوشی تاكانەو تایبەتی نووسین و لە رێگای زمانەوە بەرەو ئەزموون و رەوشی گشتیی یان نەتەوایەتی دەچن و بەرەو قەڵەمڕەوی گشتیی مرۆڤایەتیی هەنگاو دەنێن، ژیان و ئەزموونی تایبەتی شاعیر كە هەندێكجار لەوانەیە یەكجار رووبدەن، كە دەگاتە لای خەڵك و خوێنەر وا لەوان دەكات لە رێگای شیعری داهێنەرو هونەرییەوە ببێتە ئەزموونی هەمیشەیی و بەردەوامی خەڵك و ئەوان بكات بەهاوبەش و هاونەوای شیعر، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ژیان و گوتارە لە رەوشی تاكانەو داهێنەری شیعر كەم نابێتەوە.

6- زمانی هونەریی شیعر
زمانی شیعر رەنگین و ئاوازین و گەرمەو لە ناڕۆشنیی (ابهام)و ئاماژە هونەرییەكانی (الایهام الفنی) زمان زۆرترین بەهرە وەردەگرێت و چەند لایەنیی و چەند مانایی واژەكان دەبنە دەستمایەی كاری شاعیرانە لەگەڵ زماندا، بەڵام زمانی لۆجیكی (فەلسەفی و زانستی) دوورە لە رەنگ و ئاهەنگ و گەرمی زمان و هەتا زیاتر دووركەوێتەوە لە زمانی سروشتی بەرەو پەناگەی زمانی نیشانەكانی ماتماتیكی و خاڵی لە ئیبهام و ئیهام رێگا دەگرێت، ئایا ئەم رەوشە دوو نمانییە لە (راستیی)، ئاراستەیەكیان كە زمانی سروشتی و شیعرییە بەرەو مەنزڵی جوانیی دەچێت و ئاراستەكەی دیكەیان كە زمانی لۆجیكییە، بەرەو دنیای ماماتیك و ژمارەكان دەكەوێتە رێ.
زمانی شیعر بەستێنی زمانی سروشتی بەجێناهێڵێ یان وێڵی ناكات، ئەگەر چی لەو پاناییەشدا رەفتارو وتاری تایبەتی خۆیشی هەبێت، بەڵام لە گەوهەری زمانی سروشتی، زمانی (دایكانە)ی خۆی، كە ئاوێنەی بوون و مێژوو و ئەزموونی نەتەوەییە، زۆرترین بەهرەمەندی بەرهەمدێنێت، هەرچی لەم لایەنەدا زیاتر بەهرەمەندبێت زۆرتر شاعیرانە دەبێت، زمانی سروشتی بەرینترین مەیدانی خۆی لە زمانی شیعردا دەدۆزێتەوەو لەم گەشتەدا وێڕای دۆزینەوەو پەیداكردنی راستییەكانی زمان، بەڵام راستییەكی دیكەش دەدۆزێتەوە كە حەقیقەتی (جوانیی)ە لە زماندا و ئەم راستییەش دەبێتە زەمینەو دەستمایەی شیعر لە دەرباری زماندا.
زمان و شیعر، وێڕای دارابوون لە تایبەتمەندی سروشتی و جوانیی، بەڵام هەروەكو خودی پەیامی زمانی ئاسایی، بەرەو جیهانی مرۆیی دەچن یان هەروەكو زانستی زمان دەڵێت بەرەو دنیای پەیوەندییەكان دەچن كە پەیوەندییە مرۆییەكانە، جیهانی مرۆیی هەر بەتەنها لە پەیوەندیی ئاسایی و رۆژانەو لۆجیكیدا نامێنێتەوە، بەڵكو بەرەو جیهانی بەهایی و مانایی دەچێت، واتە جیهانێك كە تیایدا هەرشتێك بەپێی بەهاو مانای خۆی رەوش و جێگای دەبێت، ئەو كاتەی كە بەهاو ماناكان دێنە ژووانی زمان، پەیوەندیی خودان دەبێت لە چەند مانایی و چەند ئاوازیی و چیدی هیچ شتێك یەك و هەمان نابێت، بەڵكو هەر شتێك بەپێی رەوش و جێگای بەهاو مانایی بەرەو دیدگاو روانگەی دیكە دەچن، ئەم گەشتەی زمانی مرۆیی هاوكات لەگەڵ بەهاو ماناكان و فرەیی ئەو بەهاو مانایانە، بەرەو دنیای ئاكاریی یان ئەخلاقی دەچێت، یان بەهۆی ماناو بەهاوە دنیایەكی دیكە ئافەرین دەكات كە دنیای ئەخلاقە، لێرەوە زمان بە هەرسێ پێكهێنەرە مرۆییەكەیەوە (بەها، ماناو ئەخلاق) ئەزموونی مرۆیی تاكانەو گشتیی بەرهەمدێنێت یان بەرەو ئەو ئەزموونە كۆچەكەی دەبات، كاری شیعر لەم گەشتەی زماندا، هەرچەند شاد دەبێت بە ژووانیی پەیوەندییە مرۆییەكان لە بەها، ماناو ئاكاردا، بەڵام دەتوانێت جۆرێك لە پاكژكردنەوەو جوانكردنی ئەو بەهایانە لە خۆیدا بەرهەمبێنێت، زمان بەهۆی شیعرەوە چیدی تەنها هۆكاری پەیوەندیی نییەو تەنانەت لەوەش فراوانتر دەڕوات كە دۆزینەوەی بەهاكان بكاتە پەیام، بەڵكو جیهانی تایبەت بەخۆی لە جیهانی زماندا بەرهەمدێنێ و رەنگ و روو، بۆن و عەتر، چرپەو ئاوازو ئاهەنگ دەخاتە ناو زمانەوەو دەچێتە خزمەتی عیشوەو نازی دڵبەرانی جیهانی تازە كە لە دەروون و هەست و ئەزموونی شیعردا چاوەڕوانن!

7-خۆڕووتكردنەوەی زمان و شیعر
گەشتی زمان و شیعر هەروا بەرەو مەبەست دەچێت و هەمووشمان دەزانین كە كەس نییە لە گەشتی درێژخایەندا ماندوونەبێت و كۆڵ و بەرگەكانی فڕێ نەدات بۆ مەلەكردن یا خۆشووشتن، هەروەكو چۆن جەستەی مرۆڤ دەبێت بە بەرگەكانی ئاسایی و حەیاو ئەدەب خۆی بپۆشێ و هەندێكجار وا جوان خۆمان دەپۆشین، مەگەر ئەو پۆشینە هەر لەلای یار یان دڵداران هێندە دڵنشین بێت، زمانیش، هەروەكو ئێمە، رەنجدەدات بۆ خۆپۆشین و بەرگی جوان و ئاڵوواڵا لەبەردەكات بۆ ئەوەی جوان بنوێنێت و لێرەدا دەبێتە زمانی شیعر، ئەو كاتەی كە شیعر بەهۆی زمانی حەیاو ئەدەب و بە بەرگی جوانەوە جیلوەی دێت، بێگومان جوان و دڵبەر دەبێت و یەكسەر هەروەكو كورد دەڵێت دەچێـتە ناو دڵەوە، جەستەش هەوەكو شیعر بە پۆشینی بەرگی جوانی رۆح جوانتر دەبێت.
بەڵام هەندێكجار و لە هەندێك شوێن و لە ئەزموونی تایبەتی هەندێك شیعردا زمان دەیەوێت رووت بێتەوەو ئەركی سەختی ئەو بەرگە جوانانەی ژیان و حەیاو ئەدەب و رۆح لەسەر شانی كەمكاتەوەو وچانێك بدات، یان هیچ نەبێت مەلەیەك بكات، هەرچۆن هەموومان پێمانخۆشە رەگەزی بەرامبەر لە جەستەی رووتدا ببینین، هەروەها شیعریش دەچێتە بۆسەی رووتبوونەوە یان رووتكردنەوەی زمانەوە، زۆریشن ئەو شیعرانەی كە لە جەستەی رووتی زماندا داهێنانی ئەدەبی گەورەیان بەرهەمهێناوە، هەوڵی شیعر بۆ رووتكردنەوەی زمان، ئەو هەوڵانەیە بۆ داكەنینی بەرگەكانی فەرهەنگ، نەریت، ئایین، سیاسەت و تەنانەت هەموو بەرگی بەهاو ماناو ئاكارەكانیش بۆ سەیری جەستەو دەروونی رووت و قووتی زمان!

8- مۆسیقاو سەمای زمان و شیعر
ئاشكراترین توخم لە زمانی شیعردا كە تایبەتمەندیی خۆیەتی لەناو هەموو بەشەكانی دیكەی زماندا، ئەوەیە كە قسەكانی شیعر هەروەكو ریتم و ئاواز، شێوەیەك لە مۆسیقای زمانی بەرهەمدێنێت كە لە دەروونەوە هەستێكی جیاوازو دڵگیر بە ناوەرۆكی خودی زمان و ئێمەش دەبەخشێت، مۆسیقای زمان بەشێكی جیانەكراوەیە لە شیعر، هەر لە شیعردا زمان مۆسیقای پەنهانیی و ناوخۆی ئاشكرا دەكات، واتە جۆشان و سەمای وشەكان كە هەر لە كاری شاعیران مەگەر پەیدا ببێت، ناسینی ئەم مۆسیقایەو (هەستكردن)ی بۆ تێگەیشتنی مانای شیعرو پەیوەندیی دروستكردن لەگەڵ جیهانی مانایی خۆی دەبێتە نیازێكی بونیادیی، ئەنگێزەی دەروونیی كە لەگەڵ مۆسیقای شیعردا لە ئێمەدا پەیدا دەبێت، ئەو هەست و سۆزەی كە لەم رێگایەوە دێتە دیدارمان، زەمینەی پێگەیاندنی (ئەندێشەی) شاعیرانەو مانای شیعر فەراهەم دەكات، واتە شاعیرانە بە ئاهەنگ و ئاوازەوە بیردەكەنەوە.
زمانی شیعر حەقیقەتی ئاهەنگینی شتەكان دیسانەوە دەڵێت، واتە ئەو راستییانەی كە لە ژیاندا زیندوو، خاوەن هەست و سۆزو سەمان، ترپەی دڵی شیعر لەگەڵ ترپەی ژیان لێدەداو بوونی گیاندارو زماندار هەستپێدەكات، مادام زمانی شیعر زمانی ژیان و زیندوو بوونە، بۆیە وشەو زاراوەكانی رەنگ و بۆن و مەزەیان هەیەو پڕن لە رەوشی بەهایی، هەر بۆیە زوو دەچنە ناو دڵ و دەروونمانەوەو لەگەڵ خۆیان عەترو تامی شتەكانمان بۆ دێنن!
ژیان لە زەمان و كاتدا روودەدات و زەمانیش بەرهەمهێنەری ئاوازو ریتمەكانە، هەر جووڵەیەك كە پەیگیر بێت ئاهەنگ و ئاوازی هەیە، لە جووڵەكانی گەردوونی ئەستێرەكان هەتا ترپەكانی دڵی ژیان لەسەر زەوی، بوونەوەری زیندوو لە تەواوی پەیكەرو ئەندامەكانی بەهۆی ریتم و لێدان و جووڵە هاوسەنگەكانەوە ژیان بەرەو ئامانج دەبات، هەر رەوشێك لە رەوشەكانی ژیانیش ئاوازو ترپەی تایبەتی هەیە كە لەكاتی دیاریكراودان، لەم رووەوە، ناسین و بەیانكردنی ئەوەی كە پەیوەندیی بە ژیان و كاتەوە هەبێت، نیازی بە ترپە و ئاوازی هاوساز هەیەو دیاریكردنی هەر یەكێك لە رەوشەكانی ئەو پەیوەندییەش، كە بەهۆی زمانەوە دەبێت جۆرێك لە هاوئاهەنگیی پێویستە، ئایا هەر بە هەمان هۆكار شیعریش پێویستی بە ئاوازو ترپەكان نابێت؟ چونكە شیعر بەیانكردنی ئەزموونەكانی ژیان و ترپەكانی كاتی ژیانەكانە.
زمانی مرۆیی هەر شێوەیەك كە بەدیهاتووەو هەر شێوەیەك نیازو پەیامی ژیانی یان كۆمەڵایەتی هەبێت و هەر شێوەیەك كە دەبێتە زەمینەی گەشەو بەردەوامیی مرۆڤ، ئەمانەش هەمان ئەو هۆكارانەن كە مرۆڤ تواناو ئامادە دەكەن بۆ فڕین بەسەر هەورازەكانی سروشت و ژیان، نیازی فڕین بۆ هێنانەدی نیازەكانی دیكەی مرۆڤ، لەپێش هەمووانەوە نیازی ئازادیی و رەهایی ترپەو جووڵەو تابلۆی جووڵەی وا لە مرۆڤدا دروستدەكات كە سەمایە یان لە سەما نزیك دەبێت، هەر ئەم زەمینەش دەبێتە سەرچاوەی دروستبوونی سەمای هەموو نەتەوەو فەرهەنگەكان سەمای زمان كە زۆربەی جارەكان لە شیعردا روودەدەن، چونكە شیعریش رووداوێكە لە زماندا پەیدا دەبێت، دەتوانێت بەهۆی ئاماژەی جووڵەو نیشانەكانی زۆرترین شتەكان بڵێت، بێگومان ئەم جووڵەو نیشانانە بەبێ ئاواز و ئاهەنگ نین، یان بەبێ ترپەكان نین كە دەبنە مۆسیقای شیعر.

9- باڵەكانی شیعرو زمان
زمانی شیعر سووكەباڵ و ئاوازدارو سەمازان و بەرز فڕە، بەڵام ئەی زمان چۆن باڵ دەگرێت و بەرەو فڕین باڵا دەبێت؟ جیاكردنەوەی زمانی شیعر لە جەستەی زمان وەكو جیاكردنەوەی باڵەكانە لە باڵندە، فڕینی باڵندە كە قورسایی تەن و هێزی راكێشانی زەوی كاریان لێناكات و بەرەو ئاسمانی سەنگینی مادەكان فەرامۆش دەكەن، ئایا ئەم تابلۆیە هەموو كات شیعرو گۆرانیمان بیرناخاتەوە، سەرەنجام لە وێنای فڕینی زماندا وا هەست دەكەین كە زمان كاتێك دەتوانێت بفڕێت كە خودان بێت لە باڵەكانی شیعر، كە بێگومان باڵی شیعریش لە زەمینەو سەرچاوەی زمانەوە پەیدا دەبن، زمان بەهۆی باڵی شیعرەوە لە زمانی پەیوەندیی و رۆژانە، بە زمانی ژمارەو هێندەكان، لە زمانی رۆژنامەو سیاسەت، لە زمانی فیكرو فەلسەفە كە هەموویان لەچاو شیعرو ئاوازی زماندا لەسەر زەوی دەخشێن، رزگار دەبێت و بەرەو ئاسمانی بێسنووری رەنگین و ئاهەنگین و سۆزینی شیعر دەچێت.
بەڵام لە جیهانی فڕینی شیعرو شاعیران، هەم بوولبوول و كەناری و پاساری رەنگین و جوان و ئاوازین دەفڕن و هەم كوندەپەپوو، قەلەڕەش و داڵەكان دەناڵن و دەلاوێننەوەو بە شوێنی ماتەمی لاشەی مردوون و هەم هەڵۆ و باز و شاهینەكان لە كەمیندان و لە باڵاییدا هەڵمەت دەبەن.

ماناو بڕواكانی شیعر
توخمێكی دیكەی شیعر، هۆشیاریی و ئاگایی شاعیرە دەربارەی راستییەكان، هەلومەرجی مێژوویی، لایەنی بیریاریی، نەریت و فەرهەنگ، و ئاگایی ئیستاتیكی (جوانناسی)، لە ئاستە جیاوازەكانی ئەو ئاگاییە شاعیر دەتوانێت شیعری داهێنەرو بەرهەمی باش لە جیهانی ماناو بڕوادا پەیدا بكات. (جیانی فاتیمۆ)ی بیرمەندو رەخنەگر بەم شێوە جوانە دەربارەی ئاگایی و هۆشیاریی ئێمە بۆ ژیان دەدوێت: (هەر شتێك كە ئێمە تیایدا دەژین و ئەزموونی دەكەین، نە زیاترە لە تەئویل و نە كەمترە لە هێرمۆنتیكا، شتەكانی جیهان لە چوارچێوەی بەهای زەینی و بیریاری ئێمەدا لێكدەدرێنەوە، بۆیە جیهانێكی تاك دەتوانێت چەند ناسینی جیاواز و مانای هێرمۆنتیكی جیاواز بەیان بكات)(15).
هیچ بەرهەمێك وەكو شیعر لەگەڵ ئەم پانتاییە هێرمۆنتیكی و چەند ئاستییەی ئاگایی سەروكاری نییەو شیعر دەتوانێت بە یارمەتی ئەم دیدە زیاتر لە ناسین و زیاتر لە هەڵبژاردنێكمان بۆ ژیان بداتێ.
گادامێر، ئاگایی و ئەزموونی (نامۆبوونی هۆشیاریی) دەكات بەسێ بەشەوە:
1- ئاگایی یان هۆشیاریی ئیستاتیكی (جوانناسی):
هۆشیاریی بەگریمانەیەك دەكات، كە نە دەتوانین نكۆڵیی لێبكەین و نە دەتوانین لەبەهای كەم بكەینەوە، بەو مانایەی كە بەشێوەی ئەرێ یان نەرێ خۆمان بە فۆرمێكی هونەرییەوە دەبەستین، بەڵام ئاگایی جوانناسی هەمیشە ئاستێكی مامناوەندیی هەیە لە كاری هونەرییدا، كە دەكەوێتە نێوان (پەسەندكردن و رەتكردنەوە)، یان وتە بەناوبانگەكەی (شارل بۆدلێر) بەرجەستە دەكات كە (ئاوێزانی نێوان جوانیی و هەڵوەرینە).
2-ئاگایی مێژوویی:
زانیاریی و لێكۆڵینەوە مێژووییەكان پێش هەموو شت ئەوە دەگەیەنن، كە سەرتاپای واقیعی ئەزموونی مێژوویی گوزارشتی خۆی لە شارەزایی و ناسینی میتۆدی مێژوویی رووتدا نادۆزێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەق، یان شیعر، یان هەر بەرهەمێكی هونەریی و بیریاریی، دەبێت لەگەڵ بابەتگەری مێژوویی مۆدێرندا رووبەڕوو بێت و بەواقیعی ئێستا داوەریی لەگەڵ نەریت و فەرهەنگی مێژووییدا بكات و شاعیر دەبێت دەربارەی بیروڕا كۆنەكان یان پێشوەختەكان هەڵوێستی جیاواز یان تایبەتی خۆی هەبێت، لەوەش گرنگتر شیعر دەبێت كرانەوەیەكی وەهای تێدا بێت، كە زیاتر لە هەڵوێستێك بۆ خوێنەر پەیدا بكات دەربارەی مێژوو، نەریت، فەرهەنگ و بیروڕا كۆنەكان.
3- ئاگایی یان هۆشیاریی هێرمۆنتیكی:
زاڵبوون بەسەر كورتبڕیی و تاكبڕیی لێكدانەوەكانی هەتا ئێستاو دووركەوتنەوە لەو وتە خراپەی كە دەڵێت: (هێرمۆنتیكا هونەری دووركەوتنەوەیە لە تێگەیشتن)، مەبەست لە ئاگایی هێرمۆنتیكی، لە راستیدا دووركەوتنەوەو فرە رۆیشتنە لە تێگەیشتنی ناوەندیی و مەغرووری مۆدێرن، بۆ ئەمەش پێویستە رێگا بگرین لە كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی (بیركردنەوەی میتۆدیی)، یان بیركردنەوەی پابەند بەڕێباز یان میتۆدێكی دیاریكراو.
شیعر دەتوانێت لە رێگای هۆشیاریی هێرمۆنتیكییەوە دەستی بگات بە زانین و تێگەیشتنی قووڵ و فرەو بەردەوام و نەوەستاو، وتە بەناوبانگەكەی هاملێت كە دەڵێت: (كێشەی گەورە لە بوون و نەبووندایە)، یەكێك لە جوانترین بەیانكردنی هۆشیارییەكانی هێرمۆنتیكی، هۆشیاریی یان ئاگایی شیعرو ناسینی ئاستەكانی ئەو هۆشیارییە، بێگومان لە پێناوی بەدەستهێنانی مانای تازەیە، یان لە راستیدا بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە مانایەكی نوێیە، چونكە ئەگەر ژیان لەخۆیدا مانای نەبووایە، تێگەیشتن بۆ هەمیشە پەیدا نەدەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی تێگەیشتن پایەدارو بەردەوام بێت، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خودی ژیان، كاتێك بە فەلسەفەی ژیان ئاشنادەبین، دەبێت لە بەرهەم و توانای شیعرییدا لەلایەن پەنهانەكانی ژیان، رۆح، هونەرو مێژوودا شارەزابین، بۆ ئەوەی بتوانین لە بەرهەمی هونەرییدا مانای نوێ یان زیاتر لە مانایەك پەیدا بكەین، پێویستە پەیوەندیی نێوان لێكدانەوەی شیعریی (كە هەمان لێكدانەوەی هێرمۆنتیكییە)و ئاستەكانی كاركردنی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئەفراندنی شیعردا بناسین:
3-1: پەیوەندیی نێوان شیعرو دیاردەكان
دووركەوتنەوە لە رێگای كورتی بوونناسیی و دیاردەناسیی، بیركردنەوەی شیعریی دەبێت لە رەوش و دیاردەو نیشانەكان فراوانتر بڕوات، هەنگاوی یەكەم یان ئاستی یەكەمی ئەم ناسینە بەوە دەستپێدەكات كە بزانین پەیوەندیمان لەگەڵ بوون و دیاردەو نیشانەكان چۆن دەبێت، كە ئەویش دەبێت وا بیانناسین وەكو ئەوانەی كە خۆیان لە راستیدا بوونیان چۆنە، نەك ئەوەی كە ئێمە چۆنیان دەبینین یان دەیانناسین، یان بیروڕا پێشوەختەكان چۆن ئەوانەمان پێ دەناسێنێت، كاتێك باسی جوانیی، عەشق و ئازادیی دەكەین، زۆر گرنگە ئەگەر بتوانین بە یارمەتی هۆشیاریمان ئەوانە وەكو خۆیان بناسین (نەك بەو شێوەیەی كە دەمانەوێت)، ئەو كاتە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو دیاردانە باشتر رۆشن دەبێتەوە.
ئێمە بەشێوەی هەنگاو بەهەنگاو لەم رێگا كورتە (ناچاریە) رزگار دەبین و دەچینە سەر رێگا درێژو لقە فرەكانی لێكدانەوەی قووڵ، دەروونیی، شیكاریی، ئیستاتیكی، بیریاریی و… هتد، واتە لە رواڵەت و دیاردەو نیشانەوە بۆ ناسینی قووڵ و فرەلایەن و بەردەوام، لە تاكناسنامەوە بۆ ناسنامەی فرە لە ئاستی تاكانەوە بۆ چەند ئاستی، لە تاك ناوەندەوە بۆ فرەناوەندو سەرئەنجام تێكشكاندنی تاكمانایی، تاكبیریی و تاكڕەهەندیی و دەستگەیشتن بە لێكدانەوەو مانای شیعریی یان (هێرمۆنتیكی).

3-2: پەیوەندیی نێوان مانای شیعریی و زمان
هەوڵی شیعر یان هێرمۆنتیكا ئەوەیە كە بچێتە ناو دەروون و ئاستەكانی زمانەوە یان لەگەڵ رووناكیی و خەرمانەكانی دەوری زماندا هاوڕێ بێت و شیعر نابێت تەنها بە رواڵەتی زمان وازبهێنێت، هەروەها شیعر دەبێت لە رەهەندی مانایی پێشوەختی زمانەوە بچێتە رەهەندی تێڕامان (تأمل)ی زمان، شیعر دەتوانێت شێوەیەك لە بوون بەهۆی (زمان، وێناو ماناوە) ئاشكرا بكات، كە هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی بوونێكی هێرمۆنیاكراو (تەئویلكراو) بێت، شیعر یان هێرمۆنتیكا بەهەڵوەشانەوەو چوون بۆ قووڵ ماناو ئاشكراكردنی رازو رەمزەكان، دەتوانێت دەستی بەڕیشەكانی تێگەیشتن بگات.
3-3: ئاستی ماناناسیی شیعر
هەوڵی شیعر بەدەستهێنانی ئەفراندنێكی تاكمانا نییە، بەڵكو گرنگیی شیعر لە مانای فرەدایە، چونكە منی شیعر هەر بە تەنها نیم و ئەوانی دیكەشم تێدایە، ژیان بوونێكی چەند مانایەو هەر بۆیە فەلسەفەی ژیان و بیری ژیان دەبێتە تەئویلی تەئویلەكان، یان مانای مانا جیاوازو فرەكان، چونكە نابێت وا تێبگەین كە (شتی) بێمانا هەیە، لەهەر بوونێكدا ماناكانی راستەوخۆ، یەكەمین، باشترین یان مانای ناوەندیی بەهۆی ئاشكراكردن و كرانەوەوە دەبێت دەستی بگات بە ماناكانی ناڕاستەوخۆ، لاوەكیی، مەجازیی، فەرامۆشكراو و سەرئەنجام لە كۆی ئەمانە: بەدەستهێنانی دنیایەكی شیعریی فرەمانا، كردنەوەی رازو رەمزەكان و رێگەدان بەمانای پەنهان و دەرخستنی ئاستە جیاوازەكانی بەڵگاندن (استدلال).

3-4: ئاستی تێڕامانی شیعر (التأمل)
تێڕامان لە تێگەیشتنی نیشانەكانی (كات)و ئەو مەبەستەی كە ئێمە دەمانەوێت لێی پەیدا بكەین. ئامانج لەم تێگەیشتنە زاڵبوونە بەسەر ماوەی دووری سەردەمە فەرهەنگیی و نەریتییە جیاوازەكانی نێوان ئێمەو كات، واتە بەڕۆژگاریكردن یان بەخودیكردنی كاتە، تێپەڕبوون لە تێگەیشتنی خود (لە ئێستادا) بۆ تێگەیشتنەكانی دیكە، واتە ژیانەوەی كاتە لە فرەییداو رزگاركردنی شیعرە لە جەبری رابردوو، تێپەڕبوون لە تاكنووسەریی و تاكمانایی و تاكمەبەستی، سەرئەنجام تێگەیشتن لە سەردەم و لە خود، لە رێگای تێڕامان و خۆشەویستی ئەوانی دیكەوە، چ شتێك هێندەی شیعر دەتوانێت ئەم سنوورانە ببڕێت؟

3-5: ئاستی بوونناسیی (وجودی)
كاری گرنگی شیعرو بەرهەمی هونەریی، خۆدەربازكردنە لە ئاگایی پێشوەخت، نەریتی، بیركردنەوەی میتۆدیی و لە واژەسازیی و هەنگاونانە بەرەو بوونناسیی وەكو خودی بوون، وتە گرنگەكەی ئەفلاتوون كە ژیان دەكات بە سێ بەشەوە: (بوون، وێناو مانا) وا دەكات كە شیعر یان بیركردنەوە لە پەتی بوون (تجرید)ەوە دەستپێبكات و بەرەو وێناو مانا بڕوات بۆ بەرهەمهێنانی بوونێكی نوێ، بۆ ناسینی (بوون)ی شیعر، دەبێت لە رەهەندی كاتیی و شوێنی (ئێستاو ئێرە) خۆمان رزگار بكەین و هەروەها خۆشمان لەو هێڵە راستەی بۆچوونی مۆدێرن بۆ كات (زمان) كە دەڵێت: رابردوو- ئێستا- ئاییندە، رزگار بكەین و شیعرانە لە رەهەندی بوون و كات بڕوانین، ئەویش ئاییندە پڕە لە ئێستاو لە رابردوو، واتە دەبێت هونەرمەندانە هەژموونی ئاییندەگەریی مۆدێرن بڕوشێنین، نەك لەناوبردنی.

بیرمەندان و فەلسەفەی شیعر
لەناو فەیلەسوفانی سەردەمی مۆدێرن، لەوانەیە (هایدگەر) تەنها كەسێك بێت كە شیعر دەكاتە بابەتی فەلسەفی، ئەو لەناو دیدگای جوانناسیدا بۆ شیعر ناگەڕێت، بەڵكو ئەگەر ئەو دەربڕینە گونجاو بێت، لە دیدگای بوون و بوونگەراییدا لە شیعر دەڕوانێت، هایدگەر بڕوای وایە كە شاعیران و بیرمەندان لە یەك نزیك بكاتەوەو تەنانەت بانگەوازی ئەوە دەكات كە شاعیران بۆ ناسینی بوون لە بیرمەندان پێشڕەوترن، هەر بۆیە بیرمەندانی مەزن شاعیرن یان شاعیرێكی مەزن دەكەنە رێنمایی خۆیان.
توخمێكی دیكەی گرنگی شیعر، شێوە یان (فۆرم)ە، شیعرەكانی ستیفان مالارێ، لەوانەیە بڵندترین نموونەی فۆرمالیزمی راستینە بن لە تەواویی مێژووی گۆڕانكاریی شیعری مۆدێرندا، بەرجەستەترین ئەنجامی هەوڵی مالارمێ بۆ وێناو پوختەكردنی شیعر لە ئاستی فۆرمدا، ئەفراندنی بەشێكە لەمەینەویترین و فەلسفەییترین شیعرەكانی سەردەمی نوێ، هەر بۆیە پوختەترین و جوانترین (پێشەكی) بۆ كۆمەڵە شیعری مالارمێ، لەلایەن (جان پۆل سارتەر) دەنووسرێت و مالارمێ و سارتەر هەردووكیان، پرسی نەبوون (عدم) كێشی هەمیشەیی و بونیادییانە.
(مۆریس بلانشۆ) یەكەمین كەس بوو كە بنەمای دەسەڵاتداری لەسەر پێكهاتەی شیعری مالارمێ ناسی، كە ئەویش (خۆكوژی)یە، (رۆلان بارت)یش لە كتێبی (كۆتایی پلەی سفر نووسین) ئاماژەی بەم خاڵە داوە، كە شیعرەكانی مالارمێ زمانحاڵی هەوڵی كوشتنی زمان و رزگاربوونە لە شەڕی ئەفسانەو نیهادی بۆرژوایی ئەدەبیات، فۆرمالیستبوونی مالارمێ فێرمان دەكات كە هیچ نووسینێك هەتا سەر بە (شۆڕشگێڕ) و خاوەن ناوەرۆكی نایاب یان (پێویست) نامێنێتەوەو پاشان چارەیەك نامێنێت مەگەر نەهێشتنی پەیوەندیی و نووسین (وەكو شێوازی رامبۆ)، یان نووسینی شیعرێك ئامانجەكەی خۆكوژیی و نابوودیی شیعر بێت.
مالارمێ رێگای دووەم هەڵدەبژێرێت و تێدەكۆشێت تا وشەكان لە هەر دەنگدانەوەیەكی فەرهەنگیی و ئایدیۆلۆژیی رزگار بكات و رۆنیشتن (الترسب)ی مێژووی نەزانیی و نەریتی توندوتیژیی و هەژموونگەرای كۆمەڵایەتی دایبماڵێت، ئەو وەكو مامۆستا خۆشەویستەكەی (ئادگار ئالان پۆ) دەخوازێت هەتا (مانای پاكترو پوختتر بەوشەكان بدات)و پوختر ئەفراندن بكات، لە دیدی سارتەردا، دەرگیری هەمیشەیی مالارمێ، لەگەڵ نەبوون و پەیدابوونی بنەمای فەلسەفی ماناو فەرهەنگدایە، لەلای سارتەر مالارمێ پێش (فریدریك نیچە) ئاماژەی بەدەركەوتنی (نیهلیزم) و پەیوەندیی قووڵی بە مۆدێرنەوە كردووەو سەردەمێكی زۆر بەر لە(كامۆ)ش باسی لە (میتافیزیكی خۆكوژیی) كردووە، مالارمێ، بەبێ ئاگاداری لە بەرهەمەكانی (نیچە)و (كەیركیگۆر) بەتەواویی دەستی گەیشت بە زارەوە نیچەییەكانی (رێكەوت)و (بەخت)، بەڵام (ماتریالیزمی بەدبینی) مالارمێ، كە تاڕادەیەك یادەوەریی چوارینەكانی (عومەر خەییام)مان بیر دەهێنێتەوە، وا دەكات بەشێوەی تەواو نابوونگەرایی یان لە راستیدا بەشێوەی هیگڵی دەستی بگاتە ئەو زاراوە فۆرمالیستانەو شیعرەكانی ئەو بەڕاستی ئاستێكی گرنگ لە شیعردا پەیدا دەكەن، كە ئەویش شێوەو فۆرم و كاریگەرێتیی لەسەر ئەفراندنی شیعری خاوەن ناوەرۆكی فۆرمالیستی، ئەگەر هەوڵی مالارمێ بۆ بەدەستهێنانی فۆرمالیزمی پوختەو نایابی شیعر، ببێتە هۆی ئەفراندنی ماناو راستینەی فەلسەفی، ئەو كاتە ئازایانە دەڵێین وتارەكەی سارتەریش، پەیداكەری شەیدایی و هەژموونی بەرهەمێكی ئەدەبیی پەتیی جوانە.
(دیاردە ناسیی شیعر) پێشەكی كتێبی (بۆتیكای فەزا)ی بەرهەمی گاستۆن باشلارە، ناوبانگی باشلار لە راستیدا قەرزاری نووسین و لێكۆڵینەوەكانییەتی لە فەلسەفەی زانستدا، بەجۆرێك كە لەم زەمینەیەدا بە خاوەن دیدو رێبازی تایبەتی زانستیی دەناسرێت، بەرهەمە ناوازەكەی باشلار، باسی (دەروونناسی ئاگرو بۆتیكای خەیاڵ) دەكات كە لەوێدا جگە لە دیاردەناسی و دەروونناسی، دەروون شیكاریی فرۆیدیش كاریگەریی لەسەر ئەندێشەی باشلار هەیە، لە (بۆتیكای فەزا)ی شیعردا، باشلار بەشێوەی جۆراوجۆر كەشی وا پەیدا دەكات كە دەبنە هۆی راكێشان و كۆبوونەوەی خەیاڵدانی شیعری (التخیل الشعری)، لەم وتارەدا باشلار تێدەكۆشێت چەمكی وێنای شیعری لە رێگای شیكردنەوەی دیاردەناسیی و دەروونشیكارییەوە رۆشنتر بكاتەوە.
بیروڕای ناو شیعر، توخمێكی كاریگەرە بۆ نووسینی شیعر و مرۆڤ هەر چۆنێك پەتی بێت، بەڵام هەر لە بڕوا دانەماڵراوە، (بڕوای ناو شیعر: شیعر و بڕوا لەلای ت.س.ئەلیوت)، بەشێكە لە كتێبێك دەربارەی شیعرو بڕوای ئەلیوت، كە لەلایەن شاعیرو رەخنەگرو شانۆكاری ئینگلیزی-ئەمریكی (كریستیان شمیدت) نووسراوە، بڕواكانی شاعیر لەو پرسانەن كە خوێنەران و رەخنەكاران بۆی دەگەڕێن، بەڵام ئەم كارە، هەروەكو دیاردە، سادە نییە و ناتوانرێت بڕواكانی شاعیر وەكو بیری فەیلەسوف یان بیرمەند لەناو وشەو زاراوەو گوزەرەكانی ناو نووسین (شیعر) بەدەست بێت، ئەلیوت، وەكو رەخنەگرو شاعیرو خوێنەر، هەڵوێستی ئەدەبی لەگەڵ بڕوادا ئاوێزان دەكات و بۆ باشتر بەیانككردنی پرسی بیروباوەڕ لەناو شیعردا، پەنا دەبەینە بەر وتەیەكی گرنگی گادامێر: (ئامانجی زمان گەیشتنە بە فیكر، و ئامانجی بیریش گەیشتنە بە شیعرو ئامانجی شیعریش لە مۆسیقادا بەدی دێت).
سەرەنجام باوەڕ لە شیعردا بەشێوەی مۆسیقا بەرەو تەجریدو رووتكردنەوە دەچێت، نەك لایەنگریی لە بڕوایەكی دیاریكراو، شاعیر دەبێت هێندە ئازاد بێت لە بڕوا پێشوەختەكان، تەنانەت ئازادبێت لە بڕواكانی خۆیشی بۆ ئەفراندنی كەشێكی شیعریی ئازاد، هێمن دەڵێت: خۆم گومانم هەیە لەوەی كە هەم یان نیم، ئەمەش پاش ئەوەی بەزۆر شێوەو بەیانی جۆراوجۆر باسی خۆی و نەتەوەكەی دەكات لە قەسیدەی (بوولبوولی باڵشكاو)دا.
(شیعری پوخت و سیاسەتی پوخت) یان شیعری پەتی و سیاسەتی پەتی، بەشێكە لە كتێبی (حەقیقەتی شیعر)ی (میكایل هامبۆرگەر) كە باس لە رەوش و كێشەكانی شیعری مۆدێرن دەكات، هەر لە بۆدلێرەوە هەتا دەیەی 1960، ئەم كتێبە یەكێك لە كتێبە باشەكانە دەربارەی كورتەی مێژووی رەخنەیی بۆ شیعری مۆدێرنی رۆژئاوا، هامبۆرگەر لە پێنج زماندا شارەزایە: ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی و ئیسپانی و زۆر ئاشنایە لەگەڵ ئەدەبی ئەوروپی و ئەمریكی و بەتایبەتیش لە شیعردا، شیكردنەوەكانی ئەو دەربارەی تایبەتمەندیی و ناكۆكیی و گۆڕانەكانی رێبازگەلی شیعری مۆدێرن و لە باری تێورییەوە زۆر دەوڵەمەندو خاوەن نموونەو بەڵگەی پێویستە.
شارەزایی هامبۆرگە لە هەموو رووخسارە بەرجەستەكانی شیعری مۆدێرن بەجۆرێكە كە راستینەی شیعر وەكو پرسێكی ئەنتۆلۆژی تەماشا دەكات، هامبۆرگەر بۆ شیكردنەوەی نێوان شیعرو سیاسەت روو دەكاتە ئەزموونی تایبەتی و پێویستی خودی شاعیران و لەو رێگایەشەوە هەندێك لە رەهەندەكانی سیاسەتی شیعری مۆدێرن ئاشكرا دەكات، لەلای هامبۆرگەر گرنگترین خاڵ ئەوەیە كە چۆن بەرهەمی شیعری بەیارمەتی لۆجیك و هێزی دەروونیی و خودی، وەكو بەرهەمێكی تایبەتی دروست دەبێت، شیعر نەك تەنها بەسەر ئەفسانەو درۆكانی سیاسەتی رابردوو، ئێستاو ئایندە سەردەكەوێت، بەڵكو تەنانەت بەسەر نییەت و پێش داوەرییە ئایدیۆلۆژییەكانی خودی شاعیریشدا زاڵ دەبێت، بەرهەمی شیعری بەوەفادار مانەوە بۆ لۆجیكی خودی و دەروون باوەڕی خۆی دەتوانێت یارو هاوڕێی راستی بێت و لەم مانایەدا هەر شیعرێكی باش لە خۆیدا شیعرێكی سیاسییە، شیعری ئەفرێنەرو هونەریی، دەتوانێت ئاگای لە ناكۆكیی شاراوەی ناو چەمكی فۆرم و شكستی ئامانجی نایابدا هەبێت و ئەو شیعرە دەتوانێت بەدیهێنەری دیالەكتیكی مەنفی بێت، كە سەختی و توندیی پۆزەتیفانەی ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری ریسوا دەكات(16).

سەرچاوەكان:
(1)ارغنون (فصلنامە فلسفی، ادبی، فرهنگی) شمارە 14، زمستان 1377، ژمارەی تایبەت بەشیعر ل یك.
(2)هـ.س.پ. ل 154.
(3)داریۆش اشوری، شیعرو اندیشە، نشر مركز، چاپ سوم 1380، ل 132.
(4)هـ.س.پ. ل 20.
(5)والتر بنیامین، دربارەی برخی ازمچامین و دستمایەهای شعر بودلر، ترجمە مراد فرهادپور- ارغنون (14) ل 28.
(6)ایور ارمسترانگ ریچاردز، اصول نقد ادبی، مترجم: سعید حمیدیان، شركت انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ دوم، 1388، ل 61.
(7)ت.س.الیوت، فائدە الشعر وفائدە النقد، ترجمە وتقدیم الدكتور یوسف نور عوچ، دار القلم، بیروت 1982 ص 8.
(8)داریوش اشوری، هـ.س.پ. ل 68.
(9)جان لچت، پنجاە متفنكربزرگ معاصر (از ساختارگرایی تا پسا مدرینتە)، ترجمەی محسن حكمی، انتشارات خجستە، چاپ اول 1377، ل 217.
(10)داریوش اشوری، هـ.س.پ. ل 68.
(11)براین مگی، مردان اندیشە (پدیر اورندگان فلسفە معاصر)، ترجمە عزت الله فولادوند، نشر گرح نو، چاپ سوم 1382.
(12)هرمونتیك مدرن، گزینەهای جستارها، ترجمە بابك احمدی و مهران مهاجر و محمد نبوی، تهران چا دوم 1379.
(13)سرگشتگی نشانەها، نموونەهای از نقد پسامدرن، گزینش ویرایش مانی حقیقی، نشر مركز، چاپ دوم 1378 ل 280.
(14) بۆ نووسینیس ئەم بەشە سوود زۆر لەنووسینی (زبان، زبان شعر، شعر زبان)ی داریوش ئاشووری لەكتێبی (شعرو اندیشە) وەرگیراوە ل 5- 42.
(15)هرمنوتیك مدرن، هـ.س.پ. ل.
(16)بۆ نووسینی بەشی (بیرمەندان و فەلسەفەی شیعر) سوودی زۆرم لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە: (ارغنون (شمارە 14) فصلامە فلسفی، ادبی و فرهنگی، زمستان 1377 (ژمارەی تایبەت بە شیعر).

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.