لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو 44 كەس لە شارە جیاجیاكانی ئێران و لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە ئێعدام كراون.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییەكانی مافی مرۆڤ، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی مانگی جۆزەردان 2 كەس بە تاوانی ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێكسی لە شاری بابەك لە پێش چاوی خەڵك لەسێدارە دران و ژنێكی 32 ساڵ تەمەنیش بە تاوانی كوشتنی مێردەكەی ئێعدام كرا.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە، سەرلەبەیانیی رۆژی رابردوو 5 كەس لە زیندانی ناوەندیی شاری كەرەج لەسێدارە دران و 11 كەسیش لەوانە 3 ژن لە زیندانی بەندەرعەباس بە تاوانی بازرگانیی بە مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دراون كە ناوی پیاوەكان بەمچەشنەیە “چراغ گوشاد 38 ساڵە و خەڵكی سیستان و بەلوچستان، فەرهاد مەنافی 58 ساڵە و خەڵكی ورمێ، محەمەد شەفیعی جەم 63 ساڵە خەڵكی خوڕەم ئاباد، گوڵ محەمەد شەهدادی 33 ساڵە و خەڵكی زابۆل، عەبدولمەجید پەرەند ئاوەر 65 ساڵە خەڵكی بەندەر عەباس، خان میرزا جەعفەری 57 ساڵە خەڵكی تەبرێز، مەنسور موختار نژاد 40 خەڵكی زاهیدان، حەسەن میرزایی 25 ساڵە و خەڵكی كەرەج”.
هەر سەرلەبەیانیی دوێنێ دووشەممە 18ی مانگی جۆزەردان 11 كەس لە زیندانی قزڵحساری كەرەج بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان ئێعدام كران و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە لە ماوەی رۆژانی رابردوو 35 كەس لەم زیندانە بە مەبەستی ئێعدام رەوانەی ژووریی تاكەكەسی كرابوون.
لە لایەكی دیكەوە 6 هاوڵاتیی كورد بە ناوەكانی “بێهروز دەروێشی، نوسرەت عەباسی، محەمەد بەهائەدینی، خورشید عەباس نژاد، بێهنام خەلیل پوور و رەسوڵ محەمەدی” لە زیندانی ورمێ بە هەمان تاوان لەسێدارە دران.
هەروەها لە زیندانی ناوەندیی قائێم شەهر لە پارێزگای مازەندەران بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ لەسێدارە درا.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە رۆژی یەكشەممەش 7 كەس بە تاوانی بازرگانی كردن بە مادەهۆشبەرەكانەوە لە زیندانی شیراز لەسێدارە دران.
شایانی باسە، رێژەی ئێعدامەكانی لە ماوەی رابردوو بە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر لە ئێران زیادی كردووە و راگەیاندنەكانیش تا ئێستا بە چاوی بایەخەوە لەم بابەتە گرنگە نەیان روانیوە.