لە ماوەی 2 رۆژی رابردوو 36 كەس لە ئێران ئَعدام كراون كە لانیكەم 6 كەسیان كوردن و 3 كەسیشیان ژنن.
بە پێی راپۆرتی هرانا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 11 كەس لەوانە 3 ژن لە زیندانی بەندەرعەباس بە تاوانی بازرگانیی بە مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دراون كە ناوی پیاوەكان بەمچەشنەیە “چراغ گوشاد 38 ساڵە و خەڵكی سیستان و بەلوچستان، فەرهاد مەنافی 58 ساڵە و خەڵكی ورمێ، محەمەد شەفیعی جەم 63 ساڵە خەڵكی خوڕەم ئاباد، گوڵ محەمەد شەهدادی 33 ساڵە و خەڵكی زابۆل، عەبدولمەجید پەرەند ئاوەر 65 ساڵە خەڵكی بەندەر عەباس، خان میرزا جەعفەری 57 ساڵە خەڵكی تەبرێز، مەنسور موختار نژاد 40 خەڵكی زاهیدان، حەسەن میرزایی 25 ساڵە و خەڵكی كەرەج”.
هەر سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی مانگی جۆزەردان 11 كەس لە زیندانی قزڵحساری كەرەج بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان ئێعدام كران و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە لە ماوەی رۆژانی رابردوو 35 كەس لەم زیندانە بە مەبەستی ئێعدام رەوانەی ژووریی تاكەكەسی كرابوون.
لە لایەكی دیكەوە 6 هاوڵاتیی كورد بە ناوەكانی “بێهروز دەروێشی، نوسرەت عەباسی، محەمەد بەهائەدینی، خورشید عەباس نژاد، بێهنام خەلیل پوور و رەسوڵ محەمەدی” لە زیندانی ورمێ بە هەمان تاوان لەسێدارە دران.
هەروەها لە زیندانی ناوەندیی قائێم شەهر لە پارێزگای مازەندەران بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ لەسێدارە درا.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە رۆژی رابردووش 7 كەس بە تاوانی بازرگانی كردن بە مادەهۆشبەرەكانەوە لە زیندانی شیراز لەسێدارە دران.
دەبێ بوترێ، لە ماوەی رابردوودا رەوتی ئێعدامەكان لە ئێران بە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر زیادی كردووە و لە ماوەی 2 مانگ و نیوی رابردوو لانیكەم 200 كەس بە ئاشكرا و نهێنی لەسێدارە دراون، كە كۆماری ئیسلامی لە بڵاوكردنەوەی شوناسی زۆربەی ئەو كەسانە خۆی دەبوێرێت.