فەرماندەیەكی حیزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران (حدکا) سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییانە كوێستانەكانی ناوچە سنوورییەكانی ورمێ و شنۆ، باسی لە هەندڵی قسە و باسی نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە.
لە پەیوەند لەگەڵ تێكهەڵچوونەكانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكان، فەرماندەیەكی هێزەكانی حیزبی دیموكرات بە ناوی “كەمال خزری” لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی بە ناوی كوردستان میدیا باسی لەوە كردووە، كە گەریلاكانی پەكەكە وێڕای هوشدار پێدان رایانگەیاندووە ئەم ناوچە سنوورییانە تایەت بە پەكەكەیە و دەبێ ناوچەكە بەجێ بهێڵن و چەكەكانیشیان دابنێن.
كەماڵ خزری وتوویەتی: گەریلاكانی پەكەكە پێیان راگەیاندوون كە ئێمە بۆ ئەوەیكە لەم ناوچە سنوورییانە جێگیر ببین، بە سەدان هاوڵاتیی بارزانیمان كشووە و ئەم سنوورانە بە خوێنی گەریلا سوورە.
ئەو فەرماندەیەی حیزبی دیموكرات دەڵێ: هەواڵ عەنتەر، هەواڵ كاوە و هەواڵ خەبات، 3 كەس لە گەریلاكان بوون كە هەڕەشی پاشەكشێ و كوشتنیان لە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات كردووە.
خزری دەڵێ: گەریلاكانی پەكەكە بە پێشمەرگەكانی دیموكراتیان راگەیاندووە كە لە نێوان سپای پاسدارانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان گرێبەست واژۆ كراوە و جگە لە گەریلاكانی ئێمە كەس بۆی نیە لە خاڵە سنوورییەكانەوە هاتوچۆ بكات.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە كردووە كە، ژمارەیەك لە هێزەكانی سپای پاسداران بە جلوبەرگی گەریلاوە رەوانەی كوێستانەكانی باكووری زاگرۆس لە سنووری ورمێ و شنۆ كراون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە رۆژی یەكشەممە 3ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گەریلاكانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدكا) لە ناوچەی كێلەشینی شاری شنۆ تووشی تێكهەڵچوون بوون و بەوبۆنەوە پێشمەرگەیەكی حدكا بە ناوی “قادر كەریمی” گیانی لەدەستدا و 3 كەسی دیكەش بریندار بوون.