تیمێكی شاخەوانیی كوردستان پێكهاتوو لە شاخەوانانی شاری سەقز بە سەر لووتكەی كێوی “بڵقەیس”دا سەركەوتن.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، تیمی شاخەوانیی “داڵان پەڕ” لە شاری سەقز رێكەوتی 22ی مانگی گوڵان توانیویانە بەسەر لووتكەی كێوی “بڵقەیس” دا سەركەون و شانازییەكی دیكە بۆ خۆیان و وەرزشی شاخەوانیی كوردستان تۆمار بكەن.
بە وتەی سەرپەرەستی گرووپەكە: گرووپی شاخەوانیی “داڵان پەڕ” پێكهاتوو لە 37 شاخەوانی خەڵكی شاری سەقز و دەوروبەری توانیویانە بەسەر لووتكەی بڵقەیس لە ناوچەی تەختی سلێمانی تیكاب سەركەون.
كێوی بڵقەیس لە 8 كیلۆمەتری باكووری رۆژهەڵاتی تەختی سلێمان سەر بە شاری تیكاب 2 لووتكەی بە بەرزایی 3200 میتر و 3655 میتر هەیە و لە ریزی زنجیرە كێوەكانی رۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێدایە.
پێشتریش لە ماوەی رۆژانی پێنجشەممە 10ی مانگی گوڵان تا رۆژی شەممە 12ی مانگ، دوو گرووپی شاخەوانیی “دۆستی”ی بانە و “داڵانپەڕ”ی سەقز بەسەر بەرزاییەكانی “شاهۆ” لە پارێزگای كرماشان سەكەوتن.
ئەم گرووپانە لە ریزی چالاكترین گرووپە شاخەوانیەكانی كوردستاندان و 15 ساڵە چالاكی دەكەن و جگە لەم چالاكیەش چەندین چالاكیی دیكەیان ئەنجام داوە و تا ئێستا 4 جار بەسەر شاخەكانی قەندیل دا سەركەوتوون.
جێگای ئاماژەیە، كێوی شاهۆ سێ هەزار و 390 میتر بەرزە و بەرزترین شاخی پارێزگای كرماشان دێتە ئەژمار كە لە پارێزگای سنەوە دەست پێ دەكات و بەشێك لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس دێتە ئەژمار و لە پارێزگای كرماشان و لە نزیك چۆمی سیروان كۆتایی پێ دێت و وەكوو گرنگترین و بەناوبانگترین كێوی ناوچەی هەورامان دێتە ئەژمار.