ژمارەیەك لە راوچیە هەلپەرەستەكان لە كێوەكانی دەوروبەری سنووری مەریوان دەستیان داوەتە راوكردنی نایاسایی ئاژەڵ و باڵندەكان.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، لە ماوەی رابردودا كەسانێكی هەلپەرەست لە كێوەكانی “هەزارەی میرگە” تا كێوەكانی “كانی چەرمە” هەڵكەوتوو لە ناوچەی مەریوان دەستیان داوەتە راوكردنی نایاسایی و بێ سەرەوبەری ئاژەڵە كێویەكان و باڵندەكانی ناوچەكە.
شایەتحاڵەكان و خەڵكی ناوچەكە دەڵێن: خودی حكومەتی ئێران ئەو ناوچەیە وەكوو ناوچەیەكی نیزامی راگەیاندووە و هاتوچۆی خەڵكی ئاسایی بە توندی پێشی پێ دەگیردرێت و كەسانێك كە هاتوچۆی ناوچەكە دەكەن هەموویان چەكدار و هەندێكیان ئەندامی بەسیجی ناوچەكەن و تاكوو ئێستا چەندین جار دانیشتووانی ئاواییەكانی ناوچەك بەرامبەر بەم كردەوانە ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان لە لایەن كاربەدەستانەوە پێ نەدراوەتەوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو چەند حاڵەتی نایاسایی راوكردنی ئاژەڵە كێویەكان لە لایەن كەسانی هەلپەرەستەوە لە ناوچەی “سۆمایی ورمێ” و دەشتی “بێڵ” لە ناوچەی شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ بینراوە.