كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێكە دەیەوێ لەو شوێنانەی كە دەگونجێ دیوار و لە هەندێك شوێنیش خەندەق لێبدات، ئەوەش بەمەبەستی داخستنی سنوورەكان بەڕووی كۆڵبەران و كاسبكاران و هەروەها ئەنجامدانی كردەوەی نیزامیی لە لایەن هێزە نەیارەكانی حكومەت هاتووەتە ئاراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو نەبووە تەنیا خەرجییەكی زۆرتری لەسەر دەستی ئێران داناوەو هێشتا كەموكوڕیشی هەیە.
ئێران نزیك بە 6 هەزار كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆیدا هەیە. بەڵام ئێستا “فەتحوڵڵا حوسێنی” نوێنەری قەسری شیرین، دەڵێ: ئەو كارانەی بۆ داخستنی تەواوەتی سنوورەكان ئەنجامدراون، بەپێی پێویست نین و دەبێت بودجە و پێداویستیی زیاتر بە هێزە ئینتزامی و سنوورپارێزەكان بدرێ تا بتوانن سنوورەكان بە تەواوەتی دابخەن.
حوسێنی دەڵێ: بۆ دابینكردنی باری ئەمنی سنوورەكان نابێت تەنیا پشت بە دروستكردنی دیوار و دانانی بازگە سەربازییەكان ببەسترێ، بەڵكو لەو شوێنانەی كە خەڵكی خۆجێیی سنوورنشین هاتووچۆی دەكەن دەبێت دەسەڵاتی پاراستنی سنوورەكان بە خەڵكی خۆجێیی بسپێردرێ.
نوێنەری شاری سنووریی قەسری شیرین لە مەجلیسی كۆماری ئیسلامی وتی: ئەگەر متمانە بە سنوورنشینەكان بكرێ و هاوكات دەرفەتی ئابووریشیان بۆ بڕەخسێنرێ، باری ئەمنی سنوورەكان بەباشی دەپارێزرێ. حوسێنی لە پاراستنی سنوورەكانی پارێزگای كرماشان رازییە.
بەڵام “ئەحمەد شەوهانی” نوێنەری ئیلام لە مەجلیس، بەپێچەوانەی حوسێنی پێیوایە پرۆژەی داخستنی یەكجارەكی سنوورەكان سەركەوتوو نەبووە و هێشتا بڕێكی زۆر ماددەی سڕكەر و مەشرووب بۆ نێو ئێران بە قاچاخ دەبرێ و لە سنوورەكان كێشە و نائەمنی دەبینرێ.
شەوهانی پێیوایە، تێچووی داخستنی یەكجاریی سنوورەكان زۆر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی پەیوەندیدار گلەیی لە كەمیی بودجە دەكەن.
فەرماندەی سنوورپارێزیی ناجا، مانگی رابردوو هەواڵی لە كەمبوونەوەی بودجەی ئەمساڵی پرۆژەی داخستنی سنوورەكاندا و بڕی بودجەی ئەمساڵی 72 ملیار تمەن راگەیاند. بودجەی ئەم پرۆژەیە بۆ ساڵی پار 76 ملیار تمەن بوو.
ئەحمەد شەوهانی كە ئەندامی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێرانیشە، دەڵێ: 80%ی بودجەكان تەرخانكراوە.