دانیشتنە چڕوپڕو بەئاكامەكانی دوو مانگی رابردووی یەكێتی و گۆڕان لەلایەك، دانیشتنە ناوخۆییەكانی هەڤاڵانی ناوخۆی یەكێتی لەلایەكی ترەوە واپێدەچێت تێپەڕاندنی قەیرانە سەختەكان بێت و لەداهاتوودا بگەنە میكانیزمێك كە دۆستان خۆشحاڵ و نەیاران نیگەران بكات و جۆرێك بێت لەخوڵقاندنی روداوێك.
لەناوخۆدا دوایین دانیشتنە دوو، سێ، چوار قۆڵییەكان، بەئاگاداری یان بێ بوونی لایەنی ناوبژیوانی چوار كەسایەتی یەكێتی، زۆر پۆزەتیڤ بوون و لەسەر دوو خاڵ راوەستاون، یەكەم، پاراستنی ریزەكانی یەكێتی و گەیشتن بەچارەسەری یەكجارەكی قەیرانەكان و نەرمی نواندنی هەموو لایەك بۆ ئەگەری كۆبونەوەكان و بڕیارە گرنگەكان و راپۆرتی لیژنەكان. لەئاستی دەرەوەدا دانیشتنەكانی یەكێتی و گۆڕان بەهۆی دەستەی ناوبژیوانی چوارو پێنج قۆڵی هەنگاوی باشی بڕیوە كە لەباڵاترین ئاستدا یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە. لەوەش خوارتر دروستكردنی نیمچە بەرەیەكە، هاوشێوەی حەفتاكانی سەرەتای دروستبوونی یەكێتی و گەڵاڵەكردنی هەڵوێستەكان لەو بەرەیەدا، بەڵام وا بڕیارە كۆبوونەوەی عەلەنی هەردوولا بەڕێوەبچێت و بۆچوونی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی هەردوولا لەهەولێرو بەغدا، فراكسیۆنە خۆجێییەكانی كوردستان لەسەر مەسەلەو رووداوەكانی ناوخۆ، عیراق، ناوچەكە گەڵاڵەو یەكبخات و ئەگەر بەپێویستیش زانرا رێكەوتنێكی ستراتیژی ئیمزا بكرێت.
لەهەمبەر پارتیشدا، هەردوولا هاوڕان یان رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بەبەشداری گۆڕان ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، یان رێكەوتنی ستراتیژی یەكێتی و گۆڕان یەك پاكێج بێت و لەگەڵ پارتی رێكەوتنێكی تازە وەرێبخرێت و هەردوولا ئەوەیان راگەیاندووە، كەهەموو ئەگەرو ئەڵتەرناتیڤەكانی داهاتووی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەدژی پارتی و هیچ لایەنێك نابێت.
ئەم سیناریۆو ئەگەرانە كەزۆر واقعیی و لۆژیكین، یەكێكە لەباشترین ئەگەرەكانی چارەسەری قەیرانەكانی ناوخۆو داڕشتنی ستراتیژێكی واقیعی پڕ لەدونیابینی هەموو لایەك. كە بەرژەوەندییەكانی هەموو كەس و لایەكی لەبەرچاو گرتووە و رەنگە كۆمەڵگەی كوردستانیش لێی بەهرەمەند بێت وببێتە ئاڵوگۆڕێك لەكۆی هاوكێشە ساسییەكانی هەرێمی كوردستاندا.
كۆی ئەم هەنگاو پرۆسەیە پێویستی بەكلتوری تۆلێرانس و لۆژیكی رێزگرتن لەمانیفێستی جەلالیزم و دەستگرتن بەمێژوو، قوربانی، شەهید، خەباتی شاخ و شارو گەشەپێدانی ئازادی و دیموكراسییەوە هەیە، كە هەموو، سەركردەكانی دەباشان و زەرگەتە خستویانەتە سەرشانیان.
ئەوەش سەد دەرسەدە، كە ئەم ئەركە نەك نامەحاڵ نییە، بگرە گەڕانەوەی رێزو ستایشە و لەبیركردنی هەموو قەیرانەكانی رابردووشە.
تاكە هەنگاو و ڕەهەندیشە كە هەموو یەكێتییەكانی حەفتاكان تائێستا پشتگیری لێدەكەن و شادو مورتاحیان دەكات. واتا خاڵی كۆكی ناو ناكۆكییەكانەو ئەو دەمەش ئەم بۆچوونانە دەبنە واقیعی، كەزۆر دروستە هەموو لایەك، بەتایبەتی سەركردەكان دەزانن كە لەمكارە درەنگ كەوتوون، چونكە شارو شارۆچكەكان و گەڕەك و كۆڵانەكان، بەئاڵای رەنگاو ڕەنگ دەڕازێننەوەو هەموو لایەك پڕدەبێت لەبۆن و بەرامەی سەركەوتن.
ئەمەش سەرەتای، كۆتاییە چاوەڕوانكراوەكەیە…!
بابەتی هاوپۆل
قفس، یادداشت چهارم: پیشبند “به یاد سپیده فرهان”
مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شدهام و هر دو بار در خانهی خودم؛ …