هێزە ئەمنییەتییەكانی كۆماری ئیسلامی دەیان چالاكی سیاسی عەرەب لە ئەهوازیان دەستگیر كردووە كە یەكێكیان منداڵە.
رێكخراوی لێبوردن نێودەوڵەتی و رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، دوێنی چوارشەممە 9ی مانگی گوڵان، لە راپۆرتێكدا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دەیان چالاكی سیاسی عەرەب كە لە پارێزگای ئەهواز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر كراون، دەربڕیوە.
بەپشت بەستن بە راپۆرتی ئەم رێكخراوانە و چالاكانی سیاسی، داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و بنەماڵەی دەستبەسەر كراوان ئەم دەستگیر كردنانە لە بەرەبەری دەیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانی مانگی خاكەلێوەی ٨٣ رووی داوە.
بە وتەی سەرچاوەی ئاگادار و چالاكانی سیاسی، ئەم دەستگیركردنانە بە بێ هەبوونی مۆڵەت و لەلایەن كەسانی چەكداری هێزە ئەمنییەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دەستگیركردنی چالاكانی سیاسی عەرەبی ئەهوازی دەربڕیوە و هەروەها رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە “شەپۆلی بەرینی دەستگیركردن لە ماوەی حەفتەكانی رابردوودا كە لە راپۆرتەكاندا هاتووە” نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.
حاتەم عەبیات (دانیشتوی حەمیدیە) و مستەفا حەیدەری (تەمەن ١٧ ساڵە، دانیشتوی كوی عەلەوی ئەهواز) شوناسی دو كەس لە هاووڵاتییانی عەرەبە كە لە ماوەی رۆژانی دووشەممە و سێشەممە رێكەوتی ١٧ و ١٨ی خاكەلێوە، دەستگیر كراون.
ئاماری چالاكانی سیاسی و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی دەستگیر كراو لەلایەن رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “لانیكەم ٧٨ كەس و لایەنی زۆری ١٠٠ كەس” راگەیاندراوە.
لە ماوەی رابردوودا لە دوای گیان لە دەستدانی یونس عەساگرە دەستفرۆشی خەڵكی خوڕەمشار خۆپیشاندان و تێكهەڵچونێك لە پارێزگای ئەهواز لە نێوان هێزە ئەمنییەتییەكان و خەڵكی ئەو شارە رووی دا.
یونس عەساگرە سەبارەت بە هێرش كردنی مەئمورانی شارەوانی حكومەت ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شوێنی میوەفرۆشییەكەی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو لە رێكەوتی ٢٣ی رەشەمەدا خۆی سووتاند و سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢ی خاكەلێوە، بە هۆی قوڵی برینەكەی گیانی لە دەست دا.
درێژەی رەوتی سەركوت و هەڵاواردنی مافی مرۆڤ بە تایبەت نەتەوە بندەستەكانی ئێران لە حاڵێكدایە كە لە دەوری ئەم دواییانەی هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ئێران، حەسەن روحانی بە دانی وادە و بەڵێنی باشتر كردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ و هەروەها گرینگیدان بە مافی نەتەوە بندەستەكانی دیكەی ئێران پۆستی سەركۆماری بەدەست هێنا.