حیزبی دیموكراتی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت، تاوتوێی بەستێن و چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاكی چەكداری لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات.
حیزبی دیموكراتی كوردستان لەو راگەیێندراوەدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پلینۆمی ئەو حیزبە، ئامادەبوون و چالاكی پێشمەرگەكانی ئەو حیزبە لەژێر ناوی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە گرنگ و كاریگەر لە قەڵەمدەدا و دەڵێت:” ئەو چالاكییانە كاریگەرییان لەسەر بوژاندنەوەی ورە و گیانی خەباتگێڕی خەڵك لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە”.
لە ساڵی رابردووی هەتاوی، پێشمەرگەكانی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان چەندین چالاكی چەكدارییان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەبرد كە بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو، بەپێی راگەیێندراوەكانی پارێزەرانی رۆژهەڵات، زیاتر لە 30 كەس لە هێزەكانی ئێرانیش كوژران.
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە لە پلینۆمەكەیاندا بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرەی 16یەمی ئەو حیزبە دراوە و كۆمیتەیەكی ئامادەكاری بۆ دەستنیشانكراوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە پلینۆمی پێشوویاندا، حیزبی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو بە مەبەستی یەكگرتنەوە لەگەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بەستنی كۆنگرەی ئەو حیزبە دواخرابوو. بەپێچەوانەی پلینۆمەكانی پێشوو، لە راگەیێندراوی دوایین پلینۆمی ئەو حیزبە، هیچ ئاماژەیەك بە رەوتی دانوستاندنەكانی دوو لایەنی دیموكرات بۆ یەكگرتنەوە نەدراوە.