یەكێك لە هاوڵاتییانی دانشتووی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش راوكردنی جۆرە پڵینگێكی دەگمەن لە زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس، لە تەنیشت تەرمەكەیەوە وێنەیەكی كێشاوە.
بە وتەی سەرۆكی ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ئەیوان، ئەو جۆرە پڵینگە كە “3 تا 4 ساڵی تەمەن هەبووە” لە كێوەكانی “شەڕە زۆڵ”ی شاری ئەیوان لە لایەن ئەندامێكی عەشیرەتێكی دانیشتووی ناوچەكەوە كوژراوە.
“عەلی مەحمودی” لەو پەیوەندەدا بە هەواڵنێریی حكومەتیی ئیسنای وتووە: وێڕای ئەوەیكە تۆمەتبارە سەرەكیەكە ناسراوەتەوە و رادەستی دادگا كراوە، بەڵام ناوبراو دانی بە راوكردنی ئەو جانەوەرە نەناوە و ئەو كەسانەی یارمەتییان داوە بەدەستەوە نەداوە و سەبارەت بە لاشەی پڵینگەكەش هیچ قسەیەكی نەكردووە.
بە وتەی سەرۆكی ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ئەیوان رێژەی زیانەكانی ژینگەی سەبارەت بە راوكردنی ئەو جانەوەرە 5 میلیۆن تمەن بەراوەرد كردووە و جەریمەی كەسە تاوانبارەكەش لە لایەن قازییەوە دیاریی دەكرێ.
هەفتەی رابردوویش ژینگەپارێزانی پارێزگای كەهكیلویە و بویر ئەحمەد تەرمی پڵینگێكی زاگرۆسیان لە كێوەكانی باشووری ئەو پارێزگایە دۆزیەوە، كە دەوترێ بە هۆی خواردنی داوی ژەهراوەیەوە كوژراوە.
وێڕای نەبوونی ئامارێكی تەواو لە رێژەی پَینگەكانی زاگرۆس، بەڵام بە وتەی هەندێ لە كارناسانی ژینگەپارێزیی ئەو جۆرە جانەوەرە بە هۆكارگەلێكی وەكوو راوكردن و كەمبوونەوەی خۆراك لە نێو دڵی سروشتدا و وشكەساڵییەكانی ئەم دواییانە و هەروەها ژەهراوی بوون لە لایەن خەڵكی گوندەكانەوە، لە بەردەم مەترسی لەنێوچووندان.