پارێزگای سنە كەمیی هەزار و 500 پۆلی خوێندنی لە قوتابخانەكاندا هەیە و كاربەدەستانی پارێزگا دەڵێن ئەم كەمییە دەبێ لە ڕێگەی كۆمەڵەی خێرخوازانەوە قەرەبوو بكرێتەوە.
“سەید ئەحسەن عەلەوی” نوێنەری خەڵكی شاری سنە، دیواندەرە و كامیاران لە مەجلیسی كۆماری ئیسلامی لە كۆبوونەوەی كۆڕی ڕاوێژكاریی خێرخوازانی دروستكردنی قوتابخانەی پارێزگای سنەدا وێڕای ئاماژە بەوە گوتیكە لە ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ شوێنو رادەی پێویستی دروستكردنی قوتابخانەكان نەكراوە بۆیە زۆربەی قوتابخانەكان خەریكە دەڕووخێن.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە كەمیی 1500 پۆلی دەرس لەم پارێزگایەدا گوتی، بەم بوودجە كەمەی دەوڵەت ناكرێ ئەم كەمایەسییە چارەسەر بكرێ و پێویستیمان بە یارمەتیی ئەو خێرخوازانە هەیە كە لە كاری دروستكردنی قوتابخانەكان دان.
نوێنەری خەڵكی شارەكانی سنە، كامیاران و دیواندەرە لە مەجلیسی كۆماری ئیسلامی لە درێژەی قسەكانیدا داوای كرد كە بە تەرخانكردنی بوودجەی زۆرتر قوتابخانەی زیاتر لەو ناوچەیە دروست بكرێ و ئەوەشی گوت كە لەم پارێزگایەدا دەوڵەمەندی زۆرمان هەیە بەڵام كاری خێرخوازی ناكەن.
ڕەخنەی ئەم كاربەدەستەی حكومەت لە كەمیی خێرخوازان بۆ دروستكردنی قوتابخانە لە حاڵێك دایە كە بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران خوێندن لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا بە خۆڕاییەو دروستكردنی قوتابخانە ئەركی سەرشانی دەوڵەتەو حكومەت ئەركی دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی خوێندنی لە ئەستۆیە.
لەم كۆبوونەوەیەدا ڕەشید قوربانی، بەڕێوەبەری گشریی ئیدارەی فێركردن و پەروەردەی پارێزگای سنەش ئاماژە بەوە كرد كە 1 میلیاردو 600 میلیون تمەن وەك سەرانەی قوتابیان بۆ ئەم پارێزگایە تەرخان كراوە كە ئەمە یەكجار كەمە. ئەو گوتی لەو بودجەیە هەر قوتابییەك تەنیا 3 هەزار تمەنی پێ دەبڕێ كە ئەم بڕە پارەیە هیچ گیروگرفتێكی قوتابخانەو خوێندنی پێ چارەسەر ناكا.
جێگای باسە، پارێزگای سنە 256 هەزار قوتابی هەیە كە لە كەمتر لە 3 هەزار قوتابخانەو خوێندنگەدا دەخوێنن.