حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە رێوڕەسمی نۆیەمین یادی رۆژی میللی تەكنۆلۆژی ئەتۆمیی ئێراندا، وتی: ئەگەر هەموو جیهان بڵێن دەیانەوێ بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و لەسەر بنەمای زەبر و زەنگ، بەرەوڕووی گەلی ئێران دەبنەوە، گومانم نییە كە هەموو هێزە جیهانییەكان لە بەرامبەر گەلی ئێراندا تووشی شكست دەبن.
لە هەمانكاتدا وتیشی : هەموو هێزە جیهانییەكان پشتی سەدامیان گرت كە گەلی ئێران ببەزێنن، بەڵام نەیانتوانی و ئێمە نەك هەر بەرامبەر بە عێراق، بەڵكو بەرامبەر هەموو پشتیوانەكانیشی، سەركەوتین و نەمانهێشت میلیمەترێك لە خاكی وڵاتەكەمان داگیر بكرێت.
رۆژی ٢٠ی خاكەلێوە لە رۆژژمێری ئێراندا، بە رۆژی میللی تەكنۆلۆژی ئەتۆمی دیاری كراوە و هەموو ساڵیك لەو رۆژەدا دەستكەوتە تازە ئەتۆمییەكانی ئیران رادەگەیەندرێن.
رۆحانی لەو رێورەسمەدا باسی لەوە كرد: ئەگەر ئەو كاتەی ئێمە داوای سووتەمەنی و تەكنۆلۆژی پیتاندنمان دەكرد، هێزە جیهانییەكان رازی ببووان، رەنگە هیچ باسێك نەهاتبایە ئاراوە، بەڵام ئەوان سەرەتا وتیان تەكنۆلۆژی نادەین، ئەمە گرینگ نەبوو، بەڵام قسەی دواتریان گرینگ بوو كە وتیان ناهێڵن ئێران دەستی بە تەكنۆلۆژی پیتاندن رابگات. ئەمە ئەو شتە بوو كە گەلی ئێران ملكەچی نەبوو.
ئەمڕۆ لە نۆیەمین ساڵڕۆژی ئەو یادەدا، بە بەشداریی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار و عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی دامەزراوەی ئەتۆمی، وەزیری ئیتلاعات، وەزیری وزە، وەزیری تەكنۆلۆژی پەیوەندییەكان و چەندین كاربەدەستی دیكەی ئێرانی و كۆمەڵێك لە باڵیۆزی وڵاتانی بیانی، پەردە لەسەر سێ دەرمانی ئەتۆمی یان رادیۆئەكتیڤی و چەند بەرهەمێكی دیكەی ئەتۆمی لابرا.